گارەو مەتین لەچاوەڕوانی پەلاماری تورك

22/07/2024

سەرتیپ جەوهەر

 

هێرش و پەلاماردانی تورك بۆ باشوری كوردستان بەردەوامە. دەزگاكانی راگەیاندنی پارتی و یەكێتیی و تەنانەت میدیاكانی عیراقیش لەم لەشكركێشی و پەلاماردانەی تورك تورك بێدەنگن. 
بەپێی زانیاریی ناوچەكان تائێستا رووبەرووبونەوەیەكی مەیدانیی لەگەڵ هێزەكانی پەكەكە لەناوچە سنورییەكان نەبووە، هێزەكانی پەكەكە خۆیان لەبەرەنگاربوونەوەی تورك دەپارێزن، بەڵام تورك رۆژانە هێزو چەكی زیاتر دەهێننە باشوری كوردستان و ناوچەی نوێ‌ داگیردەكەن.
سەبارەت بەو هەواڵانەی چەند سەرچاوەیەكی راگەیاندن باسیان لەهێنانی چەكداری عەرەبی گروپە توندڕەوەكانی سوریا كردووە، تائێستا هیچ سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو پشتڕاستی نەكردۆتەوە. بەر لەچەند ساڵێك چەند رەبیەیەكی توركیا عەرەب هەبوون، بەڵام نەزانراوە ئەو عەرەبانە عەرەبی مێردین بوون یان چەكدارانی گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی سوریا.
بەپێی سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو، ئەو هێزانەی تورك خۆیان بۆ پەلاماردان و دانانی چەند بنكەیەكی سەربازیی گەورە لەهەردوو شاخی گارەو مەتین ئامادە دەكەن، بۆیە رۆژانە هێزی زیاتر دەهێننە ناوچەكە. 
هەردوو شاخی گارەو مەتین لەشاخە هەرە سەختەكانی كوردستانن، لەتوانای هیچ هێزێكی سەربازیی نییە كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە، بۆیە زیاتر لە 30 ساڵە توركیا نەیتوانیوە كۆنترۆڵیان بكات. بەڵام رەنگە تورك بیانەوێ‌ دوو بنكەی سەربازیی گەورە لەسەر هەردوو شاخ دابنێن.
شاخی گارە دوو هەزارو 100 مەتر بەرزەو مەتین-یش 1900 مەتر لەئاستی دەریا بەرزە و دارستانی چڕو بەرزو نزمی زۆر سەخت و سروشتێكی تایبەتیان هەیە.
هێزەكەی تورك بنكە یان خاڵی سەربازیان چەند شوێنێكی قەدپاڵی شاخی مەتین داناوە، بەنیازن بنكەیەكی سەربازیی گەورە لەگەلی رەشاڤە دابنێن و خەریكی دامەزراندنین بۆ پاڵپشتیكردنی پەلاماردانی شاخی گارە، بۆیە ماوەیەكە خەریكی كۆكردنەوەی چەك و هێزی نوێن رەنگە لەم ماوەیە پەلاماری شاخی گارە بدەن، بەڵام كۆنترۆڵكردنی زۆر زەحمەتەو رەنگە پەكەكەش خۆی بۆ رووبەرووبونەوەیەكی گران لەگەڵ ئەو هێزەی تورك ئامادەكردبێت.
لەگەڵ هاتنی هێزی تورك، هێزەكانی پەكەكەش لەچەندین ناوچەی جیاواز زیاتر هاتوونەتە قوڵایی باشوری كوردستان، ئەوەی زیاتر بینراوەو چەند سەرچاوەیەك پشتڕاستیان كردۆتەوە هێزەكانی رۆژ كە لەكوردانی سوریا لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكراوە، لەدۆڵی نەهلەو دینارتە جێگیركراون. 
.
.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی