سپاردنی کێشەکانی کەرکوک بەڕۆژگار

17/07/2024

مەلا فه‌رمان محه‌مه‌د

کێشەکان لەکۆنەوە دروستبونەو ئێستاش بەردەوامن: کێشەی جوتیار و زەوی، کێشەی تەعریب، کێشەی گۆڕینی سیمای شار، کۆنە سەربازگەی تۆپزاوە و دروستکردنی مۆنیومێنتی ئەنفال، گەڕەکە کوردەکان، خوێندن و پەروەردە، زمانی کوردی  و دەستور، نەدانی قەرزی کشتوکاڵی بە جوتیارانی کورد، نەدانی پلانی کشتوکاڵی و مۆڵەتی بیر هەڵکەندن ، کارگەیی پەلەوەر و بلۆک ....هتد بە بیانوی نەبونی تاپۆی زەویەکان.

بۆ تاپۆیان نییە!
بەر لە ١٩٧٥ جوتیاری کورد خاوەن زەوی و تاپۆی خۆی بوە، بەشێکی پێیاندەوت تاپۆی رەشی عوسمانی، دوای هەردو بڕیاری سەرکردایەتی شۆڕش و لیژنەی کاروبارەکانی باکوری بەعس وهێنانی عەرەبی هاوردە، زەویەکانی کورد و تورکمان خرانە سەر ناوی عەرەبی هاوردە بە گرێبەست یان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی بەرگری عێراق.

مانەوەی ئەم کێشە گەورانە دوای ٢١ ساڵ بە چارەسەرنەکراوی دەری دەخات :
١-چۆن چارەسەری کێشەکان بە رۆژگار سپێردراوە.
٢- دەسەڵاتی سیاسی حیزبی کوردی کەمتەرخەم و کورتبینن.
٣-هێندەی خەریکی کاری خۆیان بونە لە بەغدا، خەریکی کێشە گشتیەکان نە بونە. ئەوەی زانراوە چەند بەرپرسێکی حیزبی کێشەی خانو و زەویەکانی خۆیان وەک تاک لە بەغدا چارەسەر کردوە.
٤-خۆنەناسین، هێزی بازو و پشتکردن لە چارەسەری یاسایی: ئەو ١٤ ساڵەی دەسەڵاتی حیزبی کوردی لە کەرکوک بو ، لە بەغدا دەستیان د ەڕۆیی، وەک پێویست کاریان لەسەر چارەسەری یاسایی نەکردۆتەوە. کێشەی خانوەکانی گەڕەکی نەورۆز و جێگر و وەزیری مالیەی عێراق بە نمونە. (وشیار زێباری، فواد حوسێن، فازل نەبی ).
ئێستاش لە گەڵ مانەوەی ئەم کێشانە لە ٢٠١٧ وە تادێت:

یەکەم: فشاری سەربازی و یاسایی بۆ سەر پێکهاتەی کورد بە گشتی و بۆ سەر جوتیاران بە تایبەتی لە زیادبوندایە: بە سەربازگەکردنی ناوچە کوردیەکان بە گەڕانەوەی سوپا بۆ هەمان شوێنی سوپای عێراق بەر لە ٢٠٠٣ . لە کاتێکدا ئەم ناوچانە بچوکترین کێشەی ئەمنی نییە.

دوه‌م: فشاری یاسایی: هانی عەرەبی هاوردە دەدرێت تەنانەت ئەوانەی قەرەبوی ٢٠ ملیۆن دیناری مادەی ١٤٠ وەرگرتوە و گەڕاونەتەوە کەرکوک، لە دادگا شکات لە جوتیارانی کورد بکەن. بە پشتبەستن بە گرێبەستی کشتوکاڵی سەردەمی بەعش.

سێیه‌م: تەعریب: گواستنەوەی تۆماری باری کەسێتی سەدان خانەوادەی عەرەب بۆ سەر کەرکوک لەدیالەو شوێنەکانی تری عێراقەوە.

ئێستاش بی ئەوەی پەند لە هەڵەی ٢١ ساڵی رابردو وەربگیرێت، کێشەکانی کەرکوک بە رۆژگار دەسپێردرێت. کەرکوکیەکان کێشەکان دەبینن، ئازاریان دەدات و هاتونەتە دەنگ، کەچی دەسەڵات  دەیبین و دەیبیستن بەڵام  کەمتەرخەمن و خۆلێگێلدەکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی