(فیلمی کفن) بۆ ناو کفن!

07/09/2024

د هەژار مەعروف

لەمانگی 8 ی 2024وە ئەم فیلمە کوردیە لە سینەماکانی کوردستاندا پیشاندەدرێ، دوای ئەوەی کەوتمە بەر لافاوی بێبەزەیی ڕیکلام بۆی، منیش پتر لە دو سەعات لە ژیانی خۆمم کرد بە قوربانی ! چی لەوە خۆشترە فیلمێک بە زمانی شیرینی کوردی ببینی!، وەک بینەرێکی ئاسایی و پزیشکێکی پسپۆڕی دەرونی ئەم سەرنجانەم لەسەر فیلمەکە هەیە، هیوادارم هونەرمەندان و فیلمدۆستان  ڕەخنەگرانی سینەمایی و هونەری بچن فیلمەکە ببینن و ڕای خۆیان لەسەری دەربڕن.

لە ڕوی تەکنیکی و فۆرمەوە: بەڕاستی گرمە و ناڵە و قیژە و نەڕە نەڕ و دەنگدانەوە پەردەی گوێی بینەران و مێشکیانی ئازاردەدا ، وێنەکان زۆربەیان ترسناک و ناشیرین و غەیبی و دراکۆلایی بون، بۆیە ئەم فیلمە دەچێتە خانەی فیلمە ترسناکەکان و نابێت بلیت بە منداڵ و مێردمنداڵ و هەرزەکار بفرۆشرێ و هەر لە ڕیکلامکردن بۆیدا دەبێت ئەمە بە ڕونی بوترێ!

لە سەر شێوەی فیلمی هۆلیۆدی کە دەبێت بە خۆشی و شادی کۆتایی بێت (happy end) بۆ نمونە بە لەدایکبونی منداڵێک کە زۆر جار دەرهێنەرانی دنیا بە دەنگی گریانی منداڵێک مژدەمان دەدەنێ ، بەڵام لەم فیلمەدا بە تکانی چەند دڵۆپێک خوێن لە دامێنی ژنە پاڵەوانی فیلمەکەوە پیشانمان دەدات ، خوێن مەرج نیە نیشانەی لەدایکبونی منداڵێک بێت بەڵکو دەشێ نیشانەی لێکەوتەی نائاسایی دوگیانیەکە بێت، نەدەکرا بێ پیشاندانی خوێن بێت؟  بۆ نمونە بە پیشاندانی ژنەکەبێت لە کاتێکدا کە ژان گرتویەتی وهاوژینەکەی لە گەڵیدا وەک هاوسۆزی ماچی دەکات و نازی دەداتێ؟ مەگەر گەلی کورد لە ڕابوردو و ئێستادا و دۆخی ئیمڕۆی هەمو جیهان ڕۆژانە خوێن ناکەن بە قوڕگ و نایکەن بە دەموچاومان دا.

لە ڕوی ناوەڕۆکەوە: فیلمەکە باسی جادوکردنی ژنێک دەکات لە خوشکەکەی خۆی وەک تۆڵەی ئەوەی کە کچەکەی نەداوە بە کوڕەکەی، کچەکە دەدرێت بە کوڕێکی تر و پاش ماوەیەک بە هۆی جادوەکەی پوریەوە یان بە هۆیەکی تر دایکی دەمرێت و خۆیشی توشی نەخۆشیی دەرونی دەبێت و ژیانی ژن و میردیی بەتەواوی دەشێوێ و منداڵی نابێت وهەستی بینین و بیستنی دەشێوێ و زو زو کە لە ماڵەوە بەتەنیا دەبێت توشی ترس و تۆقان دەبێت و دیمەنی شتنی تەرمی دایکی و شیوەنی کوردانەی لەخۆدان و لاوانەوەی ژنان دەبینێ و دەبیسێ، ئەمە لە ڕوی دەرونناسیەوە پێی دەڵێن (hallucination) واتا هەستشێوان و وڕاوە.

لە فیلمەکەدا لە بری ئەوەی بیبەن بۆ لای پزیشکێکی دەرونی یا پزیشکی هەر پسپۆڕیەکی تر، دەیبەن بۆ لای مەلایەک کە ئەمیش پیاوێکی یاریدەدەری هەیە پسپۆڕە لە دەرهێنانی جنۆکە و جادو لە لەشی مرۆڤ، دەرهێنەری فیلم ئەم ڕۆڵەی داوە بە پیاوێکی ڕوخسار زۆر ناشیرین وترسناک، باشە پیاوێک ڕۆلی فریادڕەس و دوکتۆر و ڕزگارکەر ببینێ بۆ قۆز و باڵابەرزێکی وانەبێت کە خوشكی خۆی حەیرانی بێت؟      بۆ ئازاردانی دەرونی بینەر دەبێت ئەمیش وەک دیمەنە ترسناکەکانی تری فیلمەکە بێت؟ تەنیا دیمەنێکی جوان من لە فیلمەکەدا بینیم وێنەی گۆڕی دایکی کچەکەیە و چەپکە گوڵە کەی سەری!

مەلا و یاریدەدەرە دراکۆلاییەکەی بە هەندێ ئایەتی قورئان و اللە اکبر و جم و جوڵی هیستیریایی کچەکە وەک پەڕجویەک (موعجیزە) چاک دەکەنەوە و ژیان ئاسایی دەبێتەوە.

من دوای 25 ساڵ ژیان و هێنانی دوکتۆرا لە دەرونناسی و کارکردن وەک پزیشکی دەرونی  لە ئەڵمانیا و 12 ساڵی تر لە 2009 وە لە سلێمانی بەردەوامم لە پسپۆڕییەکەمدا.

ئەوەی لە فیلمەکەدا هاتوە ڕاستە، لە کاری ڕۆژانەمدا سەدان بەسەرهاتی وام بیستوە کە بە ئێستاشەوە ڕودەدەن ، فیلمەکە لە سەر بناغەی ئەم بەسەرهاتە ڕاستەقینانە دروستکراوە، بەڵام ئایا فیلم دەبێت ئاوێنە یا کۆپیی کوتومتی وێنە و ڕوداوە ڕاستەقینەکان بێت؟ نەدەکرا لە فیلمەکەدا چارەسەرە زانستیەکە بخرێتە ڕو نەک درۆ و خەڵەتاندنی ئەوەی نەخۆشیی دەرونی بە دەرهێنانی جنۆکە و جادو و نزای شەڕ چارەسەر بکرێ ؟ یا باشتر نەبو فیلمێکی دۆکومێنتاریی پڕ زانیاریی ورد لە سەر بابەتی خەرافیات و بیری پوچ و بیبنەما و نا لۆژیکی ئاینی و نائاینی دروست بکەن و چارەسەری کێشەکەش لە ڕوی زانستیەوە بخەنە ڕو؟

وادیارە  بەرهەمهێنەر و هەمو تیمی فیلمەکە باوەڕیان بە هەمو ئەو خەرافیاتانە هەبێت بۆیە دەرهێنەرناهێڵێ پاڵەوانەکەی هانا ببات بۆ گوگل و کتێب و ڕاوێژکاری دەرونی و کۆمەڵایەتی و پزیشکی دەرونی یا پزیشکی مێشك و دەمار و پسپۆڕیەکانی تر، ئەو هەر مەلایەک و جادو- دەرهێنێکی ناشیرینی بەسە کێشەدەرون- کۆمەڵایەتیەکانی ژنە پاڵەوانەکەی پێ چارەسەربکات! هەزار جار مەخابن !! ئاخ کوردی داماو!.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی