چارەسەری كێشەی فەلەستین و گروپە چەكدارەكان

11 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرحان جەوهەر



كێشەی فەلەستین بە درێژای سێ چارەكی سەت ساڵی رابردوو. یەك لە هەرە كێشە ئاڵۆزەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، فەلەستین كێشەی میللەتێكە، هیچ ئازادیخوازێك لە تەواوی جیهاندا نابینی لەگەڵ رەوایەتی كێشەكەیاندا نەبێت، كەواتە پرسیار ئەوەیە ئەی بۆچی چارەسەر نابێت؟ حەقە گەلی فەلەستین پێش هەموو گەلان و كەسانی تر ئەم پرسیارە لەخۆیان بكەن، وە بەدوای وەڵامەكەیدا بگەڕێن، بزاڤی رزگاریخوازی فەلەستین بەدرێژایی مێژووی خۆی هەڵەی زۆریان كردووە، ئەوانیش وەك هەموو بزاڤەكانی تری جیهان، لەناویشیان بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان. هەرچەندە ئەو دەرفەت و پاڵپشتییەی ئەوان هەیانبووە، بۆ كەم لە بزاڤە شۆڕشگێڕییەكانی تری جیهان رەخساوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی هەڵەكانیانەوە تا ئێستا نەیانتوانیووە بگەنە ئامانجەكانیان، یەك لە هەڵە  هەرە باوەكانیان ئەوەیە سروشتی كێشەكەی خۆیان و لایەنی ناكۆك لەگەڵیان ناناسن، فەلەستینییەكان ساڵانێكی زۆر كێشەی خۆیان كردبووە كێشەی هەموو عەرەب، هەموو عەرەبیش كێشەكەیان كردبووە كێشەی خۆیان، دوای شەست ساڵ بەفیڕۆدانی توانایەكی زۆر لە هەموو رووێكەوە، ئینجا بەئاگا هاتنەوە كە عەرەب ناتوانێت رزگاریان بكات، بۆیە لەم ساڵانەی دوایی هاتن و سروشتی كێشەكەیان گۆڕی بۆ كێشەی هەموو جیهانی ئیسلامی، كورد گووتەنی ئەمجارەش لەبەر با چوونە بەر باران، پێموایە ئێستا تێگەیشتن ئەوەی  لە ساییەی پشتبەستن بە هەندێك لە وڵاتانی  ئیسلامی و گروپە چەكدارە ئیسلامییەكان بەسەریان هاتووە، زۆر گەورەترو بە ئازارترە لەوەی لەساییەی عروبەدا بەسەریان هاتووە، سیاسەتوانانی دنیای عروبە، ساڵانێكی زۆر بازرگانیان بە كێشەكەیانەوە كرد، ئێستاش سیاسەتوانە ئیسلامییەكانی وەك گروپەكانی حەماس و حزب اللە و هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكەش بازرگانییەكی باش بەكێشەكەیانەوە دەكەن، بۆیە هەروەك چۆن وڵاتانی عەرەبی و بیری عروبە نەیتوانی فەلەستین رزگاربكات، بەهەمان ئەندازەو زیاتریش گروپە ئیسلامییەكان و ئەوانەی پاڵپشتیان دەكەن ئەم كارەیان پێناكرێت، بۆیە زۆری پێناچێت فەلەستینییەكان چۆن لە وەهمی عروبە بەئاگاهاتنەوە، بەهەمان شێوەش لە وەهمی  گروپ و حیزبەكانی ئیسلامی سیاسی بە ئاگادێنەوە، بەڵام دوایی زەرەرو زیانێكی گەلێك زۆرتر لەسەردەمی عروبە، چونكە ئەوەی ئێستا بەسەریاندا هاتووە گەلێك گەورەترە لە زیانی حەفتا ساڵی خەباتی رابردوویان لە گەڵ عروبە.
كاتی ئەوە هاتووە فەلەستینییەكان بیر لە رێگە چارەیەكی تر بۆ كێشەكەیان لەگەڵ ئیسڕائیل بكەنەوە، پێموایە باشترین رێگای چارەسەر بە جیهانی كردنی كێشەكەیانە، چونكە كێشەی ئەوان وەك هیچ كێشەیەكی تر نییە، لەسەر ئاستی هەموو جیهان ناسراوەو پاڵپشتییەكی زۆریشی لێدەكرێت، ئەو خۆپیشاندانەی ئەم ساڵ لە ئەمریكاو هەموو ئەوروپا بۆ پشتگیری ئەوان ئەنجامدرا لە هیچ وڵاتێكی ئیسلامی وێنەی نەبوو، بەڵام كاتێ ئاڵای حزب اللە و حەماس لەناو ئاپۆرای خۆپیشاندەران بەرزكرایە، ئیدی چیتر پاڵپشتییەكە وەك خۆی نەمایەوەو خۆپیشاندانەكانیش كۆتاییان هات، كێشەی فەلەستین وەك  كێشەی كوردە، بەهەندێك جیاوازییەوە، فەلەستینییەكان دووچاری وەهمێك بوونە، لەو بڕوایەدان ئەوان بەهۆی جیاوازی ئایینییەوە ئەمەیان بەسەردا هاتووە و قڕ دەكرێن، چونكە دوژمنەكەیان جولەكەیە، كەچی ئەمە بیركردنەوەیەكی زۆر هەڵەیە، باسەیری كێشەی كورد بكەن، داگیركەرانی كوردستان هەموویان دەوڵەتی ئیسلامین، كەچی ئەوەی بەسەر كورددا هاتووە لەسەردەستی  ئەو وڵاتە ئیسلامیانە، بەهیچ شێوەیەك بەسەر ئەواندا نەهاتووە، بێننە بەرچاوتان ئەگەر لەسەردەمی سەددام حوسێندا، پێشمەرگە لەشارێك بان و چووبانە ژێر زەوی و تونێلیان لێداباو سارۆخیان هاوێشتابایە سەر بارگایەكی بەعس، چی دەقەوما؟ یان ئێستا ئەوەی حزب اللە و حەماس لە دژی ئیسڕائیل دەكەن، كوردەكان لە سنەو مهاباد یان لە وان و جەزیرە، ئەو كارە بكەن چ بەسەر كوردەكان دێنن؟!خۆ هەردوو دەوڵەتیش موسڵمانن، بۆیە پەیوەستكردنی كێشەكەیان بە ناكۆكی ئایینی هیچ سودیان پێناگەێنێت، پێموایە فەلەستینییەكان چ نزیك یا دوور دەگەنە ئەو بڕوایە، كە چارەسەری كێشەكەیان هەر بەرۆژئاوا دەكرێت، وەك چۆن رۆژئاوا ئێمەو ئەوانی دابەشكردووە، هەردەبێت ئەوانیش چارەسەری كێشەكەمان بكەن، خۆ ئەگەر ئەمریكاو ئەوروپا نەبن، ئەو هەرێمەی ئێستای كوردستان بەهیچ شێوەیەك نەدەبوو، ئێستاش پاڵپشتیمان نەكەن، چۆن كاتی خۆی عروبەی سوننی قڕیان كردین، ئێستاش بەدەست عروبەی شیعە قڕدەكرێینەوە، خۆ هەردوولامان موسڵمانیشین، بۆیە ئەوەی لە فەلەستین روودەدات، هیچ پەیوەندی بە ئایینەوە نییە، بەڵكو كێشەی خاكە، هەمیشە خاك كێشەیەكی زۆر گەورەیە، ئەگەر بچووكی بكەینەوە بۆسەر ئاستی كۆمەڵایەتی، دەبینین كێشەی زەویێك لە نێوان چەند برایەكی دایك و باوكی، دەبێتە هۆی كوشتنی برایەكان، بۆیە كێشەی خاك و زەوی هیچ پەیوەندی بەئایین و رەگەزەوە نییە، بەڵام رەگەز و ئایین دەكرێنە بیانووی كێشەكە.
بەریتانیا لە رابردوودا بۆ بەرژەوەندی خۆی، هەردوو خاكی كوردستان و فەلەستینی دابەش كردووە، بەڵام هێشتا لەگەڵ فەلەستینییەكان باشتر بوونە، چونكە هەر نەبێت كاتی خۆی نیوەی خاكییان پێداون، بەڵام رازی نەبوون،  كەچی هەموو خاكی كوردستانیان داوە بە دوژمننەكانی،  سەرەڕای ئەمەش هاوكار بوونە بۆ لە ناو بردنی گەلی كوردستان، ئەم هەردوو كێشەیە وەك چۆن خۆیان (رۆژئاوا) دروستیان كردووە، هەردەبێت خۆشیان چارەسەری بكەن، ئەگەرنا نە فەلەستینییەكان و نە ئێمەش خۆمان دەتوانین چارەسەریان بكەین. هەر وڵاتێك لەدەرەوەی چوارچێوەی ئەمریكاو ئەوروپا هاوكاری هەرلایەكمان بكەن، بەكارهێنانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هەركات بەرژەوەندیان تەواو بوو هاوكارییەكانیش دەوەستن، بۆیە حەقە فەلەستینییەكان بیرێك لە خۆیان و چارەنووسیان بكەنەوە، ئەویش رێگەی ئاشتی و گفتوگۆو بە جیهانی كردنی كێشەكەیانە، چونكە لەدەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا قوربانییەكان دەبننە سەت هێندەی ئێستا، كێشەكەش چارەسەر نابێت، بەتایبەتی لەسەردەمی ئێستای تەكنۆلۆژیادا، بیرو باوەڕەكەت چەندە بەهێزبێت، كێشەكەت چەندە رەوابێت، بە گفتوگۆو ئاشتی نەبێت، بەشەڕ هیچت دەستناكەوێت، چونكە ئەگەر شەڕ بە بیرو باوەڕ كرابا لەسەردەمی ئێستادا، دەبوو بەهیچ شێوەیەك قاعیدە و داعش لەناو نەچووبان، یان دەوڵەتێكی نۆ ملیۆنی وەك ئیسڕئیل، لەبەرامبەر چوارسەت ملیۆنی عەرەب لەناوچووبا، لەسەردەمیی پێشووش هەروابووە، مەغۆلەكان بەهۆی داهێنانی جۆرێك لەقەوسێكی رم و هاوێشتنی لەسەر پشتی ئەسپ لەكاتی غارداندا، توانیان زۆربەی دنیای رۆژهەڵات داگیر بكەن، عوسمانییەكان بەهۆی تۆپەكانیانەوە توانیان بۆ ماوەی دووسەت ساڵ حوكمی ئەوروپا بكەن، بەڵام كاتێ ئەوروپا بەهۆی بزووتنەوەی رێنیسانسەوە پێشكەوت و چەكی پێشكەوتووتری داهێنا عوسمانییەكانیان شكاند، عەرەبەكانیش بەهۆی مادەیەكی سوتێنەر لەناو مەنجەنیقیان دەكرد تا ئیسپانیا رۆیشتن.
لەسەردەمی ئەمڕۆشدا رۆژئاوا پێیان ناوەتە نێوە جەنگێكی ئەلیكترۆنی، لەدووری هەزاران كیلۆمەتر و لە پارێزراوترین شوێنی دنیا دەتكوژن، ئەوەی لەم رۆژانەدا لە لوبنان بەسەر ئەندامانی حزب اللەدا هات شایەنی دەرس لێوەرگرتنە.


‏20‏/09‏/2024

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی