دەسەڵاتەکان لەهەرێم سەرگەرمی چین!

16 کاتژمێر پێش ئێستا

none

کاتێ حزب‌و حکومەت لەمیللەت دەسەندرێتەوەو هەردووک بەبنەماڵەیی دەکرێن، لەسیاسەت‌و بەرنامەو بیرکردنەوە، پرسە نەتەوەیی‌و نیشتمانیەکان بەکردەیی وندەبن، لەجێیدا حەزی زۆرانگرتن بەیەکتردا بۆ ناشرینکردن‌و خستنی یەکتر زاڵدەبێت، پەنابردن بۆ بێگانەو دروستکردنی دوژمنی وەهمی ئاسایی دەبێت، یەکتر تەخوین دەکەن، ئیتر چ جوانەکیان دەمێنێ؟، لەهەرێمی کوردستان بەبنەماڵەکردن‌و پەیڕەوی سیستەمی بۆماوەیی لەدەسەڵات بۆتە دیاردەیەکی گشتیی.

ئەم دیاردەیە لە 60کانی سەدەی ڕابردووەوە لەمەلایی‌و جەلالیەوە سەرچاوەیگرت، پاشان پەڕیەوە بۆ یەکێتی‌و قیادەی موەقەتەو پارتی، کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان خنکێندرا، پارتی گەل نەما، ئیسلامیەکانیش جگە لەوابەستەیی ئایینی لەپەیدابونیانەوە بۆ ئێستا توشی ئەم پەتا پیسە بونە، لەشارەزوریش حزبی سۆسیالستی کاکە حەمەو کاکە عەبە دەردەکەیان گرت‌و گوڵەخانە بوو بەدوو.

بزوتنەوەی گۆڕانیش دوای کۆچی دوایی دامەزرێنەرەکەی بەشێوەیەکیتر تۆشی پەتای هەستکردن بوو بەتەوریسی سیاسی‌و حەزی پۆست‌و کورسی لای بەشێک لەسەرکردەکان، دەرئەنجامەکە دورخستنەوەو جیابونەوەو دەرگا لەسەرداخستن بوو، ئێستاش ئەوسەری ڕێگا نادیارە، بزوتنەوەیەک کە جێی ئومێدی کۆمەڵانی خەڵک‌و خاوەنی پڕۆژەی چاکسازیی‌و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمداری بوو لەکوردستان. ئێستاش زۆرن ئەوانەی هیوای هەڵسانەوە بۆ بەرنامەی گۆڕان دەخوازن لەو نەخۆشیە، ئەم حزبانە لەسەرەتا جێی متمانەی زۆرینەی میللەتبونە، بەڵام بەدرێژایی ڕۆژگارو پێگەیشتنی نەوەی سەرکردەکان توشی ئەم پەتایە بون.

لەڕۆژگاری ئێستادا کاریگەری ئەم پەتایە دەردەکەوێت لە:
یەکەم: پرۆسەی سەرژمێریی لەکەرکوک
بەتەنگەوەنەهاتنی لایەنەکان‌و دەسەڵات لەپرۆسەی سەرژمێریی، پرۆسەیەک گەر بەمشێوەیە له‌20ى 11ى 2024 ئەنجامبدرێت کورد دەستی بەردەبێ لەکەرکوک ناوچە دابڕاوەکان.

دووەم: کەرکوک
بارودۆخی کەرکوک‌و بەردەوامی پرۆسەی تەعریب لەدوای 2017، پارتی‌و یەکێتیی لەمشارەش ناتوانن پێکەوە کاربکەن.

سێیەم: کوردستان‌و کاریگەریی شەڕی ئیسرائیل
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵێ‌و پێشبینی گۆڕانکاریی گەورە دەکرێت، کەچی سەرانی حزبی کوردی لەهەرێم سەرگەرمی یەکتر شکاندن، لەدەنگی ئەو ساروخانەش بەئاگا نایەن کە بەسەر سەریاندا تێدەپەرن.

چوارەم: سەردانیکردنی سەرۆک خێڵەکان بەدەست‌و دیاریەوە لەپێناوی دەنگ کۆکردنەوە، کوردەواریش وتویه‌تى: دەست وەردەگرێ‌و چاو شەرمەکا، سەرۆک خێڵێش بەچاوەخواری خۆی دەدات بەدەستەوە. گەل‌و نیشتمانیش باجەکەی دەدەن. لەسەر خێڵ‌و سەرۆک خێڵ لەدەڤەری بادینان دەگێڕنەوە (لە 20کانی سەدەی ڕابردوو جەنابی مه‌حمود ئاغای زێبار بەمەرجەکانی ئنگلیز ڕازیی نابێت، ئاوارە دەبێت‌و دەچێتە لای جەنابی سمکۆ ئاغای شکاک، پاش ماوەیەک سمکۆ خوازبێنی کچی مه‌حمود ئاغا دەکات بۆ کوڕەکەی، گەورەیی ئەم پیاوە لەوەڵامەکەی دەردەکەوێ"، سمکۆ ئاغا لەکوڕی تۆ پیاوتری نادەم، بەڵام من ئێستا ئاوارەم‌و بارم خوارە، لای جەنابتم. کچتان نادەمێ، کەی گەڕامەوە سەر هەواری خۆم بەجلی خۆیەوە پێشکەشتان دەکەم".

دوا قسە، دەسەڵاتێک ئەمە بەرنامەی بێت، دوای 32 ساڵ لەحوکمڕانی پر لەشکست‌و نەهامەتی: بەگورگانخواردکردنی کەرکوک، بێ موچەیی، شکستی پەروەردە، کارەباو تەواوی جومگەکانی ژیان لەهەرێم، هاوڵاتیان بۆ دەنگی پێبدەن؟

ئەی چۆن‌و بەکێ دەنگبدەن؟ بۆ ئەوەی حزب‌و حکومەت ببێتەوە بەموڵکی میللەت، هەرچۆنێبێ، ئەمڕۆ بی یان سبەی دەبێ بەدەنگدان میللەت ئەم پەتایە چارەسەربکات.

مەلا فه‌رمان ـ کەرکوک

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی