بۆچی هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە؟

26/07/2024

ئیحسان یاسین زەڵمی



خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت لە چەند ڕوویەکەوە جیاوازە:

١. بۆ یەکەمجارە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی کوردستان ئەکات بە پێی لیستی بایۆمەتری خۆیان کە زۆرێک لە مردووان و خەڵکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان ناتوانن بە قازانجی پارتی و یەکێتی دەنگ بدەن.

٢. هەڵبژاردنەکە بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی کورسییەکانی کەم کراوەتەوە بۆ (١٠٠) کورسی ئەویش دابەش کراوە بە سەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا کە پارێزگاکانی (هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجەو دهۆک)ە، بەو پێیە هەر ناوچەیەک نوێنەری خۆی ئەنێرێتە پەڕلەمانی کوردستان.

۳. بە پێی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ئەو شوێنەی ڕێژەی کەمی خەڵکەکەی بچونایە بۆ  دەنگدانی مافی ناوچەکەیان ئەفەوتان، ناوچەیەکی تر کە زۆرتری خەڵکەکەی دەنگیان بدایە کورسیەکان بۆ ئەوان ئەبوو، سلێمانی لە خولی پێنجەمی پەڕلەمان هەشت کورسی ڕۆشتبوو بۆ دهۆک و هەولێر بە هۆی کەمی بەشداری هاووڵاتیانی سلێمانی لە دەنگدانەوە، بەڵام ئەمجارە (٣٨) نوێنەری ئەچێتە پەڕلەمانی کوردستان.

٤. جیاوازیێکی تری هەڵبژاردنی ئەمجارە بە هۆی چوار بازنەییەوە هەندێ وردە حیزبی دروستکراو کە بە ئاوازی دەسەڵات ئەخوێنن و ژمارەیان لە (٢٧) حیزب زیاترە نامێنن چونکە ناتوانن بچنە پەڕلەمان، حیزبەکانی دەسەڵاتیش بە هۆی جیاوازی هەڵبژاردنی ئەمجاارە ناتوانن بە دەنگی سوپا سەربازییەکەیان یان تەزویرات کەسێکیان ببەنە پەڕلەمان.

بەو هیوایەی هاوڵاتیان بە گەرم و گوڕییەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و تۆڵەی خۆیان لەم دەسەڵاتدارە زاڵمانەی هەرێم بکەنەوەو نوێنەرانی دەس بە دەسنوێژو ڕاستگۆو بە ویژدان و لە خواترس بنێرن کە ترسیان لە سێ لێپرسینەوە هەبێت، (محاسەبەو لێپرسینەوەی خودا، لێپرسینەوەی حیزبەکەیان، لێپرسینەوەی میللەت کە ئەوانی ناردووەتە پەڕلەمان).

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی