ئایا کۆتایی سینوار کۆتایی قۆناغێکە؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئارام رەفعەت


بەگوێرەی هەواڵەکان، یەحیا سینوار بە رێککەوت کوژراوە نەک بە پلان. رۆژی چوارشەممە سەربازانی ئیسرائیلی لە پڕۆسەیەکی کێوماڵکردنی ئاساییدا و لە ناوچەی تەل سوڵتان سێ جەنگاوەری حەماس دەبینن کە لەهەوڵی راکردن و خۆ دەربازکردان لەماڵێکەوە بۆ ماڵێکی تر. 
ئیسرائیلەکان دەسڕێژی گوللەیان لێدەکەن و  سێ چەکدارەکە لەیەک دادەبڕێن و سەرەنجام هەر یەکەیان لە  پەنایەکدا و دوور لەیەکتری دەکوژرێن.
ئیسرائیلییەکان گومان دەکەن کە یەکێک لە سێ چەکدارە کوژراوەکە بە شکڵ و شێوە لە یەحیا سینوار دەچێت.
دوای پشکنینی دی ئێن ئەی گومانەکەیان وەڕاست دەگەڕێت.
ئەم شێوازی کوژرانە بۆخۆی بەقەد کوژرانی خودی سەنوار جێگای سەرنجە.
زەمینەی کوژرانی سینوار دەگەڕێتەوە بۆ زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسڕائیل دەربارەی ئەو ناوچەیەی کە سینواری لێیە. ئیسرائیلییەکان دەتوانن زۆربەی تۆنێلەکانی  ئەو ناوچەیە بڕووخێنن و سینوار ناچار دەبێت تۆنێلەکان بەجێبێڵێت و بەدوای پەناگایەکی ئەمینتردا بگەڕێت و سەرەنجام دەبێتە نێچیرێکی ئاسان و ئاسایی ئیسڕائیلییەکان.
ناکرێت سەرکردەیەکی سەربازی وەک سینوار کە رابەری یەکەمی سیاسی و سەربازی حەماس و ماستەرمایندی حەوتی ئۆکتۆبەر و کەسی یەکەمی داواکراوە لەلایەن ئیسرائیلەوە، هاوتای چەکدارێکی بێ پشت و پەنا و پەڕاگەندە، لەهەوڵی دەربازبوون خۆ قورتارکردندا بێت.
ئەو دەبوایە،  وەک چەند هەفتەی یەکەمی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر، لە بنکەیەکی سەربازی  مەحکەمەوە سەرکردایەتی  سەرجەم ئۆپەراسیۆن و شەڕەکانی دژی ئیسڕائیلی بکردایە، نەک ئاوا تەنیاباڵ و لانەواز بەدوای پەناگایەک بۆ حەوانەوە و خۆشاردنەوەدا بگەڕێت.
بە ننەما لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکرێت بڵێین کە کۆتایی سینوار  کۆتایی قۆناغێک و سەرەتای قۆناغێکی ترە.
یەکەم، 
حەماس دەمێکە توانای  موبادەرە و دەستپێشخەری شەڕی لەدەست داوە.
دووەم، 
حەماس دەمێکە توانای بەرگری و پاراستنی سەرکردە و کادیرەکانی لەدەست داوە، چ جای ئەوەی توانای پاراستن و بەرگریکردن لە  خەڵک و غەززە. 
سێییەم، 
لە ئێستادا، حەماس لە هەرەسدایە و   دەمێکە کۆتایی بە هەژموون و دەسەڵاتی ئەو ڕێکخراوە بەسەر غەزەدا هاتووە.
قۆناغی ئێستا هەم قۆناغی دوای حەماسە و هەم هی دوای لەبارچوونی خەون و ئومێدی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینیشە.
فەلەستینییەکان لە ١٩٤٨ و لە ١٩٦٧ و  لە ١٩٧٣دا لەبەردەم ئیسڕائیلدا شکستیان هێنا. بەڵام شکستی ٧ی ئۆکتۆبەر بەقەد هەر سێ شکستەکەی رابردوو ماڵوێرانکەر و دژوارترە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی