بانگەشەی هەڵبژاردن‌و میزاجی هاوڵاتیان

15 کاتژمێر پێش ئێستا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

وەک روونە، کۆمیسیۆن بڕیاریداوە لە سەعات دوانزدەی ئەم شەوەوە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستپێبکات، هەر کاتێک باس لە کردەی هەڵبژاردن کرابێت لە هەرێمی کوردستان، زۆرترینجار وەک چەمکێکی بێزراو یان ماندووکەر و نەویستراو پیشاندراوە، ئەمەش نەک شتێکی باش نییە بەڵکو قەناعەتێکی ناتەندروستە کە هەم لەگەڵ چەمکی دیموکراسی و هەم لەگەڵ مافی تاک و هاووڵاتیانیش یەکناگرێتەوە.

بەشداری دەنگدار و ویستی بەشداری لە هەڵبژاردن، راستەوخۆ پەیوەستە بە هوشیاریی تاکەوە، تا تاکی دەنگدەر بڕوای تەواوی بە هەڵبژاردن هەبێت هێندەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە هەر بارودۆخێکدا ئەنجامبدرێت، باش و کاریگەر دەبێت، بەپێچەوانەیشەوە چەندە تاک ساوازیی ببێتەوە لە دەنگدان و بایەخ بە هەڵبژاردن نەدات، هێندەش نیشانەی پرسیار لەسەر هوشیاری تاک دادەنێت و ئەگەری ئەوە دێتەپێش کە مافی دەنگدانی تاک لەهەڵبژاردندا بقۆزرێتەوەو نەدرێت.

ئەگەر تاکی کورد، هوشیاری لەسەر کۆی گشتی پرۆسەیەک هەبێت کە بە (بانگەشە) دەستپێدەکات تا دەگاتە دەرئەنجام و پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکومەت، دەبێت زۆر ئاسایی وەریبگرێت ئەگەر بانگەشە دۆخێکی جیاوازتر لە کاتە ئاساییەکانی تر دروست بکات و وێنە و تابلۆی کاندیدەکان و بانگەشەی حزب و پەیامی کاندیدەکان شار و شەقام و جێگاکانی تر بگۆڕێت بۆ کەشێکی هەمەڕەنگی سیاسی و پڕ پێکدادانی پەیام و هێرشی وشە!.

ئەگەر بڕوامان بە کردەی هەڵبژاردن و بانگەشەکردن هەبێت، دەبێت پرسی هێرشی کاندید و حزبەکان بۆسەر یەکتر، ئاساییترین قۆناغی بانگەشە بێت بەلامانەوە و نابێت بە قورس و نەکردەی بزانین و پێمانوابێت هەڵبژاردن بۆ ئێمەی کورد ناگونجێت، هەرکەس لەئێستادا بانگەشەی دوو کاندیدەکەی کۆماری (دۆناڵد ترەمپ) و (کامالا هاریس)ی دیموکراتەکانی ئەمریکا ببینێت، تێدەگات کە دەکرێت بانگەشە بچێتە قۆناغێکی توند و قورسیشەوە، تەنانەت دۆناڵد ترەمپ لە گەڕی یەکەمی ویلایەتەکەیدا لەگەڵ هێلاری کلینتۆن، تا پرسە ئەخلاقی و مۆراڵییەکانی هێلاری رۆشت و پێیگوت "تۆ ژنێکی باش نەبوویت بۆ کلینتۆن بۆیە خیانەتی لێکردیت، ئیدی چۆن دەگونجێت ببیتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".

مادام ئێمە بڕیارمانداوە بڕوامان بە سیستمێک هەبێت پێیدەگوترێت دیموکراسی، ئەوا جگە لە چەمکی (ناوزڕاندن و تۆمەتبەخشینەوە)، دەبێت رابێین لەگەڵ دەرکەوتن و بە باوبوونی هەندێک چەمک و سیگناڵی جیهانیش لەناو پرۆسەی بانگەشە و هەڵبژاردنی کاندید و حزبەکانی هەرێمی کوردستانیشدا.

هەڵبژاردن کردەیەکە بەدەرنییە لە مانا و مەفهومی سیاسیش، بۆیە دەبێت کەشوهەوای سیاسی و هەڵبژاردن تێگەشتن و میزاجی هاووڵاتی و تاکی کورد هەڵبکێشێتە سەرەوە و ئیدی مرۆڤی کوردیش ئەم بابەتە سیاسی و دیموکراسی و بابەتانەی هەڵبژاردن و بانگەشە بە گرنگ و مانادار بزانێت، نەک بە چەندان مانگ پێش بانگەشە و هەڵبژاردن هاووڵاتیان بڕیار لەسەر بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن بدەن و بە بێبەها و ناپێویستی بزانن، ئەوەش هەڵەیەکی گەورەیە و بە زۆری تاکی کورد ئەم هەڵەیە دەکات.

رەنگە میزاجی هاووڵاتیانی ئێمە هەڵبژاردنی زۆر! و بانگەشە و دەرکەوتنی کاندیدی هەمەجۆر قبوڵ نەکات و وەک شتێکی تێپەڕ لێیبڕوانێت، بەڵام ئەو قۆناغە نەک ناشیرین نییە، بەڵکو مانادانە بە دیموکراسییەت و کردەی هەڵبژاردن، گرنگیشە هەموو تاکێکی ئێمە دەستنەرم بکات لەگەڵ مانادان بە بانگەشە و هێرشی کاندیدان و حزبەکان بۆ سەر یەکتر، لەوەش تێبگات میزاجی سیاسی دەبێت هەموو ئەوانە قبوڵ بکات و هەیەو دەشبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی