پێویستە هەرێم بخریتە ژێر سەرپەرشتی (الوصایة) نێودەوڵەتی

02/07/2024

د. كامەران مەنتك


دۆخی هەرێم گەیشتۆتە ئاستێك چاوەڕوانی رووداوی زۆر مەترسیداری لێدەكرێت، لەلایەك لەسەر ئاستی جیهانی سیستەمێك خەریكی ماڵئاوایی كردنەوە وسیستەمی نوێی جیهانی هێشتا رێكنەخراوە نەچەسپاوە، ئەمە جۆرە فەوزاو ململانێیەكی ترسناكی لە سیاسەتی جیهانیدا هێناوەتە بەرهەم، كە سەرتاپای مرۆڤایەتی خستۆتە بەردەم ئەگەری شەڕێكی گەورەی جیهانی، هەرچەندە ئەو ئەگەرە لاوازیش بێت، بەڵام بوونی هەیە! لەلایەكی تر سیستەمی هەرێمی خەریكە خۆی كۆدەكاتەوەو ئەو كێشانە چارەسەر دەكات، كە دوای روخانی بلۆكی رۆژهەڵات سەریانهەڵدا، بۆ نمونە سیستەمی سیاسی لە ئێراق كەوتۆتەوە سەرپێی وخەریكە نەك هەر مەترسی هەڕەشەی دابەشبوونی لەسەر نامێنێت، بگرە ناوەند هێندە بەهێز بووە، كە بە جدی كار لەسەر گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ناوەندی دەكات، بەمەش هەموو ئەو شتانە كەوتۆتە ژێر هەڕەشەوە، كە لەدوای راپەڕینەوە كەوتۆتە دەست كورد، دۆخی سیاسی ناوچەكە بە ئاڕاستەی قۆناغێكی تر لەشەڕی ساردو بە تامپۆنبوونەوەی كوردستان لەرووی جیۆپۆلەتیكییەوە، سیماكانی بە دیاركەوتوون.
 ئێراق وەك ئەندامێكی كارا لەو سیستەمە هەرێمییەی لەرێگەدایە، كە زۆر لە قۆناغی شەڕی ساردی یەكەم دەچێت، خەریكە رۆڵی گەورە دەگێڕێت، هەوڵەكانی بۆ بەیەكەوە كۆكردنەوەی ئەسەدو ئەردۆگان زەنگی مەترسییەكی ترسناكە بۆ دامەزراندنەوەو بەهێزكردنەوەی مەنزومەیەكی هەرێمی، كە هەمدیس جێگەی كوردی تیا نابێتەوە، وەك دەرهاویشتەیەك بۆ ئەو گۆڕانكاریانە، كار لەسەر ئەوە دەكرێت، رژێمە دزێو بووەكەی ئەسەد بگەڕێنرێتەوە سەر گۆڕەپانیی نێودەوڵەتی وخەریكە پڕەنسیپی سەروەری لە سوریا بە كردەیی دەكەوێتەوە كار، كە پێشتر ئێجگار كاڵ ببووەوە.
 هێندەی پەیوەندی بەكوردەوە هەیە، باكوور شێلگیرانە خەباتێكی مەدەنیانەی پێشكەوتوو دەكات ودەزگای وای دامەزراندووە، كە لە هەڵبژاردنەكاندا ململانێ لەگەڵ گەورەترین هێزە دەسەڵاتدارەكانی توركیا دەكات، لەرووی سەربازیشەوە هێزێكی تۆكمەی وای دامەزراندووە، كە هیچ هێزێك نەتوانێت بیسەنگرێتەوە ورووبەڕووی هەموو مەترسییەك دەبێتەوە، بەڵام بیركردنەوەی كلاسیكی وپێكهاتەی حزبی لە باشوورو رۆژهەڵاتی كوردستان نەك هەر یارمەتیدەر نین بگرە كۆسپی گەورە نەك بە تەنیا بۆ باكوور بگرە بۆ هەموو كوردستان دروست دەكەن، رۆژهەڵاتی كوردستان بە تەواوی سركراوەو هێزە سیاسیی وچەكدارەكانی تا رادەیەكی زۆر قۆڵبەست كراون، باشوور، ئەو هەرێمەی خەونی هەموو كوردستان بوو، ئێستا بە كردەیی شكستی هێناوەو لەناوەخۆ هەڵوەشاوەتەوە، ئەو ئەزموونە نەك هەر نەیتوانی لە ماوەی سی سێ ساڵدا سەركەوتن بەدەست بێنێت، بەڵكو كرایە ئامڕازێكیش بۆ لێدانی بزووتنەوەی كورد لەهەموو پارچەكانی كوردستان، بەرژەوەندیخوازی حزبی وبنەماڵەیی وایكردووە نەك هەست بە مەترسی قۆناغەكە نەكرێت، بگرە لە دۆخێكی ئاڵۆزی وەكو ئێستادا خەریكە دەهۆڵی شەڕی ناوەخۆ دەكوتنەوە وتەڕو وشك بەیەكەوە دەسوتێنن!
 بۆئەوەی هەرێم لەو مەترسییە ناوەخۆ ودەرەكییانە رزگاربكرێت، كە بەداخەوە بەهۆی ئەو هۆكارانەی ئاماژەمان پێكرد لە توانای كورد خۆیدا نییە، بۆیە بەپشت بەستن بە مادەی 77 لەبەندی دوازدەی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان، خەڵكی كوردستان بۆیان هەیە، داوای سەرپەرشتیكردن(وصایة) لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بكەن، باشترین چارەسەر ئەوەیە هەرێمی كوردستان ببێتە ناوچەیەكی لە چەك داماڵڕاو ئەركی پاراستنی بكەوێتە ئەستۆی كۆمەڵگەی نێودەولەتی، بەمەش دەتوانێت لە لایەك خۆی بپارێزێت، لەلایەكی تر سەقامگیرییەكی وا بێنێتە دی، كە هاوڵاتیانی ئەو هەرێمە بتوانن بە ئارامی وئاسوودەیی ودوور لە هەڕەشەكان بژین، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە زۆرترین ئیمزا كۆبكرێتەوەو لەرێگەی داوایەكەوە پێشكەش بە نەتەوە یەكگرتووەكان بكرێت.






ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی