بۆ کەس چیتر عێراقی بەلاوە گرنگ نیە ؟

21 کاتژمێر پێش ئێستا

عادل باخەوان



لەنێوان 2003 و 2019دا، زۆ ربە دەگمەن هەفتەیەکمان دەستدەکەوت کە سەرکردەیەکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە پایتەختێکی گەورەی جیهانیدا پێشوازی لێنەکرێت، هەر لە واشنتۆنەوە تا دەگاتە پاریس و لەندەن و بەرلین و هتد. زۆر بەدەگمەن هەفتەیەکمان هەبوو کە چەندین سەرکردەی جیهانی سەردانی بەغدا و هەولێر نەکەن. بەڵام لە 2019 وە، ئیدی وردە وردە، عێراق لەنێو سیستمی جیهانیدا کاڵ و کاڵتر دەبێتەوە بەڕادەیەک کە لە کۆتاییەکانی 2024دا چیتر کەس عێراقی بەلاوە گرنگ نیە و کەس عێراق ناکڕێت و چیتر بۆ کەس عێراق چەقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە. هۆکارەکان زۆرن، بەڵام لەپێش هەموویانەوە، ئەم پێنج خاڵەی خوارەوەن.
یەکەم : کۆتایی حیکایەتی ئەمەریکا لە عێراقدا. کاتێک عێراق لەلایەن گەورەترین زلهێزی جیهانیەوە داگیرکرابوو، هەموو جیهان رویان لە عێراقبوو. کە ئەم حیکایەتە تەواودەبێت، ئیتر بایەخی جیهانیش بە عێراق کۆتاییدێت.
دووهەم : کۆتایی حیکایەتی داعش. پاش ئەمەریکا، کە حیکایەتە گەورەکەی داعش دەستپێدەکات، دیسانە هەموو جیهان گرنگی بە عێراقدەداتەوە و بەغدا و هەولێر دەبن بە چەقی جیهان. بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی داعشیشدا، دیسانەوە جیهان پشت لە عێراق دەکاتەوە.
سێهەم : حیکایەتی میلیشیاکانی حەشد. پاش جەنگی داعش دەکرا، لە ڕێگای پرۆژە ڕادیکاڵەکانیانەوە، وەک یەمەن و لوبنان، میلیشیا عێراقیەکان حیکایەتی گەورە دروستبکەن، بەڵام عێراق لەمەشدا شکستی هێنا و بەهەموو میلیشیاکانیەوە کە ژمارەیان دوو سەد و سی و سێ هەزار ئەندامە و بوجەی ساڵانەیان نزیکەی سێ ملیار دۆلارە، نەیانتوانی وەک حوسیەکانی یەمەن حیکایەتێکی گەورە دروستبکەن.
چوارهەم : حیکایەتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان. کاتێک کە کورد ئەم بڕیارە دەدات، حیکایەتێکی گەورە بە جیهان دەبەخشێت و چاوی هەموو دنیا دەگەڕێتەوە سەر هەولێر و بەغدا. کە ئەم حیکایەتەش کۆتایی دێت، ئیتر چەقی گرنگی جیهان بەرەو شوێنی دیکە دەڕوات.
پێنجەم : کۆتایی حیکایەتی پرۆژەی ئابوری زەبەلاح.  پاش دروستبوونی کابینەکەی سودانی، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەهمی ئەوەی بۆ دروستبووبوو کە رەنگە موحەمەدەکەی ئێمە، وەک موحەمەدەکەی سعودیە، ڕوانینی گەورەی ئابوری هەبێت و ڕێگای گەشەپێدانیش تەنها بەشێکی بچووکی ئەو ڕوانینە بێت. بەڵام ساڵێکی بەسەردا نەچوو، ئێستا هەموویان چاوەڕوانی ئەوەن کەی حکومەتەکە هەڵدەوەشێتەوە !
بەڵێ، لە ئێستادا عێراق هیچ حیکایەتێکی گەورەی نیە کە لەڕێگایەوە جیهان بەرەو خۆی ڕابکێشێت و گەر بەم شێوەیە بەردەوامبێت، لە پەراوێزەکاندا بە بێدەنگی گەر نەشمرێت، کزۆڵ کزۆڵ دەمێنێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی