باج چییە

25/07/2024

سلێمان مستەفا حەسەن


باج بریتییە لە داهات یان ماڵی تاکەکان کە بەمەبەستی  دانی بەشێکی بۆ بودجە گشتی دەوڵەت ، بە  یاسا لە لایەن دەوڵەت دادەنرێت و دەسەپێنرێت ،بێ گومان جۆرەکانی باج و پۆلین کردنیان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە ، لەعێراق وهەرێمی کوردستان چەندین یاسای پەیوەندیدار هەیە ، بەڵام ڕێژەکەی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە ، بۆ نمونە لە هەندێ وڵاتی ئەوروپا رێژەی باج لەسەر داهاتی هاوڵاتیان نزیک دەبێتەوە لە ڕێژەی ‌٪10 بۆ ٪30 ، بەڵام بەر لە هەر شتێ پرسی باج  ڕەهەندی یاسایی و هونەری و مرۆی و فەلسەفی هەیە .
لە عێراق پرسی باج و ڕسومات لە دەستوری هەمیشەیی ساڵی 2005 دا پێگەی تایبەتی پێدراوە  ، 
بەپێی ماددەی ‌ (28 )برگەی یەکەم باج و ڕسومات ناسەپێنرێت و هەموار ناکرێت و وەرناگیرێت ولێبوردن نایگرێتەوە تەنها بە یاسا نەبێت (لاتفرض الضرائب والرسوم ولاتعدل ولاتجنی، ولایعفی منها، ٳلا بقانون ) کەواتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت باج و رسومات بەپێی یاسا دابنرێن ، ئەو یاسایانەی بەرکارن لە عێراق و هەرێمی کوردستان چوارچێوەی یاسایین بۆ سەپاندنی باج و ڕسومات ، ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان پرسی باج بۆتە پرسی ڕۆژ ، لەناو ماڵباتەکان و پیشەوەران و خاوەن کارگەکان ، بەمەش پانتاێکی زۆری لە میدیاو سۆشیال میدیا داگیر کردوە ، نوێترین بابەتی پەیوەندیداریش نوسراوێکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە بەژمارە (3393)لەرێکەتی 23 / 7 / 2024 بە واژۆی بەڕێز سەرۆکی دیوان ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم کراوە ، سەبارەت بە رێکاری باج ، لەنوسراوەکەدا ئاماژە بە چوار بابەت دەدات و لە پێشەکیەکەیدا هاتوە ( لەسەر فەرمانی بەرێز جەنابی سەرۆکی  ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی رەچاوکردنی دۆخی دارایی هاوڵاتی و پیشەوەرانی هەرێمی کوردستان کاری پێویست ئەنجامبدەن ) کەلە هەرچوار خاڵەکەیدا  باس لەڕاگرتنی وەرگرتنی باج دەکات ، ڕەچاوکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان و هەوڵاتیان لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان هەرێمی کوردستان جێگای دەستخۆشیە ، بەڵام بنەمای سەپاندو لێخۆشبونی باج بەهەر هۆکارێک بێت پێویستی بە یاسایە ،بڕگەی یەکەمی ماددەی 28 ی دەستوری هەمیشەیی بڕیاری کۆتاییە ، ئێستا دەسەڵاتی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاسایی دایە ، بۆیە ناکرێت بە پێچەوانەی دەستورو یاسا بەرکارەکانی پەیوەندیدار بە باج و رسومات ، باج بسەپێنرێت یا بەوەستێنرێت ، بۆیەچارەی گونجاو لە ئێستا کارکردنە بە یاسا بەرکارەکانی عێراق لە بواری باج ، لەهەموو بارەکاندا سەپاندنی باج بۆ بەرژەوەندی گشتیە ، بۆیە گونجاو یاسایی نییە بەدەر لە یاسا و پرنسیپەکانی باج و رسومات بسەپێنرێن و وەرگرتن یان ڕابگیرێن .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی