هەموو میللەتێك مافی ئەوەی
هەیە حكومەتەکەی خراپ بێت و بیڕوخێنێت، بەڵام پێش ڕوخاندنەکە دەبێ ئەلتەرناتیڤێکی
بۆ دوای روخاندن ئامادە کردبیت و حکومەتیکی باشتر بونیاد بنێتەوە ، ٣٣ ساڵە پارتی
و یەکێتی تیجاڕەت بە بیزنسی کوردایەتیەوە دەکەن ، لە شاخیش شەڕی ئەمانە بۆ ئەوە
بوو کە مارکێتینگەکانی کامیان (جنیودان ،ناوزراندن، هۆنینەوەی بوختان و تیرۆری سیاسی
…هتد) باشتر کار دەکاتە سەر سایکۆلۆژیای کۆمەڵگاو شەقامی کوردی، لەدوای ڕاپەرینیشەوە لە کابینەی یەکەم هەتا کابینەی نۆیەم هەر کابینەیەک
پێکهێنرابێت هەرگیز لە کابینەکەی پێشخۆی باشتر نەبووە ، ئێوە لە کابینەی یەکەمی
فواد مەعسومەوە هەتا کابینەی نۆیەمی مەسرور بارزانی تەماشای بکەن ، هیچ کوردێک دڵی
بەم کابینانەو بەم حکومەتە تڕە کەڵەکە خۆش نەبووە ، هیچ کوردێکیش سەرۆکی هەرێم و وەزیرەکانی
حکومەتی هەرێمی بە وەزیری خۆی نەزانیوە ، هەرگیز کوردێک دڵی بەم فۆڕمە لە ئیدارەدان
و بە فەتوای زۆنی زەردو فەتوای زۆنی سەوز خۆش نیە .
ئەوەی خەڵکی کوردستان
لە کابینەی نۆیەم دا تێبینی کردووە بە خێزانیکردنی حکومەتە کە پارتی بۆ یەکەمین
جار لەم کابینەیەدا هەیمەنەی خێزانی لە حیزبەوە گواستەوە بۆ ناو حکومەت ، یەکێتی لە
کابینەی نۆیەمدا کاری باوێشک و وەنەوزی سیاسییە و عاقڵ دانیشتون و چاویان لە دەستی
پارتییە کە شوێنگەی سیاسی داهاتوویان بۆ دەست نیشان بکات ، هەرچی بزوتنەوەی گۆرانیشە
توشی هەناسەسواری بووەو بزوتنەوەکە بووەتە بەشیکە لە نەخشەریگای پارتی تا بتوانن
نائومێدی خەلک لەڕێگای ئەمانەوە بچننەوە ، نەوەی نوێش تەواوکەری پارتی و یەکێتی یە
چونکە ئەمانیش لەپشتی پارتی و یەکێتیەوە فەزاحەتەکانی خۆیانیان شاردووەتەوە ، کەواتە
هەموان پێکەوە هەموو شتیکیان دەوێ لە دەرەوەی یاسا و حوکمداری ، تەنها حوکمداری خۆی
نەبێ ! هەمووانیش پێکەوە یاری بە دەماری خەڵک
و هەست و سۆزی کۆمەڵگا دەکەن ، مەسەلەن تۆ بۆ ئەوەی مەیلی خەڵک بەلای خۆتدا رابکێشیت
ژینگەیەکی سایکۆلۆژی دەخولقێنیت ، ژینگەیەک کە ئەوەندەی ئامانجی ختوکەدانی خەڵکە ئەوەندە
ئامانجی خزمەتکردن و چاکەی گشتی و ئاشتکردنەوەی خەڵک نیە لەگەڵ خۆیاندا !
ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر
پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی گۆران و نەوەی نوێ بەرپرسیارن لەم دۆخە خراپەو سڵناکەنەوە
لە وێرانکردنی هەموو شتێک و لەسەروی هەموویانەوە لەباربردنی متمانە ! ئیستا خەڵک ئەمانە
وەک سەرچاوەی هەموو بەدبەختییەکانی ژیانی خۆی تەماشا دەکات و لە ڕاستیشدا هیچ کات
ئەمانە ئامرازێک نەبوون بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خەڵک ، ئەمانە زۆر دورن لە فرسەخ
و لە خەمە گشتییەکان و لەوەش زیاتر ڕۆچونەتە ناو تێکشکاندنی شکۆو بەهای تاکی کوردو
بێئەرزشکردنی بەها کۆمەڵایەتیەکان ، لە هیچ گۆشەیەکەوە سیاسەتی پارتی و یەکێتی وئۆپۆزسیۆن
ناچیتەوە خزمەتی چاکەی گشتی و هەمووی هەر بۆ ئەوەیە خراپتری بکات وشار و تەپۆڵکە نەماوە،
بازاڕ و بیزنس نەماوە قۆرغی نەکەن! هوشیاری ئینسان ئالێرەو لە بینی تابلۆکەدایە
کاتیک پارتی و یەکێتی خراپن مانای ئەوە نیە کە موعارەزە نەخەینە ژیرپرسیارەوە!
بەلام پارتی حیزبی
ژمارە یەکی سەرجەم شکستەکانی ناو ئەزمونی سیاسییە لە کوردستان ، هیزێکە بێ هیچ تەفسیرکردنێک
خاوەنی هیچ سیستەمێکی فیکری و پرەنسیپ و ئایدۆلۆژیایەک نییە ، ئەمڕۆ شتیک دەڵێ سبەینێ
بانگەشە بۆ پێچەوانەکەی دەکات ، زۆرجاریش هەموو ئەو شتانەی دەیلێت پشتیان تیدەکات
، پارتی لە ڕێکەوتنی سیاسیدا لەگەڵ لایەنەکاندا بەهار دێنێتە چۆکان و هەنگوینی لە
دەم دەبارێ هەتا ڕێکەوتنەکە واژۆ دەکرێت ، ئیتر دوای چاوی بەرژەوەندی خۆی نەبێ هیچ
شتیک نابینێ ، پارتی کاتێک ڕێکە لەگەڵ یەکێتی و موو بەبەینیاندا ناچیت لەسەر حسابی
بەرژەوەندی گشتیە ،کاتیکیش تێکی ئەدەن و دەیگەیەننە مریشکە ڕەشە هەر لەسەر حسابی بەرژەوەندی
گشتیە ! پەریزی هیچیان بەوە پاکنابێتەوە کە یەکتری تۆمەتبار بکەن و بڵێن خەتای
پارتی بوو یان یەکێتی!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی