شکستی ناتانیاهۆو ئایزنکۆت لەمسۆگەرکردنی 61 کورسی؛ چوار ڕێگه‌ی یەکلاکەرەوە لەبەردەم ئیسرائیلدایە بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتی نوێ

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2201 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئیسرائیل کە بەرزترین ڕێژەی پشکداریی دەنگدانی لەچەند دەیەی ڕابردودا بەخۆوە بینی‌و گەیشتە 77.7٪، نەبوە هۆی هێنانەکایەی زۆرینەیەکی ڕون بۆ هیچکام لەبەرە ڕکابەرەکان؛ ئەمەش وڵاتەکە دەخاتە بەردەم چوار سیناریۆی ئەگەری، بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.

 

به‌گوێره‌ى ڕاپرسییەکانی کاتی چونەدەرەوەی دەنگدەران لەبنکەکانی دەنگدان، بەرەی ئۆپۆزسیۆن پێشڕەوییەکی زۆر کەمی بەسەر بەرەکەی بنیامین ناتانیاهۆدا تۆمارکردوە، بەڵام هێشتا دورە لەهێڵی زۆرینە کە 61 کورسییە لەناو پەرلەماندا؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە دەسەڵاتی داهاتوو لەلایەن ئەو سەرکردەیەوە پێکدەهێنرێت کە سەرکەوتوو دەبێت لەڕێکخستنی هاوپەیمانێتییەکدا.

پێشبینییەکانی ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، بەرەی نەیاران بەڕێبەرایەتیی گادی ئایزنکۆت سەرۆک ئەرکانی پێشوو،  لەنێوان 52 بۆ 53 کورسی بەدەستدەهێنێت، لەبەرامبەر 50 کورسی بۆ بەرەکەی ناتانیاهۆ، هاوكات هەردوو لیسته‌ عەرەبییەکە دەستکەوتی گەورەیان تۆمارکردوەو ڕاپرسییەکان لەنێوان 17 بۆ 18 کورسییان به‌ده‌ستهێناوه‌.

ئاژانسی فرانس پرێس چوار سیناریۆی ئەگەریی بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتی داهاتوو دەخاتەڕوو ئه‌وانیش:
1ـ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی. [فرانس برس]
پارتەکان دەستبەجێ گفتوگۆکانیان دەستپێدەکەن بۆ گەیشتن بەهێڵی 61 کورسی لەناو پەرلەمانی پێکهاتوو لە 120 کورسی، بەڵام بەدیهێنانی ئەمە زۆر ئاڵۆز دەبێت، ئیسحاق هێرتسۆگ سەرۆکی وڵاته‌كه‌ گفتوگۆکانی لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکان ئەنجامدەدات‌و ناوی ئەو كاندیده‌ ڕادەگەیەنێت کە زۆرترین چانسی هەیە؛ مەرجیش نییە ئەوکەسە لەو پارتە بێت کە زۆرترین کورسیی هێناوە، بەڵکو دەدرێتە ئەوکەسەی لەبارودۆخێکی باشتردایە بۆ مسۆگەرکردنی کورسیی پێویست لەپەرلەماندا.

پارتە عەرەبییەکان، بەتایبەت لیستى عەرەبیی یەکگرتوو (ڕاعەم)  ئامادەیی خۆیان بۆ کارکردن لەگەڵ بەرەکەی ئایزنکۆت نیشانداوە، بەڵام ناوبراو پێشتر حەزیكردوه‌ دورەپەرێزبێت لێیان‌و پێیوابوه‌، پاڵپشتیی ئەوان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دەبێتە بارگرانیی بەسەرییەوە، سەبارەت بەبەرەکەی ناتانیاهۆش، هیچ بژاردەیەکی ڕونی لەبەردەمدا نییە بۆ ڕاکێشانی کورسیی زیاتر، پاشئەوەی چەندین پارتی بچوکی ڕاستڕەو فەشەلیانهێنا لەبڕینی ڕێژەی پێویست بۆ چونە ناو پەرلەمان.

ئەم گفتوگۆیانە ڕەنگە درێژخایەن‌و تاقەتپڕوکێن بن بەهۆی دەستگرتنی پارتەکان بەبەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیانەوە، کە ئەمەش دەسەڵاتێکی ناسەقامگیر بەرهەمدەهێنێت، لەپاش هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو لەتشرینی دوەمی 2022دا، ناتانیاهۆ پێویستی بە 58 ڕۆژ بوو بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتەکەی.

2ـ دەسەڵاتی کەمینە (حکومەتی کەمینە)
ئەگەر چ هیچ بەرەیەک سەرکەوتونەبوو لەزامنکردنی 61 کورسی، كاندیدێك دەتوانێت هەوڵبدات بەبێ زۆرینە فەرمانڕەوایی بکات‌و بۆ تێپەڕاندنی بڕیارەکانیش پشت بەدەنگی یاسادانەرانی دیكه‌ ببەستێت به‌گوێره‌ى جۆری دۆسیەکان، لەم سیناریۆیەدا، نوێنەرانی کەمینەی عەرەب کە 20٪ی دانیشتوان پێکدەهێنن، دەتوانن ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕن.

لیستى عەرەبیی یەکگرتوو (ڕاعەم) بەڕێبەرایەتیی مەنسور عەباس پێشتر ڕۆڵی (پاشاساز)ی گێڕا کاتێک بوو بەیەکەم پارتی عەرەبی کە بچێتە ناو دەسەڵاتێکی ئیسرائیلەوە لەناو هاوپەیمانێتییەکدا کە بۆ ماوەیەکی کورت لەنێوان ساڵانی 2021و 2022 بەڕێبەرایەتیی نەفتالی بێنێت‌و یائیر لافید فەرمانڕەوایی کرد.

