کەرکوک وەکو ناسنامە نەک بازاڕی ساغکردنەوەی کوردایەتی

13/07/2024

سۆزان حەمەتاتە


کوردانی کەرکوکی خۆڕاگر، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق، ناسۆرییەکانی چەندین ساڵەیان لەبیرکرد و بەدەنگەکانیان کوردستانیبوونی شارەکەیان سەلماندەوە، زۆرینەمان دوای ئەو ئەنجامە، کە دەبوو زۆر باشتریش بێت ئەگەر حزبەکان یەکگرتووبوونایە، چاوەڕوانی ئەوەمان لێدەکردن ناکۆکییەکانیان وەلاوەبنێن و بەیەکگرتوویی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک هەڵبژێرن، کەچی ئەوەشیان نەکرد.
کەرکوک وەکو سلێمانی و هەولێر نییە، بەڵکو وەکو مەهاباد و ئامەدە، ئەوان لەبەردەم پرۆسەی تەفریس و تەتریکن و کەرکوکیش پرۆسەی تەعریب، بۆیە مەترسییەکانی سەر ئەوان یەکجار گەورەن و پێویستیان بە کوردایەتییەکی راستەقینە هەیە نەک موزەیەف.
دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک، ئەرکێکی هەنووکەیی و گرنگە، شەڕی سەلماندنەوەی ناسنامەی راستەقینەی شارەکەیە، هەر کەمتەرخەمییەک باجەکەی قورس دەبێت و جگە لەوەی بۆ ماوەیەک کورد دەسەڵاتی نابێت لە شارەکە، هاوکات دەبێتە هۆی بێهیوابوونی کەرکوکییەکانیش لەوەی دڵسۆزیی و بەشداریی راستەقینەیان لە سەرخستنی لیستی کوردی هیچ بەهایەکی نییە و نەبووە.
کورد لە کەرکوک سەرکەوتن و شکستی کەوتووەتە دەستی خۆی، یەکگرتوویی سەریان دەخات و ناتەباییش دەبێتە هۆی سەرکەوتنی ئەوانی دیکە، هیچ هۆکار و بیانوویەکیش بۆ روودانی ئەگەری دووەم نییە جگە لە نادڵسۆزی و خەمساردی و بانگەشەکردن بۆ کوردایەتییەک کە راستەقینە نییە.
ئاسانە بۆ یەکێتی و پارتی لە هەولێرەوە رێکبکەون و کوردستانیبوونی کەرکوک نەدەنە دەست قەدەری سیاسی و سەربازیی هێزگەلێک کاری یەکەم و کۆتاییان بۆ ئەوەیە شارەکە لەڕێگەی یاساوە تەعریب بکەن و دوای چەند ساڵی دیکەیش ئاسانتر بتوانن بەدەنگ بەسەر کورددا سەربکەون، ئەوکات بڕیاربەدەستانی کوردستان مێژوویەکی رەش تۆماردەکەن و ناتوانن بڕوا بە نەوەی داهاتوو بهێنن کە دڵسۆز و خەمخۆری کەرکوک بوون.
پارێزگار لەهەر هێزێکی کوردی بێت گرنگ نییە، بەڵکو ئەوە گرنگە عەرەب یان تورکمانێک نەبێتە پارێزگاری شارێکی رەسەنی کوردستانی کە سەد ساڵ زیاتر لەپێناویدا خەبات دەکرێ و رۆڵەی کوردستانی خوێنی خوی بۆ پاراستنی ناسنامەکەی دەبەخشێ.
کاتێک حزبەکان بەناوی کوردایەتییەوە دەیانەوێت یەکتر بشکێنن، ئەوا دەبێ بزانن شەهیدانی کوردستان لەناو گۆڕی پیرۆزیاندا ئازار دەچێژن و رووناکی مەنزڵیی پیرۆزیان بە رەشەبای بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی دەکوژێتەوە، لەوەش دڵنیادەبنەوە خوێن و رۆحیان بەهایەکی نەماوە و هەڕاج دەکرێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی