یەکێتی و پارتی لە کەرکوک خەریکی چین!

15/07/2024

مەجید ساڵح



(١)
هەواڵەکان لە کەرکوک خاس نایەژن، عەرەبەکان دەڵێن رێکەوتنمان لەگەڵ پارتی هەیە و پارێزگار بۆ ئێمە دەبێ و پارتیش بێ دەنگە و نە رەتی دەکاتەوە نە ئەرێی بۆ دەکات.تورکمان دەڵێن لەگەڵ یەکێتی لێک تێگەیشتنمان هەیە و  یەکێتیش بێ دەنگە.
هەر بەڕاست لە کەرکوک چ باسە!؟
(١)
کورت و کرمانج، گەر پارتی بێ یەکێتی بچێتە هاوپەیمانیەتیەکەوە کە کوردێک نەبێتە پارێزگار و لە جێگەیدا عەرەبێک حوکمڕانی پارێزگاکە بێت، ئەوا بێ دوو دڵی و گومان خیانەتە لە کورد و لە پارتی و لە خودی مستەفا بارزانی کە لە هیچ زەمانێک و لە ژێر هیچ گوشارێکدا  دەست بەرداری کەرکوک نەبوو هەر دەیوت کەرکوک دڵی کوردستانە.
خۆ گەر یەکێتیش بێ پارتی مساوەمە لە سەر مافی کورد بکات و رازی بێت تورکمانێک دوو ساڵ بە دوو ساڵ، یان تەنانەت بۆ یەک رۆژ  تورکمانێک یان عەرەبێک ببێتە پارێزگاری کەرکوک، ئەوا خیانەتە لە کورد و هەزاران شەهید و لە مام جەلال و دروشمەکەی کە دەیوت کەرکوک قودسی کوردستانە. 
(٣)
ئەم شێوازی کارکردنەی یەکێتی و پارتی، بەداخەوە هاوکاتە لەگەڵ بێ دەنگی خەڵکی کوردستان و کەرکوک بە تایبەتی و میدیای لەغاوکراوی کوردی و کڕوکپی رۆشنبیران و  سیاسەتمەداران و حزبەکانی دەرەوەی مەنزومەی پارتی و یەکێتی...!
بێدەنگییەک  کە چارەنووسی نەتەوەکەمانی بردوەتە تونایتونێکی بێ کۆتایی و تونێلێکی بێ روناکی مەترسیدار....

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی