فریای بەھدینان بکەون

11/07/2024

ھیوا سەید سەلیم

دەڤەری بەھدینان لە بەردەم پڕۆسەیەکی مەترسیداری داگیرکاری دایە، بەھدینان سروشتی لە ناو دەبردرێت، دارو و درەختی دەستوتێنرێت، گژوگیای گڕیگرتووە، ڕەزو پاوانی جوتیاران کراوەنەتە بەشێک لە ئامانجی  ئەو ئاگرەی کە سوپای تورکیا بە بەرنامە بەریداوەتە گوندە سنوریەکانی بەھدینان،کەچی دونیا لە ئاست ئەو تاوانە بێدەنگە، میدیاکان و ڕاگەیاندنکاران ناگەنە شوێنی کارەساتباری ناوچەکە، تەنانەت لە ناوخۆشدا لەئاست ئەو کارەساتە سرووشتیە بێ دەنگی ھەڵبژێردراوە!!

شایانی باسەر، لە رۆژی 15ی حوزەیرانی ئەمساڵ،  سوپای تورکیا وەک ئەوەی بەرنامەی بۆدانابوو ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی لە قوڵای خاکی ھەرێمی کوردستان لە دەڤەری بەھدینان و بەشێکی دەڤەری برادۆست دەستپێکردووە، لە بەھدینان بە قوڵای نزیکەی بیست کیلۆمەتر ھاتۆتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی لە ڕێگەی بۆردومانی فرۆکە و تۆپبارانەوە ناوچەیەکی بەرفراوانی سووتاندووە، ئەو ناوچانەی کردۆتە بنکە و بارەگای سەربازی بۆ ئەم مەبەستە بە ھەزاران سەربازی تازە و بە سەدان تانکی سەربازی ھێناوەتە ناوچەکە، لە سنوری باتیفا تا بەرواری باڵا و لەوێشەوە بۆ دەڤەری ئامێدی و دێرەلوک و شیلادزێ کراوەتە مەیدانی جەنگ.جار جاریش لەو ناوچانە بازگەی سەربازی دادەنێت و داوای ناسنامە لە ھاوڵاتیانی ناوچەکە دەکات.

سوپای تورکیا لە ئۆپراسیۆنە تازەکەیدا دەیەوێت سیناریۆی داگیرکردنی عەفرین لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان جێبەجێبکات، ئەوەش بە تێکدانی سرووشتی ناوچەکە و داگیرکردنی و جێگیرکردنی ھێزی جۆراوجۆر کە بەشێکیان بریتین لەو ھێزە تیرۆرستیانەی کە رۆژگارێک لەپاڵ رێکخراوی تیرۆرستی داعش دەجەنگان.

ئامانجی تورکیا لەو کارەیدا درووستکردنی پشتێنەیەکی سەربازیە، ئەوەی خۆی ناوی ناوە پشتێنەی ئەمنی، بۆ دابڕاندنی ھەرێمی کوردستان لە سنووری وڵاتەکەی، ئەو کارە داگیرکاریشەی لە کاتێک دایە کە دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان بێ دەنگ کراون و جارەجارەش پاساو بۆ کارە داگیرکاریەکەی سوپای تورکیا دەھێنەوە، پەکەکە بە ھۆکاری ئەو داگیرکارەیە تۆمەتباردەکەن.

ئەو سیاسەتە داگیرکاریەی تورکیا کە ئێستا لە بەھدینان ئەنجامی دەدات، پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالمان دەھێنێتەوە یاد، وەک چۆن بەعس بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئەنفال سەرەتا دێھاتەکانی کردە ئامانج و ڕایگواستن و خاکەکەی کردە سووتماک ئینجا پڕۆسەی ئەنفالی دەستپێکرد .

بۆیە بۆ ئەوەی رێگری لە ئەنفالێکی دیکە بگرین،  دەبێت کۆتایی بەو بێدەنگیە بھێنرێت، لەوە زیاتر چاوپۆشی لە داگیراکاری تورکیا نەکرێت. دەبێت ڕای گشتی بجولێنرێت، نوێنەرانی کورد لە بەغدا فشار بکەن تا بەغدا پێتە سەر خەت، بەوە پێیەی ئەوەی تورکیا لەسەر خاکی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات پێشلکاری شکۆ و سەروەری خاکی عێراقیشە، ھێزە کوردستانیەکانی چوار پارچەی کوردستان دەبێت ھەڵوێست بنوێنن، شەڕ کارەساتە، لەوش کارەساتتر ئەوەیە شەڕەکە بگۆڕدرێت بۆ شەڕی کورد بە کورد، ئەگەر ئەمڕۆ بەھدینان داگیر بکرێت سبەی تورکیا سەردەکێشێت بۆ داگیرکاری ناوچەکانی دیکە، بۆیە بەیەکڕیزی و یەکھەڵوێستی دەتوانین فریای بەھدینان بکەوین و ڕێگا لە داگیرکاری تورکیا بگرین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی