تەنها خەمی نانت نەبێت

18/07/2024

کاوەی مەلا حسێن

ڕاستە بژێوی ژیان زۆر گرنگەو هەموومان پێویستە هەوڵی جدی بۆ بدەین، هەر وەک دەوترێت نەبوونی لەهەر کوێ بوو کوفر بۆی ڕادەکات و ڕەواج بەبازاڕی خۆی دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت پرسی پەروەردە لەبیرکەین و بەبابەتێکی هەستیار سەیری نەکەین، ئەمڕۆ ئەوەی مەترسییەو ڕووی لەم کۆمەڵگەیە کردووە پرسی پەروەردەکردنی منداڵەکانمان و نەوەکانمانن، چونکە لەئێستادا بەئاڕاستەیەکی زۆر خراپ کار لەسەر پەروەردەکردنی نەوەو لاوەکانمان دەکرێت، نەوەیەکی جنێوفرۆش، نەوەیەک هیچ بەهایەک بۆ پیرۆزییەکان و بەهایەک بۆ پەروەردەکارەکانیان دانەبێن، ئەمڕۆ کار لەسەر ئەوە دەکرێت لەتیکتۆک کەسایەتی خۆت لەکەدارکەو قسە بەخەڵکی بڵێ بۆ چەند دینارێک، ئەمڕۆ پێت دەڵێن لەم بازاڕی کارکردنەدا کە کچەکان چۆن خۆیان لەژێرناوی مۆدێلدا خۆیان هەڕاجکەن بۆ سامان و ئۆتۆمبێل پاشان دەبن بەکایەی نێو سۆشیال میدیا..

 لەبەرامبەر ئەو ئاراستەدا لێپرسراوێتی گەورە لەسەرشانی هەموومانە بەگوێرەی پێگەو تواناو کەسایەتیمان، ئەمڕۆ تەنها پەروەردەکردنی منداڵەکانی خۆت نابێت هەموو خەمت بێت، بەڵکو پەروەردەکردنی منداڵان نێو کۆڵان و شارەکەت و کۆمەڵگەکەت دەبێت لەئەجندای کارەکانت بێت، بیاسێنیت کێیەو ئەرک و بەرپرسیارێتی چییە لەسەر ئەم گۆی زەویەدا، پێی بڵێت ئەو بۆ ئاوەدانکردنەوەی زەوی و نیشتمانەکەی هاتوە نەک بۆ تێکدان و پیسکردنی ژیان و ژینگەکەی.

لەئاست ئەم شەپۆلەدا پێویستمان بەمیدیایەک هەیە هەست بەبەرپرسیارێتی بکات و پەیام و بابەتەکانی  بەشێوەیەک بن، فیدباکێکی ئەرێنی لەسەرتاکەکان دروست بکەن، لەئێستادا پێوستمان بەقەڵەمێکی بەوێژدان و نیشتمانپەروەرو بەرپرس و مامۆستایەکی ویژدان زیندوو هەیە هەست بەم مەترسییە بکات، لەبەرامبەر کارکردن بۆ بێ بەهاکردنی بەهاکان.

ئاگاداربن دەبێت دەنگ بەکێ بدەین
چەند مانگێکی کە پرۆسەی هڵبژاردن دەستپێدەکات دەبێت بزانین سەپۆرتی کێ دەکەین و کێ دەکەین بەنوێنەرو پەرلەمانتاری خۆت، ئاگاداربە دەنگدان بەرپرسیارییەتێیەکی گەورەی دونیایی و دینییە، دەبێت کەسێک ببەیتە پیشەوە بەپرۆژەو کردارو گفتاری لەهەموخەمی میللەت و کۆمەڵگەدابێت، دەنگێک بێت خزمەتی پەروەردەو تاکەکانی کۆمەڵگە بکات، ڕێگربێت لەو ئاراستەیەی هەموو هەمێکی گەرمکردنی ئەم بازاڕە پڕ لەدرۆ و بێڕێزیکردن بێت بەهەموو بەهاکان و ئامانجی بەکاڵاکردنی کچان و کۆڕان بێت لەم بازاڕی بەناو سەرمایەدارییەدا..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی