فریای زمانی کوردی بکەون

13/07/2024

کاوەی مەلا حسێن

یەکێک لەئەرکەکانی ڕاگەیاندن پاراستنی زمانە، بەڵام بەداخەوە بەشێکی باشی ڕاگەیاندنی کوردی نەک زمانیان نەپاراستووە وکاریان بەو ئاراستەیەدا نەکردووە، بەڵکو خۆیان بوونەتە ناوەندێک بۆ شێواندنی وشەی کوردی، بەبێ گەڕاندنەوە بۆ کەسانی پسپۆڕی بواری زمانی کوردی، ئاخر وشەی دکتۆر لە (Doctor) وەرگیراوە، بۆ دەیکەیت بەدکتۆرە، وشەی دکتۆر لەزمانی کوردیدا بۆ هەردوو ڕەگەز بەکاردێت، یاخود وشەی کاتژمێریان کردووە، بەکاژێر، لەگەڵ بەکارهێنانی و شێواندنی چەندین وشەو دەستەواژەی دیکەی پاراوی کوردی، لەئێستا زۆر پێویستە کۆبوونەوەیەکی زانستی بۆ پاراستنی زمانی کوردی ئەنجامبدرێت، بەئامادەبوونی کەسانی شارەزاو پسپۆڕی بوارەکەو بانگهێشتنی هەموو ناوەندە دیارەکانی ڕاگەیاندن و لایەنانی دیکەی پەیوەنددار، جا کۆبوونەوەکە چی وەزارەتی ڕۆشنبیری پێی هەڵسێت، یاخود بەشەکانی زمانی کوردی لەزانکۆکانی هەرێم.

زانکۆکانیش پشکی شێریان بەرکەوتووە
بەداخەوە، ئەم شێواندنی زمانە هەر لەڕاگەیاندنەکاندا بەدیناکرێت، بەڵکو ناوەندی زانکۆکانیش خۆیان ڕۆڵێکی زۆر خراپ دەگێڕن لەو شێواندنەدا،  بەکارهێنانی چەندین دەستەواژەی بیانی بۆ کۆبوونەوە زانستی و سیاسی و ئابوریەکانیان وەک (Symposium) بۆ کۆڕی زانستی بەکاردێت، ئەمەش بەداخەوە وەک نەخۆشییەکی لێهاتووە لای بەشێکی باشی مامۆستایانی زانکۆ کە پێیانوایە بەکارهێنانی وشە و دەستەواژەی بیانی ئاستی بەرزی زانستی ئەوان دەردەخات، بەڵام بەکارهێنانی وشەی پاراوی کورد ئاستی زانستی ئەوان نابێت، بۆ ڕێگرتن لەشێواندنی وشەی کوردی دەبێت وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕێنمایی ناوەندەکانی زانکۆی ئاگاداربکردایەتەوە لەبەکارنەهێنانی دەستەواژە ناپێویستە بیانییەکان لەکاتی بەکارهێنانی هەر وشەیەکێشدا بکورددێنرێت لەلایەن شارەزایانی زمانەوانە پاشان بەکاربهێنرێت.

بەرپرسیارێتی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان
بەرپرسیارێتی هەرێم لەبەرامبەر زمانی کوردیدا لەئاستیکی زۆر لاوازدایە، لەکاتێکدا  حکومەتی کۆماری مهاباد کە دەکوێتە سەپێی خۆی یەکێک لەهەنگاوەکانی پاراستنی زمانی کوردی دەبێت و هەموو نوسراوەکانی نێو بازاڕ و شوێنە گشتیەکانیان دەکات بەکوردی، بەڵام پاش زیاتر لە۳۰ ساڵ حکومڕانی لەهەرێمی کوردستاندا نەتوانراوە زمانی کوردی بپارێزڕێت بەشێوەیەکی زۆر کاریگەر لەو بوارەدا کاربکات، بۆیە چۆن پاراستنی زمان واتا پاراستنی کلتورو داب و نەریتی و نیشتیمان، بەبێ مانەوەی زمان ئەمانە هیچ واتایەکی نییە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی