هزرمەندی ئەمەریکی بەڕەچەلەک
ژاپۆنی «فڕەنسیس فۆکۆیاما» لەکاتی داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت و ونبوونی کوتلەی شوعی کتێبێکی
بەناونیشانی «کۆتایی مێژوو و مرۆڤێکی تر» لەساڵی 1992 بڵاوکردەوە ، کە پووختەکەی سەرکەوتنی
لێبڕالیەتی سەرمایەداری بوو وەک سیستەمێکی ئابووری کە تاکە ڕێگایە بۆ بەرزکردنەوەی
بژێوی مرۆڤ و باشترین سیستەمە کە مرۆڤ پێیگەیشتبێت…ئایا ئەگەر دۆخی کورد وابڕوات ئەمەش
نابێتە کۆتایی مێژووی کورد ؟! ئەمە مانای ئەوە نیە کە کورد قڕببن یان لەسەر نەخشەی
جیهان بزربن ، بەڵام ئەوە دیارە و دەبینرێت کە کورد قەیران و تەنگوچەلەمەیان لەگەڵ
یەکتری و لەناو یەکتری لەزۆربووندایە ، ترس لەسەر کورد بۆمبی کیمیایی و دڕۆن و موشەکی
پالیستی نیە ، ترس لەسەر کوردستان ئەوەیە کە لە قەیرانێکدا دەژیت زۆر ترسناکترە لەجەنگ
، قەیرانی ژیان لەگەڵ زەمەنێکی جیاوازدا و درێژکردنەوەی دووبەرەکی کۆن ، ئێمە ئیستا
لە زەمەنه شەستەکانی سەدەی بیستەمدا دەژین و بەو عەقلیەتە کوردستان بەڕێوەدەبەین و ، لەنێو زەمەنێکی تریشین کە دەمانگەڕێنیتەوە
بۆ «1500» ساڵ لەمەوبەر ، بۆیە کە سەیری نەخشەی جیهانی کوردستان دەکەیت ، مرۆڤ
تووشی بێئومێدی و نەگبەتی و بەدبەختی دەبێت کە لەچ حاڵەتێکی خەراپ دایە !! جا بۆ کۆتایی
مێژوو وەسفێکی ڕاست نەبێت بۆ کورد ؟! سەیرەکە لەوەشدایە کە خەڵکی کوردستان بە دەسەڵاتدا
و نادەسەڵات ڕۆلی دیاریان هەیە لە دڕاندنی ئەم نەخشەیە و ، وڵاتانی ناحەزی کوردیش
پلانی ستراتیژیان داڕشتووە کە ئامانجەکەی قولکردنەوەی زیاتری دووبەرەکی و دابەشبوون
و هەڵساندنەوەی رقوکینە خەفەکراوەکانی دەیان ساڵ و نانەوەی پشیووی و ، مەساحەیکی بەتاڵ
لەناو چوارگۆشەیەکی ڕەسمکراو بۆیان جێهێشتووین ، کە لەناویدا وا جوولەبکەین وەک ئەوەی
ئازادبین ، بەڵام نەتوانیین لێیدەرچین ، ئینکاری ئەوەش ناکرێت کە لەهەندێک قۆناخی
میژوودا هەندێک جار کورد تەسلیم نەبووە و جەنگێکی بێئامەنی کردووە بۆ فەشەلپێهێنانی
ئەو ستراتیژیە جەهەنەمیە ، بەڵام خۆخۆری خۆی و وڵاتانی زلهێز و دراوسێکان بە مەقاشەکانیان
کوردیان هێناوەتەوە ناو چواگۆشە ڕەسمکراوەکە ، وەک ئەوەی ئێستا لەناویداین ، هەر ئەمەشە
وایکردووە ببینە ئەلقەیەکی لاواز لە هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان و ، وایلێکراوە
کە زۆر بەئاسانی گەمەی پێبکرێت و دەستبەسەر خاک و ووزە و سەرچاوەکانی بگیرێت ، هەموو
ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێت کە کوردستان بە پلەی یەکەم لەڕووی سیاسیەوە نەخۆشە ، ئەم نەخۆشیە
درێژخایەنە دووچاری دەیان نەخۆشی تری کردووە کە پێویستی بە «پزیشکی سیاسی- الطب
السياسي » هەیە بۆ چارەسەرکردن و تەداویکردنی بێباکی و کەللەڕەقی و پشێووی سیاسی و
بەرژەوەندی …تاد ، نیشتیمان لەسەر تۆڵەسەندنەوەی سیاسی دەرێژخایەن بونیاتنەنراوە ،
ژیانی ئەو نیشتیمانە هەمیشە لە شەڕ و دووبەرەکی و بەرژەوەندی تەسک بەفیڕۆچووە و ،
دەبێت بە حیواری نیشتیمانی قەرەبوو بکرێتەوە ، حیوارێک کە جێگای هەمووانی لێبکریتەوە
بە هەموو کەسی ڕازی و ناڕازی ، گفتوگۆ و حیوار لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پەیوەستە بە
دروستکردنی ئاییندە و پلاندانانێکی باش و ، لەبەر ئەوەی هەڕەشە لەسەر هەرێمی
کوردستان-ی خەونی سەد ساڵە هەیە ، ئەوڕۆ لەهەموو کات زیاتر پێویستیمان بە دایەلۆگی
سیاسی هەیە بۆ ڕێکخستنەوەی نێوماڵ و دانانی
پلان بۆ ئایندە لە هەموو بوارەکاندا ، نەک
هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی بچووک و غەنیمەی کەم و دەستکەوتێک کە هیچ بەهایەکی
نیە .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی