هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی بۆ جێگیرکردنی یاسای جەعفەری!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

گۆنا سەعید

هەوڵی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی عێراقی ساڵی ١٩٥٩ و هەوڵدان بۆ گۆڕینی یاساکە تا جێگە بۆ جێ بە جێ کردنی یاسای جەعفەری بکاتەوە هەوڵێکی تازەی لایەنە شیعەکان نیە ، بەڵکو ئەوان زۆر زوو لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و بوارکرانەوە بۆ هێزە شیعەکان کە جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسی بگرنە دەست دەستیان پێکرد ؛ هەمیشەش ڕووبەڕووی بەرەنگاریەکی فراوانی کۆمەڵایەتی وسیاسی وهێزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بوونەتەوە .. ئەوە کە ئەمە نە یەکەمجاریانە و نە ئاخر جاردەبێت مانای وایە بەدی هێنانی ئەو یاسایە بۆ دەسەڵاتی شیعە لە عێراق ستراتیجیەکی گرنگە و بە پێی هاوسەنگی هێز ئەوان بەردەوام دەبن لەم هەوڵەیان .

جێخستنی ئەم یاسایە ، زیاتر ئینتگرەیت کردنی مۆدێلی حوکمی شیعەیە لە عێراق لەگەڵ شێوازی حوکمڕانیان لە ئێراندا . وە بەشێکە لە کێشمەکێشێکی مێژوویی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست . واتە شەڕی شیعەکان بۆ جێگیرکردنی ئەم یاسایە بەشێکی دانەبڕاوە لەو شەڕەی لەسەر هەژموونی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەم ناوچەیەدا لە نێوان ئەم دوو بەشەی هێزەکانی ئیسلامی سیاسی بەرپایە .

خاڵیکی تری گرنگ ئەوەیە کە سەرێکی ئەم هەوڵانەی شیعەکان کە لەسەدەی ٢١دا و لە سەردەمی جیانهگیری و تێکەڵاوببوون و سننوربڕێنی کەلتتورەکان،  بەستراوە بەو دیموکراسی یە هەڵخەڵەتێنەرەی کە ئەمریکا بنەماکانی یەکلاییکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق لەسەر بونیات نا . لە ژێر ناو و بەبەکارهێنانی بنەماڕووکەشەکانی ئەم دیموکراسیەتەدا، کۆنەپەرسترین هێزەکانی ئیسلامی سیاسی پێشبڕكێیانە لەسەر سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆیان لە عێراقدا.

هەبوونی چەندین جۆری یاسای باری کەسێتی بە پێی دین و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان ، مۆدێلێکە کە پێشتر لە ووڵاتی تری خۆرهەڵاتی ناوەراست بۆ کۆمەڵگەیەکی پارچە پارچە کراو ، وەک لوبنان بەکار هێنراوە.  ئێستاش لە عێراق یاسای باری کەسێتی لەم جۆرە کە لەجیاتی بەرجەستە کردنی هەموومرۆڤەکان وەک هاوڵاتی یەکسان لەبەردەم یاسادا ، وە دانانی یەک ڕێ و ڕەسمی مەدەنی بۆ زەواج ، زەواج کردن دەسپێردرێتە دەست بیر و ڕا و دینی دایک و باوک ، بەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ بردنە دەرەوەی پرۆسەی زەواج لە چوارچێوەی یاسا ومافی تاکەکەس ، وە سپاردنی بە داب و نەریت و بیرو باوەڕی دینی جۆراو جۆر و جیاواز و دەیخاتە دەستی مەلا و پیاوانی تری ئایینی مەزهەبە جۆراو جۆرەکان. ئاشکرایە ئەوەی کە دەبێتە قوربانی لەم نێوەدا مندالانی کچ و ژنانن کە ئاسانتر مامەڵە بە چارەنوسیانەوە دەکرێت لە لایەن باوانیانەوە لە ژێر هەژمونی گشتی بنەماکانی خێڵ و پیاوسالاری و دیندا.

هەموارکرادنی پێشنیار کراو ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵان دەدات و تەنانەت باوان سەرپشک دەکات لە بڕیاردان لەسەر چارەنوسی کچانی منداڵیان . هەروەها هیچ جۆرە ڕێنوماییەکی پاراستنی مافی کچان و منداڵانی لەگەڵ دا نەهاتووە کە بتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ پاراستنیان لەدەست توند تیژی و گێچەڵی سێکسی و دەستدرێژیکردنە سەریان . گەر ئەم یاسایە دەنگ بێنێت ، لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە کێشەی گەورە بۆ چارەنوسی منداڵانی کچ دروست دەکات و دەیانخاتە بەردەم جۆری تازەی توند و تیژی خێزانی و بەشوودانی منداڵان و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەریان . نەک هەر ئەوەندە ، بەڵکو تا دەگات بە ڕەسمیەت دان و بە یاسایی کردنی قێزەونترین تاوانی ئەم سەردەمە کە لە زۆربەی وولاتانی جیهاندا بە یاسا قەدەغەکراوە و سزای توندی لەسەرە ، ئەویش دەستدرێژی سێکسی یە بۆ سەر منداڵان و دیاردەی " پیدۆفیلە - منداڵبازی ". ئەمە لە کاتێکدا لە تەواوی جیهاندا کۆمەڵگەی بەشەری لەسەر ئەوە ڕێک کەوتوون کە ئینسانی خوار ١٦ ساڵ بە نێر و مێوە شیاوی زەواج نین و گەشەی بایەلۆجی و دەروونیان ئامادەی پەیوەندی لەو جۆرە نیە .

دەبێت ڕەهەندی چیانەیتی ئەم کێشەیە لە یاد نەکەین ، چونکە لە کۆتاییدا ئەم یاسایە کەمترین کاریگەری لەسەر کچانی منداڵی نێو چینی باڵا دەست و بورجوازی دادەنێت ، ئەویش چونکە باوکانی سەربەم چینە تاڕادەیەک خوێندەوار ترن، توانای بەخێوکردنی کچەکانیان هەیە ، واتە لەبەر پارە و ماڵ منداڵەکانیان ناخەنە بەرشووکردن؛ بەشێکی زۆری ئەم چینە بورجوازیە خۆیان سەر بە دەسەڵاتن ومنداڵانیان ئەگەر لەدەرەوەی ووڵات نەژین ، ئەوا لە بەر ژیانێکی پڕ خۆشگوزەرانی و ناز و نیعمەتتدا دەژین ، خوێندنیان لە قوتابخانەی ئەهلی  و دکتۆر و دەرمانیان دابین کراوە . من دڵنیام کە ئەوانەی هەوڵ بۆ جێخستنی ئەم یاسایە دەدەن ، زۆر دڵنیان کە منداڵێکی خۆیان نابێتە قوربانی ئەم یاسایە. بەڵام ئەم یاسایە ڕێگایەک دەخاتە بەردەم باوکانی بێکار و هەژارو کەمدەرامەت تا بۆ کەم کردنەوەی مەسروفی خێزانیان بە ناچاری کچەمندالەکانیان زوو بدەن بە شوو ، یان بەهۆیانەوە ژیانی خێزانیان بە زاوا ی تازە دابین بکەن ، واتە رێگە خۆش دەکات بۆ جۆرەها شێوازی توند تیژی و ئیستغلال کردنی منداڵانی کچ کە بێ دەسەڵات و هەژارن و خێزانەکانیان وەک بارێکی قورس بە سەریانەوە سەیریان دەکەن . یاسایەکی لەم جۆرە بە دین شەرعیەت دەدات بە فرۆشتنی کچانی منداڵ بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان. بەیاساکردنی ئەم کردەیە نەک وەک تاوان نابینرێت ، بەڵکو تاوانبار ویژدانی ئاسودە دەبێت ، چونکە شەرع و یاساش ڕێگەیان داوە . لەگەڵ ئەم ڕەهەندە چینایەتی یە زۆر بە ئاسانی ڕەهەندی ئابووری ئەم هەوڵە دەبینرێت کە تەواو تەبایە لەگەڵ بنەماکانی نیو لیبرالیزمی دڕندە کە هەرچۆنێک بێت یەکێ لە ئامانجە سەرەکیەکانی شانخاڵیکردنەوەی دەوڵەتە لە ئەستۆگرتنی بژێوی و ژیانی ژنان و منداڵانی کەم دەرامەت و هەژار ، بە دۆزینەوەی هەر ڕێگایەک کە ئەم ئەرکە بخاتەوە سەرشانی تاک و بیکاتە شتێکی تایبەت بە خێزان ، نەک بەرپرسیارێتی دەوڵەت.  .

تاوانێکی تری گەورە کە یاساکە قووڵی دەکاتەوە و ڕەسمیەتی پی دەدات ، تاوانی 'بازرگانی کردنە بە مرۆڤەوە" کە دووبارە تاوانێکی جیهانی یە ؛ ئەم یاسایە بازرگانی کردن بە منداڵانەوە ڕەسمیەت پێ دەدات . بۆ نمونە دەمێ ساڵە عێراق گیرۆدەی هەبوونی زیاد لە ٣٠٠٠ ژنانی بێ هاوسەرن کە لە هەژاری ونەداری لە ڕاددە بە دەردا دەژین. ڕێژەیەکی زۆری ئەم ژنانە هەروەها منداڵیان هەیە و لە پێناو دابین کردنی بژێویاندا تووشی جۆرەها کیشە وگرفت و شێوازی ئیستغلال کردن بوونەتەوە ، ئەمە جگە لەوەی کە عێراق بە هەزاران مندالانی بێسەرپەرشت و بێ دایک و باوکی تێدایە .  هەروەها دیاردەکانی بازرگانی بە مرۆڤ و لەشفرۆشی و کڕێن و فرۆشتن بە کچانی گەنجەوە تازە ونامۆ نیە بە بارو دۆخی ژیانی کۆمەڵگەی پڕ لە هەژاری عیراق. ‌هەژاری ونەداری خەڵک هەزاران مرۆڤی لەم کۆمەڵگەیدا خستۆتە بەردەم مەترسی پەنا بردن بۆ ئەم کارانە لەوکۆمەڵگەیەدا . ئەم یاسایە رێگە دەکاتەوە کە زۆرێک لەم دیاردانە نەک زیاد بکەن و تەشەنە بکەن ، بەڵکو چیتر وەک تاوان نەبینرێن و دەستی سەرپەرشتیاران ، و کەس و کاری دوور و پیاوانی خێڵ ئاوەڵا بکات کە چارەنوسسی کچانی منداڵی نێو خێزانەکان ، یان ئەوانەی کە بێ سەرپەرشتن بخەنە ژێر دەستی خۆیان و بەهەرجۆرێک بیانەوێت مامەڵەیان پێوە بکەن .  

ئەوەی جێگای خۆشحاڵی یە ئەو بەرەنگاریە بەهێزەیە کە کۆمەڵگە ، لەوانەش ڕێکخراوەکانی ژنان و دایکان هاتونەتە دەنگ بەرامبەری و وەستانەتەوە بە دژی ئەم یاسایە . تا ئێستا ڕێگە گیراوە لەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت ؛ ئەرکی هەمووکەسێکی مرۆڤ دۆستە کە ئەم بەرەیە بەهێز بکات و پشتیوانی لێ بکرێت. *

جێگای خۆشحاڵی بوو کە بینیمان هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی ئەوروپا لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکەوە بە هاودەنگی ئەم هەموارکردنەیان مەحکوم کرد و داوای پاراستنی مافی منداڵان و ژنان دەکەن لە ئاسەوارە زیانبارەکانی ئەم یاسایە . هەموو پشتیوانیەک لەو جوڵانەوەیەی عێراق و کوردستان لە دژی ئەم هەموارکردنە ڕاوەستاوە  بە جۆرێک کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەهێزکردنی ئەم دەنگانە دەبێت ..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی