سبەینێ (31/ 3/ 2024)،
دوایین وادەیە بۆ رادەستکردنی ناوی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی
کوردستان؛ بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق و، چەند ئەگەرێک لەئارادان:
1- دیسانەوە "پارتی" ناوی کاندیدەکانی
پێشکەشنەکات و کۆمیسیۆن-یش چەند رۆژێکی دیکە بۆ رادەستکردنی ناوی کاندیدەکان، درێژبکاتەوە،
یان کۆمیسیۆن وادەی خۆتۆمارکردن دابخات.
2- پارتی ناوی کاندیدەکانی پێشکەشبکات و وادەی
خۆتۆمارکردن لە کۆمیسیۆن کۆتایی پێ بهێنرێت.
بۆ یەکەمیان: ئەگەری ئەوە
هەیە لەسەروی کۆمیسیۆنەوە، دانوستان لەئارادابێت لەسەر وردەکارییەکانی پشتی پەردەوە
بۆ رێکەوتن لەسەر ژمارەی دەنگی لایەنەکانی بەشداربوی هەڵبژاردن، یان ئەگەری
دواخستنی هەڵبژاردن. یاخود: ئەگەر هیچ کام لەوانە نەبون، ئەگەری شڵەژانی سیاسیی و
پێکدادان هەیە، یان لەشکرکێشیی، کە دۆخێکی نەخوازراو بێتە ئاراوە و هەڵبژاردن پەکبخرێت.
بۆ دوەمیشیان، سیناریۆگەلێکی
دیکە لەئارادان، لەوانە:
+ لەڕۆژانی کۆتایی
بانگەشەی هەڵبژاردن دا، دۆخەکە بشڵەژێ و ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردن دروستبکرێت.
+ هەڵبژاردن بکرێت
و سندوقێکی زۆری دەنگدان قردێلەی سوریان لێبدرێت و کۆمیسیۆن بە بەتاڵ هەژماریان
بکات و پارتی-یش ئەنجامی هەڵبژاردن رەتبکاتەوە و رایبگەیەنێت کە ئەنجامی هەڵبژاردن
پیلان بوە لەدژی و بەتەواوەتیش لە بەغداد بکشێتەوە و بە ئیعازی چەند وڵاتێکی عەرەبیی
و دراوسێ، بەشێکی هێزەکانی سوننەیش (بەتایبەتیی حەلبوسی) لەگەڵیدا بکشێنەوە و گرژیی
و ئاڵۆزیی لەناوچە سوننەنشینەکان و بەشێکی شیعەنشینەکانیش دروستببێت و لەو سەروبەندەیش
دا، "صدر" بێتەوە گۆڕەپانەکە و دۆخی عیراقیش بشڵەژێ و "داعش"
جوڵەی زیاتر بکات و زەروڕەتی مانەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیش لە عیراق دا، ببێتە
دیفاکتۆ... هەمو ئەمانە، رەنگە پێش هەڵبژاردنیش روبدەن.
- لە بەغدادەوە،
کاردانەوە دروست ببێت و بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی و لەژێر ناوی "نەبونی شەرعییەتی
دەستوریی و ئینتیخابیی"، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم و سەرۆکایەتیی هەرێم هەڵبوەشێنرێنەوە
( هەرچەندە بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم - هەموارکراوی خولی پێنجەم-، تەمەنی یاسایی
سەرۆکایەتیی ئەم خولەی هەرێم، لەگەڵ کۆتاییهاتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان
دا، ئەویش کۆتایی پێهاتوە) و سەرئەنجام هەرێمی کوردستان-یش بکەوێتە بۆشایی تەواوەتیی
یاسایی و کارگێڕیی و تەنانەت ئەمنییشەوە.
هەمو ئەمانە، سیناریۆی
چاوەڕوانکراون و رەنگە هەنگاوێکیان پێش ئەویدیکەیان بکەوێت...
داهاتوی نزیک، زۆری لە
هەگبەدایە و هیوادارم گەلەکەمان لەزیان بەدوربن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی