هەڵمەتی بەغداو قەیرانی قەوارە؛ لەنێوان گەندەڵیی ناوخۆو گەمەی جیۆپۆلەتیکیدا

توێژینەوە و شیکاریی

28 خولەک پێش ئێستا‌ 626 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سیروان عوبەید

بڕیار و جوڵە خێراکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتییەکان و جێگیرکردنی هێزی فیدراڵی لە سنوورەکانەوە بگرە تا گۆڕانکارییە ئەمنی و ئیدارییەکانی پەیوەست بە دۆسییەکانی قاچاخچێتی، هەرێمی کوردستانی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی هەستیار. سەرەڕای ئەوەی بەغدا ئەم هەنگاوانە بە ناوی سەروەریی یاسا و ڕێگری لە قاچاخچێتی دەبەستێتەوە، خێرایی جێبەجێکردن و گۆڕینی هاوسەنگیی دەسەڵات ئەو پرسیارە جەوهەرییە دەهێنێتە پێش: ئایا ئەمە تەنیا ڕێکارێکی دژە قاچاخچێتییە، یان هەنگاوێکە بەرەو گۆڕینی پێگەی دەستووری و ئیداریی هەرێم لە چوارچێوەی هاوکێشەیەکی فراوانتردا؟

لەکاتێکدا ئەم هەنگاوانە لە بەغداوە بە خێرایی و بە ناوی یاسا و ڕێگری لە قاچاخچێتی دەهاوێژرێن، گەڕانەوە بۆ ڕیشەی بابەتەکە و تێگەیشتن لەوەی چ شتێک لە مەترسیدایە، بە بێ هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینەی بایەخی قەوارەی هەرێم و ئەو هۆکارانەی گەیاندوویانەتە ئەم دۆخە، تەواو نابێت.

قەوارەی هەرێم؛ قەڵای ناسنامە و هیوای چوار پارچەی کوردستان
بۆ ئەوەی لە چەقی مەترسییەکان تێبگەین، دەبێت سەرەتا ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە بۆ ئێمەی کورد، هەرێمی کوردستان پارچە زەوییەکی کۆنتڕۆڵکراوی وەک جورف سەخڕ؛ یان دەسەڵاتێکی ئیداری ناوخۆیی کاتی نییە، بەڵکو تاکە پێگەی فەرمی و دەستووریی کوردە کە تێیدا زمان، ئاڵا، ناسنامە و بوونی سیاسیی نەتەوەیەک بە شێوەیەکی نیمچە سەربەخۆ بوونی هەیە. بۆ کورد لە باشوور، ئەم قەوارەیە قەڵایەکە کە خەڵک لەژێر سایەیدا هەست بەوە دەکات خاوەنی خاک و بوونی خۆیەتی و لەژێر حوکمڕانیی ڕاستەوخۆی ناوەنددا نەتوێتەوە. لەسەر ئاستی پارچەکانی تری کوردستانیش، لە باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەم هەرێمە هەمیشە وەک قووڵایی ستراتیژی، پەناگەی مرۆیی و سیاسی و سەرچاوەی هیوا و شانازی بووە؛ شوێنێک کە نیشانی دەدات کورد دەتوانێت خاوەنی قەوارەی خۆی بێت. بۆیە ئەگەر ئەم هەرێمە لەدەست بچێت یان پێگەکەی هەڵوەشێتەوە، زیانەکە تەنیا لە باشووری کوردستان نامێنێتەوە، بەڵکو ناسنامەی نەتەوەیی، مێژووی خوێن و قوربانیی هەزاران شەهید و ئەنفال و کیمیاباران دەخرێتە بەر مەترسیی سڕینەوە، و داهاتووی سیاسیی کورد لە ناوچەکەدا تاریک دەبێت و گەورەترین هیوای هەر چوار پارچەکە بۆ سەربەخۆیی و بوونێکی سەربەرزانە دەکوژێتەوە.

حوکمڕانیی بنەماڵەیی و دەرگاکردنەوە بۆ دەستوەردانی بەغدا
لێرەدا ڕاستییەکی تاڵ هەیە کە پێویستە بگوترێت. گەورەترین برین و شەرمەزاری لەم هاوکێشەیەدا ئەوەیە کە دەسەڵاتی دەیان ساڵەی خێزانیی بارزانی و تاڵەبانی لە ڕێگەی حوکمڕانیی پارتی و یەکێتییەوە، ناوی کوردی شێواند و تا ئەمڕۆ تەنیا شێوازێکی ناشرین و خۆسەپێنیان لە حوکمڕانی پیشان داوە. لەکاتێکدا دەبوو ئەم دەسەڵاتە لە ناوخۆدا جێی ڕەزامەندیی خەڵک بوایە و لە دەرەوەش جیهانی سەرسام بکردایە ، تا هەمووان بڵێن ئەگەر کورد سبەی دەوڵەتی هەبێت توانایی هەیە وڵاتێکی مۆدێرن ، خۆشگوزەران و دادپەروەر بەڕێوە ببات. قۆرخکردنی دەسەڵات، دابەشکردنی سامان و پۆستەکان لەسەر بنەمای بنەماڵە، حیزب و دەستەگەری ، نەبوونی شەفافیەت و بێبەشکردنی هاوڵاتیان لە ژیانێکی شایستە، دۆخێکی وای دروست کردووە کە دوای دەیان ساڵ لە خوێن و فرمێسک و قوربانیدان بۆ ئەم قەوارەیە، ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانیان بەهۆی بێزاری و نائومێدی لە حوکمڕانیی ئەم دوو خێڵە چاوچنۆکە، چاویان لە دەستی بەغدا بێت و بەبێ بیرکردنەوە لە ڕابردووی سیاسەتی شۆڤێنیی عەرەبی دژ بە کورد و خوێندنەوەی نیەتی بەغدا، بە فریادڕەسی بزانن. بێگومان ئەمە لووتکەی شکستی دەسەڵاتی خێڵەکیی پارتی و یەکێتییە لەم هەرێمەدا. ئاخر لەوە شەرمەزارتر چی هەیە کاتێک خەڵکی خۆت هێندە لە دەستی تۆ بێزار بووبن، تا ئاستی ئەوەی بەغدای عەرەبی ناوەندگەرایان پێ باشتر بێت لە حوکمڕانیی خۆماڵی کوردی و ڕوو لە حکومەتێک بکەن کە لەسەر ئاستی جیهان لە ڕیزی پێشەوەی فەسادی ئیداری و سیاسییەوەیە و تا ئێستاش پڕیەتی لەو عەقڵییەتە شۆڤێنیزمەی لە ڕابردوودا ئەنفال و کیمیابارانی بەسەرماندا هێنا؟ ئەمە ئەوەمان نیشان دەدات کە حوکمڕانی و دەسەڵاتی خۆماڵیی هەرێم، لەژێر کارگێڕیی دوو بنەماڵەکەدا، بەتەواوی مانا متمانەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی خۆی لەدەست داوە. ئەم شکست و گەندەڵییە ناوەخۆییە وایکردووە هێز و ئەجێنداکانی دەرەوە وەک گورگی شاراوە لە پێستی مەڕدا، لەژێر ناوی دژە گەندەڵی، سەروەریی یاسا و دادپەروەریدا بێنە پێشەوە، سۆزی خەڵکی ئێمە ڕابکێشن تا لەو ڕێگەیەوە بە هێواشی هەموو پێگە و دەسەڵاتێک لەم تاکە خۆبەڕێوەبەرییە نەتەوەییەی کورد دابماڵن و لەناوی بەرن.

ئەگەر عەلی زەیدی و حکومەتی بەغدا بەڕاستی نیەتی جێبەجێکردنی دەستوور، یاسا و دادپەروەرییان هەیە و مەبەستیان تەنیا چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵییە، پرسیاری جەوهەری ئەوەیە بۆچی ساڵانێکی زۆرە مادە دەستوورییە تایبەتەکان بە مافەکانی کورد جێبەجێ ناکرێن؟ بۆچی مادەی ١٤٠ و چارەسەرکردنی ناوچە جێناکۆکەکان فەرامۆش کراون، یاسای نەوت و غاز بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دەستووری پەسەند و جێبەجێ نەکراوە، و بەردەوام مافە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم وەک کارتی فشار و مامەڵەی سیاسی بەکاردەهێنرێن؟ ئەگەر زەیدی دەیەوێت نیازپاکی خۆی بسەلمێنێت و بڕیارەکانی جێی متمانەی هەمووان بن، دەبێت سەرەتا لە جێبەجێکردنی ئەو ماددە و یاسا دەستوورییانەوە دەست پێبکات کە مافی کوردن، نەک لە هەنگاوە تاکلایەنە و گوشارخەرەکانەوە کە گومان لەسەر بوونی ئەجێندای تر دژی قەوارەی هەرێم زیاتر دەکەن.

وزە و سزاکان لە گەمەی واشنتۆن و جوڵەکانی تۆم باراکدا
لەکاتێکدا دەبینین چۆن مافە چەسپاوەکانی کورد لەدەستوور پشتگوێ دەخرێن و گوشارەکان لەسەر هەرێم زیاد دەکرێن، دیمەنەکە تەنیا لە نێوان هەولێر و بەغدادا نامێنێتەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو جوگرافیای ململانێی ئەمریکا و ئێران و هاوکێشە هەرێمییەکانی گواستنەوەی وزە. لەم چوارچێوەیەدا جوڵەکانی تۆم باراک و گوشارەکانی واشنتۆن بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی قاچاخچێتیی نەوت و ڕێگری لە دەربازبوونی نەوتی ئێران لە سزاکان، وا دەکات هەر هەنگاوێکی ئەمنی یان نەوتی لە ناوچە سنوورییەکان و کێڵگەکان بە دیدێکی جیۆپۆلەتیکی فراوانتر بخوێنرێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە سیاسەتی ئیدارەکەی ترەمپ، لەم قۆناغەدا زیاتر گرنگی بە سەقامگیریی ڕێڕەوە ئابوورییەکان، کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی وەک ئامرازێکی ڕێکخەر دەدات، تەنانەت ئەگەر ئەوە لەسەر حیسابی کەمکردنەوەی دەسەڵاتە تایبەتەکانی هەرێم و مافەکانی گەلی کورد بێت، وەک ئەوەی لە سووریا و ڕۆژئاوا ئەنجامیدا. چونکە ترەمپ تەنیا بە لۆژیکی قازانج ڕەفتار دەکات، و لۆژیکی قازانج ڕەنگدانەوەی تەواوی بنەمای سیاسەتی ئیدارەکەیەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمەریکا، بۆیە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، هەمیشە بە شێوەیەکی زۆر ڕوون لەسەر بەرژەوەندیی ڕووت و مامەڵەی کورتخایەن وەستاوە، نەک لەسەر پرەنسیپی هاوبەشیی بەهاکان، دادپەروەری یان پابەندبوونی ئەخلاقی و مێژوویی. بۆ ترەمپ، کاتێک بەرژەوەندیی ئابووری، گرێبەستە بازرگانییەکان یان ڕێککەوتنێکی کاتی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوەندی و وڵاتانی دراوسێ دێتە پێشەوە، مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکانی کورد یان هەر نەتەوەیەکی تر هیچ بەهایەکیان نامێنێت و بە ئاسانی دەکرێنە قوربانیی هاوکێشەیەکی تر. هەمان ئەو مامەڵە سارد و بێباکەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان یان لە هاوکێشەکانی تر وەک ئۆکرانیادا بینیرا، هاوپەیمانیی مەیدانی و قوربانییەکانی کوردی لە پێناو ڕێککەوتنە جیۆپۆلەتیکییەکاندا خستە پەراوێزەوە. ئەم جۆرە سیاسەتە بەرژەوەندخوازە، کە هیچ ڕێزێک بۆ مێژوو، خوێن و خەبات و داواکاریی ڕەوای نەتەوەیەک دانانێت ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندیی ساتەوەختی واشنتۆندا یەک نەگرێتەوە، وا دەکات متمانە بە بەڵێن و هاوپەیمانێتیی ئەمریکا زۆر لاواز ببێت؛ هەر بۆیە کوردیش لەم قۆناغەدا ناتوانێت پشت بە بڕیار و جوڵەکانی ئەم ئیدارەیە ببەستێت وەک گەرەنتییەکی جێگیر بۆ پاراستنی قەوارەکەی لەدەست درێژییەکانی بەغدا یان وڵاتانی دراوسێ.

بۆیە لێرەدا مەترسییەکە ئەوەیە کە هەرێم لە نێوان سزاکانی سەر تاران، هەژموونی واشنتۆن و بڕیارەکانی ناوەنددا ببێتە گۆڕەپانێک کە تێیدا ئاسایشی وزە و کۆنترۆڵی سنوور پێش مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بخرێن، بە تایبەت کاتێک واشنتۆن پێی وا بێت ناوەندێکی بەهێزتر دەتوانێت لە ڕووی ئەمنی و ئابوورییەوە هاوکێشەکان کۆنترۆڵ بکات، بێ ئەوەی حسابێک بۆ هەستیاریی پێگەی نەتەوەیی و دەستووریی کورد بکات.

هاوکێشەی تاران، ئەنكەرەو بەغدا؛ بێهێزکردنی هەرێم بە قۆناغ
ئەوەی گومانەکان زیاتر دەکات و ڕاستەوخۆ درێژەی ئەو مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەیە کە لە دەوری وزە و سنوور دروست بووە، ئەگەری یەکگرتنەوەی بەرژەوەندی یان لێکتێگەیشتنی ژێربەژێرە لە نێوان تورکیا، ئێران و عێراق لەسەر حیسابی قەوارەی هەرێم. لەکاتێکدا تورکیا و ئێران، سەرەڕای رکابەری و ناکۆکییەکانیان لە زۆر بواردا، مێژوویەکی درێژیان لە هەماهەنگیی ئەمنی و سنووریدا هەیە بەتایبەت کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە دژایەتی و سنووردارکردنی پێگەی کوردەوە هەبووبێت، لەم دۆخەشدا دەکرێت لە هەندێک بڕگەی پەیوەست بە سنوور، وزە و جوڵەی هێزەکان لەگەڵ بەغدادا هاوئاهەنگ بن یان لە جوڵەکانی ئەمریکا و تۆم باراکدا بە ئاراستەی بەرژەوەندیی خۆیان سوود وەربگرن؛ بە جۆرێک تاران بیەوێت گوشاری سزاکان و کۆنترۆڵی سنوورەکان بە شێوەیەک ئاراستە بکات کە زیانی ستراتیژیی بەر نەکەوێت، و ئەنقەرەش لە ڕێگەی دۆسییەی سنوور و وزە و جوڵە ئەمنییەکانەوە هەوڵی پاراستنی هەژموونی خۆی بدات و بیەوێ ڕێگری بکات لەوەی هەرێم وەک پێگەیەکی سەربەخۆتر یان کاریگەرتر لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا بمێنێتەوە. ئەگەر ئەم هاوکێشەیە وەک ئامادەکارییەکی قۆناغ بە قۆناغ بۆ لاوازکردنی هەرێم بخوێنینەوە، میکانیزمەکەی لە ڕێگەی ڕێکاری سەربازیی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێوە نابێت بە تەنیا، چونکە هێشتا دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ تێچووی سیاسی، مرۆیی و نێودەوڵەتیی زۆری بۆ بەغدا هەیە و دەکرێت کاردانەوەی نەخوازراو دروست بکات، بەڵکو دەیەوێت سەرەتا لە ڕێگەی بڕینی سەرچاوەی دارایی، گەمارۆدانی ئیداری و یاسایی، سەپاندنی هێزی فیدراڵی لە سنوور و ناوچە هەستیارەکان، و بەکارهێنانی دۆسییەکانی گەندەڵی و قاچاخچێتی بۆ ناشرینکردنی قەوارەکەیە تا هەرێم لە ناوەڕۆکدا بێهێز بکرێت و توانای بڕیاردان و کاریگەری خۆی لە دەست بدات.

ئایا بەغدا دەست بۆ دەستوور دەبات یان هەرێم دەکاتە ناوێکی بێ دەسەڵات؟
هەر ئەو گوشارە دەرەکی و هەرێمیانە وا دەکەن بپرسین دەرەنجامی کۆتایی ئەم ڕێڕەوە بەرەو کوێ دەڕوات؛ هەرچەندە هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی هەرێم و هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق لە ڕووی یاسایی و پێکهاتەیییەوە بە ئاسانی و لە شەو و ڕۆژێکدا ڕوونادات، چونکە ئەمە پێویستی بە هاوسەنگیی سیاسی و دەستووریی ئاڵۆزە و ڕەنگە هەندێک هێزی هەرێمی و نێودەوڵەتییش لەگەڵ پشێویی گشتیدا نەبن کە لە دەرەنجامی هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی قەوارەیەک بێتە ئاراوە، بەڵکو زیاتر مەترسیی ڕاستەقینە لە بەتاڵکردنەوەی کردەیی دەستوور و هەڵوەشاندنەوەی وردەوردەی پێگەی هەرێمدایە، بەتایبەتی کاتێک لە ناوخۆی هەرێمدا بەهۆی ناکۆکیی بەردەوامی پارتی و یەکێتی و دوو خێزانە سیاسییەکە؛ لاوازیی دامەزراوەکان و بەردەوامی گەندەڵی زەمینەسازی بۆ دەستوەردان دروست بووە و لە دەرەوەش گوشارەکان لەسەر داهات، کێڵگە نەوتییەکان و سنوور هەروا بەردەوام بن، ناوەند دەتوانێت بە بێ ئەوەی دەست بۆ دەقی دەستوور ببات یان ڕووبەڕووی کێشەی هەموارکردنەوەی فەرمی ببێتەوە، دەسەڵاتەکانی هەرێم تەنیا لەسەر کاغەز بهێڵێتەوە و لە پراکتیکدا بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە تا هەرێم تەنیا ناوێکی بێ ناوەڕۆک و بێ دەسەڵات بێت. بێگومان لەم خاڵەدا هەر بێدەنگی، دابەشبوون یان پەرتەوازەیییەک لە ناوخۆی کوردستاندا وەک بانگهێشتنامەیەک وایە بۆ ئەوەی قۆناغی داهاتوو زیاتر بەرەو سەپاندنی ئیرادەی ناوەند بڕوات، نەک بەرەو چارەسەرێکی دادپەروەرانە و دەستووری بۆ زامنکردنی مافەکانی گەلی کورد.

دەمووچاوەکان دەگۆڕێن، عەقڵییەتی ناوەندگەرایی وەک خۆی دەمێنێتەوە
ئەو بێزارییەی لە ناوخۆدا هەیە، کاتێک دەگاتە ئاستی هیوا بە دەسەڵاتی بەغدا، پێویستە بە خوێندنەوەی مێژوو و عەقڵییەتی دەسەڵات لە ناوەنددا هەڵبسەنگێنرێت؛ پرسیارێک کە پێویستە هەر کوردێک لەخۆی بکات ئەوەیە؛ ئایا بەغدا و دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، چ سەدام بێت، یان ئەوانەی لە سەردەمی پێش سەدام و چ لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەش، ئەو نموونەیەیان پێشکەش کردووە کە کورد بتوانێت بە بێ گومان متمانەی بە چارەنووسی خۆی لە ژێر دەسەڵاتی ناوەندیدا هەبێت؟ لەکاتێکدا ئەزموونی مێژوویی و هاوچەرخ نیشانی داوین کە کێشەکە تەنیا وابەستە نییە بە تاکە کەسێک یان دەسەڵاتدارێکەوە، بەڵکو ڕیشەکەی لە عەقڵییەتی ناوەندگەرایی و باڵادەستیی زۆرینە و شۆڤێنیەتی عەرەبی دایە کە چ لە ڕابردوو لە ڕێگەی ئەنفال، کیمیاباران و سڕینەوەوە خۆی نیشان داوە و چ ئەمڕۆ لە ڕێگەی بەکارهێنانی مووچە، بودجە و مافە دەستوورییەکان وەک کارتی فشار و بە بارمتەگرتنی قووتی هاوڵاتیانی کورد بەردەوامە. تەنانەت ئەگەر لە قۆناغێکدا وا دابنرێت کە بڕیارەکانی عەلی زەیدی لە دژایەتیکردنی گەندەڵییەوە لەگەڵ بەشێک لە داواکارییەکانی خەڵکدا یەک بگرنەوە، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە دوای تەواوبوونی ئەم خولەی حوکمڕانی یان دوای چوار ساڵ، چی بەسەر کوردستان دێت و کێ گەرەنتی ئەوە دەکات کە دەسەڵات یان جێگرەوەکانی زەیدی لە بەغدا، بە هەمان عەقڵییەتی باڵادەستی و خۆسەپاندن و دکتاتۆرییەتی پێشوو مامەڵە لەگەڵ کورد و هەرێمەکەی نەکەن؟ ئاخر لۆژیکیی نیە، لە وڵاتێکدا کە لە ڕیزبەندییە جیهانییەکانی گەندەڵی و لاوازیی حوکمڕانیدا خۆی لە پێشەوەی کێشەکان دەبینێتەوە، چاوەڕوان بین بەغدا بە پاشخانێکی پڕ لە کێشەی حوکمڕانی و عەقڵییەتی دژە کوردەوە ببێتە فریادڕەسی ئێمە و چاکسازی لە هەرێمدا بکات لەبەرژەوەندی خەڵکەکەی، لەڕاستیدا ئەمە زیاتر لە خۆخەڵەتاندن دەچێت تا چارەسەرێکی واقیعی. بۆیە لە جیاتی ئەوەی لە ڕقی گەندەڵیی پارتی و یەکێتی داهاتوو و چارەنووسی نەتەوەییمان بدرێتە دەست ناوەند، دەبێت ڕووبەڕووی گەندەڵکاران لە ناوخۆدا ببینەوە و خۆمان سزایان بدەین، نەک قەوارەکە و مافەکانمان بکەینە قوربانی.

لەنێوان بێزاری خەڵک و ئەجێندای دژە گەندەڵیی بەغدا
لەدرێژەی ئەو فشارە دەرەکی و ناوەندییانەی کە لەسەر قەوارەی هەرێم کۆبوونەتەوە، دیوێکی تری کێشەکە لە ناوخۆی کوردستاندا دەردەکەوێت؛ کاتێک باسی دژایەتی گەندەڵی و نادادپەروەریی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی دێتە پێشەوە، بەشێک لە هاوڵاتیان و هەندێک دەنگی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆن یەکسەر لە داخ و بێزاریی خۆیاندا بەرامبەر بە گەندەڵیی ناوخۆیی، پێشوازی لە هەنگاوەکانی بەغدا دەکەن یان بێدەنگی هەڵدەبژێرن. لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە لێکدانەوە و پاساوی ئەم هەڵوێستەش ڕوونە، چونکە خەڵک و هاونیشتمانیان بۆ ماوەی دەیان ساڵە لەژێر باری دابەشبوونی نادادپەروەرانەی داهات، نەبوونی خزمەتگوزاری و ململانێی بەردەوامی حیزبی و کێشەی مووچەدا شەکەت و ماندوو بوون. بەڵام ئەگەر لە ڕووی لۆژیک و حیساباتی ستراتیژییەوە لێی بڕوانین، ئەم بێزارییە دەکرێت ببێتە ئەو کەلێنەی کە بەغدا و هاوئامانجەکانی لە دەرەوە وەک دەرفەت و چەکێک بۆ لێدان و لاوازکردن یان هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم لەژێر ناوی دژە گەندەڵیدا بەکار بهێنن. چونکە کاتێک هاوڵاتیان و هێزە ناڕازییەکان بڕوا بەوە بهێنن کە گوشاری بەغدا تەنیا بۆ چاکسازی و سزادانی گەندەڵکارانە، لە ڕاستیدا ڕێگە بۆ ئەوە خۆش دەکەن کە قەوارەی دەستووریی هەرێم وەک سەرچاوەی سەرەکیی کێشەکان نیشان بدرێت، نەک خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەلایەن دوو خێزانی سیاسی. بۆیە پێویستە هاوڵاتیان زۆر وشیار بن و تێبگەن کە چاکسازی بە لێدان لە قەوارەی نیشتمان ناکرێت، و جیاوازیی ڕوون بکەن لە نێوان سزادانی گەندەڵکاران لە ناوخۆدا و پاراستنی ئەو قەوارەیەی کە بەرهەمی خەبات و قوربانیی سەد ساڵەی خەڵکی کوردستانە.

کاتێک قەوارە نامێنێت، باسی چاکسازی و مووچە بێ مانا دەبێت
سەرەڕای ئەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستاندا زۆرە و کەس ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات، بەڵام بۆچی پێویستە هاوڵاتیان و هەموو لایەنە سیاسییەکان لەم قۆناغەدا یەکدەنگ و یەکگرتوو بن دژی بڕیار و هەوڵەکانی بەغدا؟ وەڵامەکە لەوەدایە کە یەکگرتوویی لەم قۆناغەدا بە مانای پشتگیریکردن لە گەندەڵکاران نییە، بەڵکو بە مانای بەرگریکردنە لە مافە دەستوورییەکان، سنوورەکان و پێگەی ئەم تاکە خۆبەڕێوەبەرییە کوردییە لە بەرامبەر هەوڵەکانی ناوەند بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی و ڕێگەگرتنە لە گەڕانەوەی حوکمڕانیی شۆڤێنییەتی پێشوو. ئەگەر بەغدا هەست بکات لە ناوخۆی کوردستاندا یەکدەنگی و هەڵوێستی هاوبەش هەیە، هاوکێشەکە دەگۆڕێت و ئەو دەرفەتەی کە بەغدا بۆ تێپەڕاندنی بڕیارەکانی بە شێوەی تاکلایەنە دەیەوێت، بەرتەسک دەبێتەوە، هاوکات یەکگرتوویی ناوخۆیی فشارێکی ڕاستەوخۆش دروست دەکات تا دەسەڵاتداران نەتوانن لە پشت قەیرانە دەرەکییەکانەوە درێژە بە گەندەڵیی خۆیان بدەن.

نابێ ئەو ڕاستییە فەرامۆش بکەین؛ کاتێک قەوارەی خۆبەڕێوەبەری، ئاڵا، پێگەی دەستووری و مافی بڕیاردانی نەتەوەییمان نامێنن کە ئێستا هەوڵی بۆ دەدرێت، دروشمی دژەگەندەڵی، پرسی مووچە و باسی باشترکردنی حوکمڕانی لە هەرێم لە ژێر دەسەڵاتێکی سەپێنراوی بەغدادا چیتر هیچ مانایەکیان نابێت، بەڵکو دوای نەمانی ئەم قەوارە کوردییەمان، کێشەکە دەگۆڕێت بۆ پرسی مان و نەمانی کورد وەک بوونێکی سیاسی خاوەن ناسنامە لەناو هاوکێشەکەدا. هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی گەندەڵکاران دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت و سزا بدرێن، بەڵام سزادان و لێپرسینەوە نابێت بە قوربانیکردنی قەوارەیەک بێت کە خوێن و قوربانیی هەزاران مرۆڤی ئەم نیشتمانەی لەپێناودا ڕژاوە و تاکە چوارچێوەی پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی خەڵکە لە بەرامبەر ناوەنددا. دواجار ئەوەی پێویستە باش لێی تێبگەین ئەوەیە کە هەموومان لەسەر یەک کەشتین و سەرەڕای بوونی تاوانبار و گەندەڵکاران لەناو کەشتییەکەشماندا، نقومکردنی کەشتییەکە بە دەستی خۆمان هەڵەیە و هەموومان دەخاتە ژێر ئاوەوە و هیچ کەسێک لە زیان و لێکەوتەکانی بێبەش نابێت؛ بۆیە پاراستنی کەشتییەکە و چاککردنەوەی لە ناوەوە تاکە ڕێگەی عەقڵانییە بۆ سەلامەتیی هەموومان.

داخستنی کەلێنەکان؛ تاکە ڕێگە بۆ ڕێگريی لەدەستوەردانی بەغدا
بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا تووشی داڕمانی زیاتری دەستووری و ئیداری نەبێت، هەنگاونان نابێت بخرێتە داهاتوویەکی نادیارەوە، بەڵکو پێویستە لەم ساتەوەختەدا و بێ دواکەوتن دەست پێبکات. لە هەولێر و سلێمانی و دەڤەرەکانی تر، ئەو کاتەی ململانێی حیزبی لەسەر داهات و پۆست درێژە دەکێشێت، ناوەند لە بەغدا هەنگاوەکانی خۆی خێراتر دەکات تا کۆنترۆڵی سنوور، داهات و بڕیاری ئەمنی لە دەستی خۆیدا کۆبکاتەوە.

بڕیاردانی خێرا لێرەدا مانای هەڵچوونی سۆزداری نییە، بەڵکو بە مانای ڕێکخستنەوەی دەستبەجێی بەرنامەی سیاسی و کارگێڕیی هەرێم بە شێوەیەک کە هیچ کەلێنێک نەمێنێتەوە بۆ ئەوەی لەلایەن بەغداوە وەک پاساو بۆ دەستوەردان بەکاربهێنرێت. کاراکردنەوەی دامودەزگاکان، پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و یەکخستنی هەڵوێستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چاکسازی و شەفافیەت لە کەرتی نەوت و وزە و ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو ڕێگە و دەروازە نایاساییانەی دەگوترێت قاچاخچێتی لێوە دەکرێ و ناوی هەرێمیان لەکەدار کردووە. ئەمانە ئەو کارتە سەرەکییانەن کە کورد دەتوانێت پێیانەوە بەرگری لە قەوارەکەی بکات. حیزبەکان و دەسەڵاتداران دەبێ ئەوە لەبیرنەکەن کاتێک بڕیارەکان لە کاتی خۆیاندا نادرێن، ڕووداوەکان خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی ئەوان و ئەم گەل و نیشتمانە دەدەن، نەک ئیرادەی ناوخۆیی و پێگەی دەستووریی کورد.

چاکسازی بەبێ لاوازکردنی قەوارە
تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و پاراستنی هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەنگاوی لۆژیکی، خێرا و هاوبەش هەیە لەلایەن هەردوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و هاوڵاتیانەوە. بۆ لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەت پارتی و یەکێتی، ئەم قۆناغە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ ئەوەی ململانێی حیزبی و بەرژەوەندیی تەسک وەلا بنێن، دۆسییەکانی نەوت، داهات و سنوورەکان بە شێوەیەکی شەفاف و یەکگرتوو ڕێکبخەنەوە و بەرنامەیەکی هاوبەش و یاسایی لە چوارچێوەی دەستووردا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دابڕێژن. لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەنگە ناڕازییەکانیش پێویستە بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە، جیاوازی بکەن لە نێوان ڕەخنە و لێپرسینەوە لە گەندەڵیی ناوخۆیی و پاراستنی قەوارەی هەرێم لە هەڕەشەی دەرەکی، و ببنە هێزی فشار بۆ چاکسازی نەک بەشێک لە لاوازکردنی پێگەی کورد. هاوڵاتیانیش، وەک خاوەنی سەرەکیی ئەم خاک و قەوارەیە، پێویستە بە هۆشیاری و لۆژیکەوە هەڵسەنگاندن بۆ ڕووداوەکان بکەن؛ بەجۆرێک کە هەم پشتیوانی لە پاراستنی قەوارە و یەکدەنگی بکەن و هەم بەردەوام بن لە داواکردنی دادپەروەری، شەفافیەت و لێپرسینەوە لە ناوخۆدا. ئەم کارە دەبێت لە ئێستاوە و بە بێ دواکەوتن دەست پێبکات، چونکە دواکەوتن لە یەکخستنی هەڵوێست و چاکسازیی ناوخۆیی، دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەوانەی دەیانەوێت پێگەی هەرێم لاواز بکەن یان لەناوی بەرن.

سەرەنجام، لە هەلومەرجێکدا کە مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێم تەنیا لە یەک ئاراستەوە نین و گەمە ناوچەیی و ناوەندییەکان سوود لە هەر کەلێنێکی ناوخۆیی وەردەگرن، مانەوەی هەرێمی کوردستان بەندە بە دوو هاوکێشەی یەکلاکەرەوە: بەرگریی یەکگرتوو و دەستووری لە دەرەوە، و چاکسازی و لێپرسینەوەی ڕاستەقینە لە ناوەوە. گەندەڵی و نادادپەروەری برینێکی قووڵن لە جەستەی ئەم هەرێمەدا و پێویستە بە بێ هیچ پینەوپەرۆ و چاوپۆشییەک چارەسەر بکرێن، بەڵام چارەسەرەکە هەرگیز لە ڕێگەی سپاردنی چارەنووس بە ناوەند و لاوازکردنی قەوارەی خۆبەڕێوەبەریی نەتەوەییمان نایەت. ئەم قەوارەیە سەرەڕای هەموو کەموكوڕییەکانی ئەو پانتاییەیە کە کورد دەتوانێت تێیدا داوای ماف و چاکسازی بکات و خاوەنی ناسنامەی خۆی بێت. ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندیی تەسک وەلا بنێن و هەنگاوی کردەیی بۆ شەفافیەت، یەکخستنی بڕیار و کاراکردنەوەی دامودەزگاکان بنێن، و هاوڵاتیانیش بە هۆشیارییەوە لە نێوان سزادانی گەندەڵکاران و پاراستنی قەوارەدا هاوسەنگی بپارێزن، ئەو کات دەتوانرێت ڕێڕەوی ڕووداوەکان بگۆڕدرێت؛ چونکە قەوارەیەک کە بە خوێن و قوربانی پارێزراوە، تەنیا بە هۆشیاریی خاوەنەکانی و چاککردنەوەی لە ناوەوە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.