(ڕاعەم) ئامادەیی خۆی بۆ کارکردن لەگەڵ بەرەی ئایزنکۆت دەربڕیوە، لەکاتێکدا لیستى هاوبەش پێشنیازی دابینکردنی "تۆڕی ئاسایشی" کردوە بۆ هەر هاوپەیمانێتییەک کە ناتانیاهۆ لەدەسەڵات دوربخاتەوە، تال ئیلۆڤیتس شیکەرەوەی سیاسیی ڕایگەیاند، ڕێژەی بەرزی بەشداریکردنی عەرەبەکان ئاماژەیە بۆ ویستێکی بەهێز بۆ هاوبەشێتی، بەڵام ئایزنکۆت لەسەرتاسەری بانگەشەکەیدا هیچ ئامادەییەکی ئاشکرای تەنانەت بۆ تاوتوێکردنی ئەم ئەگەرەش نیشان نەداوە، لەکاتێکدا ناتانیاهۆ بەدەنگدەرە جولەکەکانی دەگوت کە دەنگدان بەنەیاران، عەرەبەکان دەهێنێتە ناو دەسەڵاتەوە.

ئیلۆڤیتس ڕونیکردەوە، "لەکۆتاییدا، لەئێستادا وا دەردەکەوێت کە ئەگەری پێکهێنانی دەسەڵاتێکی کەمینە بەسەرۆکایەتیی ئایزنکۆت لەئارادایە، بەڵام ئەمە ڕەنگە به‌گوێره‌ى دەرەنجامە کۆتایییەکان بگۆڕێت".

3ـ حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی
سەرەڕای ئەوەی بژاردەی پێکهێنانی دەسەڵاتێکی یەکێتیی نیشتمانی بابەتێکی دورە لەژێر سێبەری ئەو دابەشبونی‌و جەمسەرگیرییە توندەی ئیسرائیل بەخۆوەی دەبینێت، بەڵام لەڕوی تیۆرییەوە هێشتا وەک گونجاوترین سیناریۆ سەیر دەکرێت بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتێکی کەمتر توندڕەو، شیکەرەوە سیاسییەکان چەندینجار گریمانەی پێکهێنانی دەسەڵاتێکی یەکێتیی نیشتمانییان تاووتوێکردوە کە تێیدا ناتانیاهۆ دەستبەرداری هاوپەیمانە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی‌و پارتە ئاینییە توندڕەوەکان ببێت، تا هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئایزنکۆتدا بکات کە لەسەر چەندین مەلەفی ئەمنی تێڕوانینی هاوبەشیان هەیە، هاوپەیمانێتییەکی گەورەی لەمشێوازە پارتە عەرەبییەکان دوردەخاتەوە.

ڕاپرسییەک کە لە 16ى ئه‌م مانگه‌دا بڵاوکرایەوە، نیشانیدا کە 55٪ی ئیسرائیلییەکان پێکهێنانی دەسەڵاتێکی یەکێتیی نیشتمانی بەباشتر دەزانن وەک لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ ئەگەر دەنگدانەکە نەبێتە هۆی واڵاکردنی زۆرینەیەکی ڕون، ئەم سیناریۆیە پێشینەیەکی نوێی هەیە؛ چونکە لەساڵی 2020دا، ناتانیاهۆو بینی گانتس (کە ئەویش وەک ئایزنکۆت ژەنەراڵێکی خانەنشینکراوی تەیاری ناوەڕاستە)، گەیشتنە ڕێککەوتنێک لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لەپاش سێ هەڵبژاردن کە لەماوەی کەمتر لەساڵێکدا ئەنجامدرابون، تێیدا بڕیاربوو سەرۆکایەتیی حکومەت بەنۆرە بێت واته‌ ده‌ستاوده‌ست بكرێت، بەڵام زۆری نەخایاند ئەو هاوبەشییە دوای تەنها یەک ساڵ هەرەسیهێناو بوە هۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ.

ئەم چەمکە ڕوبەڕوی دژایەتیی توند لەلایەن هەردولاوە دەبێتەوە، بەتایبەت بەرەی نەیاران کە تەواوی بانگەشەکەی لەسەر بنەمای لادانی ناتانیاهۆ بونیادنابوو و بەناڕێکخراو بۆ سەرکردایەتی وەسفیدەکرد.

4ـ بنبەست‌و هەڵبژاردنی نوێ
ئەگەرچى هیچ كاندیدێك سەرکەوتونەبوو لەپێکهێنانی دەسەڵاتدا، ئیسرائیل ناچاردەبێت سەرلەنوێ بەرەو هەڵبژاردنی نوێ هەنگاوبنێت، وڵاتەکە لەنێوان نیسانی 2019و ئاداری 2021دا، چوارجار هەڵبژاردنی ئەنجامدا بەهۆی ناتوانیی سیاسییەکان لەپێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی بەردەوامدا، ئەو كاندیدى لەلایەن سەرۆکەوە دەستنیشاندەکرێت، لەبنەڕەتدا 28 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ ڕێکخستنی هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ 14 ڕۆژی دیكه‌، سەرەڕای ئەوەی چەندین ڕێکاری دیكه‌ى یاسایی هەن بۆ دورکه‌وتنه‌وه‌ لەڕاگەیاندنی خێرای هەڵبژاردنی نوێ.