یەکەمەکان، دووەهەمەکان، زیرەکەکان تەمەڵەکان

20/07/2024

جیهاد محەمەد


ئەم بەزمە ناشیرینە هەموو ساڵێک دەستپێدەکاتەوە. هەموو ساڵێک ئەو خێزانانەی منداڵیان دەگاتە شەشی ئامادەیی ئیتر تووشی دەیان دەردەسەری و نەخۆشی دەبن. ساڵیان لێ دەبێت بە ساڵی جەنگ و کێبرکێیەکی بێ مانا و پووچ. دەبێت لەو ساڵەدا بایکۆتی ماڵە خزم و کەسوکار بکەن و هەمیشە ماڵەکانیان کپ و بێدەنگ بێت تا منداڵەکەیان بتوانێت زیاتر چاوی خۆی کوێر بکات. بۆ ئەوەی نەبێت بە جێگەی تانە و تەشەری خزمان، چونکە ئەوە بۆ هاوسەرگیرییشی خراپە.

ئەو خێزانانەی ناتوانن مامۆستای تایبەتی بۆ منداڵەکانیان بگرن تا وانەی تایبەتیان پێ بڵێنەوە. دەبێت بە ئازاری دڵ و دەروونی خۆیان و منداڵەکانیان. 

ئەو خێزانانەی دەوڵەمەندن و پارەی زۆر دەدەن بە مامۆستا تایبەتی منداڵەکانیان  خۆیانی پێوە فش دەکەنەوە و خۆیان ڕادەدەن گوایە منداڵەکەیان (زیرەک)ە.

کاتێکیش هاتە سەر ئەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوە ڕاگەیەندرا. ئەم هەواڵە لە ڕادیۆ و تیڤی و رۆژنامەکان بڵاودەکرێتەوە. دەبێت بەتەلەفوون و تەلەفوونکاری ناو خێزانەکان، ئەوی نمرەی باشی هێناوە. دیاری بۆ دەبرێت و پیرۆزبایی لێ دەکرێت، ئەوانەشی نمرەی کۆلێژە بە حساب (باش)ەکانیان نەهێناوە، دەبێت بەداخ و خەفەت، وەک ئەوەی منداڵەکەیان تەواو پاشەڕۆژێکی ڕەشی هەبێت و هەموو دەرگاکانی ژیان لەسەری داخرابێت.

لەولاشەوە سەرۆکی حکومەت و وەزیری پەروەردە و سەرۆک حیزبەکان هەریەکە لای خۆیەوە بە پەلە دەکەونە ناردنی پیرۆزبایی بۆ یەکەمەکان.

ئەم حاڵەت و دیاردەیە هیچ نییە تێنەگەیشتن نەبێت لە بەهای پەروەردە و فێربوون.

لایەک لە کوردستان داگیرکراوە. دەیان هاتوهاواری خەڵک گوێ کەڕ دەکات  لە تاو بێ ئاویی و بێ کارەبایی و دەیان نادادپەروەرریی و نایەکسانیی، کەچی هەمووی بیردەچێتەوە و باس دەبێت بە باسی ئەنجامی تاقیکردنەوەی شەشی ئامادەیی. 

لە لایەکی تریشەوە مامۆستایانی فێرگە حکومیی و ناحکومییەکان هەر ئەوەیە دەست نادەنە یەخەی یەکتری دەیان جار یەکتری تاوانبار دەکەن و دەبێت بە زەم و زەمکاری یەکتری.
 
ئەمساڵ خێزانێکی کورد لە بەریتانیا(ماڵی کاک بەهادین مەلا عارف) هەردوو کوڕەکەی نمرەی زۆر بەرزیان هێنا، بەڵام چونکە لە بەریتانیا باسی زیرەکی و تەمەڵی نییە، چونکە جیاوازی کۆلێژی پزیشکیی و هیچ کۆلێژێکی تر نییە، هەردوو کوڕەکەیان بە ئارەزووی خۆیان کۆلێژی تریان هەڵبژارد و نەچوونە کۆلێژی پزیشکیی.

هیوادارم وەزارەتی پەروەردە ئەم حاڵەت و دیاردە نەخوازراوە بنەبڕ بکات بۆ ساڵا ی دواتر.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی