ئەردۆگان و دانوستان لەگەڵ کورد

13 کاتژمێر پێش ئێستا

دانا رەشید


هەمیشە کاتێ داگیرکەرانی کورد لە هەر باروزروف و سەردەمێک ، هەستیان بە جۆرێک لە ترسی ئیقلیمی یان دەولی کردبێت ، پەنایان بۆ  گفتوگۆ لەگەڵ کورد یان بە جۆرێکی تر چارەسەری کێشەی کورد بردوە ، لە زۆربەی زۆری ئەو گفتوگۆیانەشدا ، هەمیشە لایەنی کورد  بە دۆڕاوی لێی دەرچوە ، ئەمەش دوو عیلەتی هەبوە وە هەتا ئێستەش هەیەتی ، 

یەکەم ،
 کورد برواو متمانەی بە دەسەڵاتدارانی داگیرکەر نەبوە کە بەراستی نیەتی چارەسەرکردنی کێشەی کوردیان هەبێ ، هەرچەندە کورد بەلایەنی کەمی چارەسەرەکانیش هەر رازی بوون ، بەڵام لایەنی داگیرکەر  راوحی بە کورد کردوە ، تا تەمو مژی ئەو ترسە ئیقلیمی و دەوڵیەبەلایەکدا بکەوێ ، لەبنەرەتدا بروای پێ نەبوە  

دوەم،
کورد لەبەر ئەوەی هەمیشە پەنای بۆ شاخ و چەک بردوە جۆرێک لە شۆرشی ئاراستە کردوە بۆ  فشار خستنە سەر داگیرکەر ، بۆیە لە سیاسەت و هونەری گفتوگۆدا پیاوی شارەزاو فێڵبازو لەولەبان و بیرتیژی نەبوە تا بتوانێ ئەمیش راوح بەلایەنی داگیرکەر بکات .

ئەم خەسڵەتە وا رۆشت هەتا دەرکەوتنی  سیاسەتمەدارێکی لاوی تێگەیشتوی وەک  سەلاحەدین دەمیرتاش و و هاورێکانی لە پارتی  هەدەپە ،  دروست کردنی مۆدیلێکی زۆر تازەو  عەسری و نوێ لە خەباتی گەلی کورد بۆ  دەستەبەر کردنی ماف و ئازادی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ، دەمیرتاش و هاورێکانی هەر زوو  کارتی گفتوگۆی چارەسەخوازیان فرێدایە سەر مێزی  حکومەتی ئەردۆگان ، ئەوە بوو تارادەیەک کاری ئەرێنی خۆی کرد لە کاتی خۆیدا ، وەلی بۆ بە ئەنجام نەگەیشت و  دەمیرتاش و هاورێکانی بۆ کەوتنە گۆشەی زیندان ؟ 
بە کورتی خواستەکانی  دەمیرتاش و هاوڕێکانی و هەدەپە 

یەکەم ،
گوێزانەوەی میتۆدی خەبات بۆ رزگاری گەلی کوردو ناوچەکە لە شاخەوە بۆ سەر شەقامەکانی شار ، ئەمەش دوو ئامانجی هەبوو ، ١ لابردن و رەواندنەوەی تەمو مژی بە تیرۆرست ناساندنی  مقاوەمەی کورد دژی داگیرکەر ، ٢ گوێزانەوەی  مەسەلەی کورد لە خواست و جەنگ و  ململانێێ ئاگرینی چەک بۆ سیاسەت کردن  و  خۆپیشاندان و  خەباتی پەرلەمانی و مەدەنی ، کە هەموو ئەمانەی زۆر بە سیاسیانەو  بەرپرسیارانەو ئازایانە پیشانی جیهان دا ، 

دوەم 
هەدەپەو دەمیرتاش و هاورێکانی ،  دەنگی کوردیان گێرایەوە بۆ کوردستان  ئەوە بوو لە لەسەدا ١٣ دەنگی کوردیان بەدەست هێنا ، ئەمەش  تورکی توشی شۆک کردوو   ئەنجامی هەڵبژاردنیان قوبوڵ نەکرد ، لە دوبارەبونەوەش بە هەزار غەدر هێشتا لەسەدا ١٠ بەدەست هات . ئەمە واتە  بە کردەوە کێشەی کورد  قۆناغی شاخی گواستۆتەوە بۆ شەقامەکانی شار . لەم رێگەیەوە  بەشی زۆری سەرۆک شارەوانیەکانی بۆ کورد گێرایەوە
 
سێەم 
بەهێز بوونی لایەنی کوردی لەسەر مێزی گفتوگۆ ، کە دەمیرتاش و هاورێکانی  بە ئاشکرا کورد واتەنی کونە مشکیان لە لایەنی دەسەڵاتدارانی تورک کردبوو بە قەیسەری 

چوارەم 
پێشوازی جیهان لەو  خەباتە نوێخوازو عەسریەی کورد بۆ چارەسەری کێشەی کورد ، ئەمەش  هەم ئەردۆگان هەم دەسەڵاتدارانی  داگیرکەرانی چوارپارچەی کوردستانی توشی هێستریا کردبوو 
بۆ شکاندنی ئەم رەوشە تورکیاو ئێران و سوریاو  عیراق  بەردەوام لەگەڵ یەک لەسەر مێزو لە ژێر مێز لەهەوڵدا بوون ، هەروەک دەوترێ داگیرکەرانی کورد تەنها بۆ شکاندنی قەزیەیی کورد رێک و تەبان ، ئەمەش بە ئاشکرا پارتی دیموکراتی کوردستانی باشورو خودی مەسعود بارزانیان بەکار هێا ، بینرا چۆن لەگەڵ ئەردۆگان بانگەشەیان بۆ ئاک پارتی دەکرد دژی هەدەپەو خواستی کورد ،  تەسلیم بونەوەی شڤان پەروەر  پاش چەل ساڵ لە سرودی بژی پێشمەرگە  دەستیان لەدەستی ئەردۆگان دژی خواستی کورد ، پەلاماردانی رۆژئاوای کوردستان و  هەوڵدان بۆ گرێدانیان بە تیرۆرو  بە پەکەکەوە .

لێرەوە رۆڵی پەکەکە 
پەکەکە  رێکخراوێکی کوردی شەرکەری شۆرشگێر و  هەڵقوڵاوی ئێشو ئازارەکانی کوردستان ، هەر لە دروست بونیەوە  جێگەی هەم ترس و دڵەراوکێی داگیرکەران بوە هەم  هێزێکی حساب بۆ کراوی ناوچەیی بوە ، بە سەر چەند سەردەم و هەورازو نشێوو ، چەند سەرکەوتن و نوشوستدا تێپەریوە ، بەڵام توانیویەتی خۆی رێک بخاتەوە و  ببێتەوە بەو هێزەی داگیرکەر بتۆقێنێت ، پەکەکە  بەشێکی گەورە لە مێژوی رزگاری کوردستان دروست دەکاو دروستی کردوە لێرەدا ناتوانین باسی خەسڵەت و جوامێری و خەباتی پەکەکە بکەین ، ئەمما بۆچی پەکەکە نەیتوانی هاوکار بێت لەو شۆرشە مەدەنیەی هەدەپەو دەمیرتاش و هاورێکانی گرتیانە بەر ، بە مەدەنی کردنی یان گوێزانەوەی خەباتی کورد لە شاخەوە بۆ شار ؟ ئەمە بەڕای من دوو لایەنەیە 
لایەنی داگیرکەر هەمیشە حەز دەکات  هێزێکی شاخاوی و دوورەپەرێز لە شارو  چەکدار  نوێنەرایەتی قەزیەی کورد بکات ، تا ئەو بتوانێ درۆو  سیاسەتی چەواشەکاری خۆی پیا هەڵواسێ ، خۆ ئەگەر پەکەکەش لەشاخ یان لە قەندیل نەمێنن ، ئەوا ئەوان لە جاش و ئەعوانەکانی خۆیان پەکەکەیەکی ساختە دروست دەکەن و دەینێرنە قەندیل ، تا شەری پێ بفرۆشن و ئاژاوە لە ناوچەکە بنێنەوە ، لایەنی کورد و پەکەکەش  باش ئەو هەموو ساڵە لە خەباتی چەک ، ئەمیش کوردانە ئامادە نیە  مەلەفی کورد بداتە دەستی کۆمەڵێ سیاسی گەنجی خوێنگەرمی شاری و هەر حەز دەکەن خۆیان قسەکەرو بریاردەری چاک و خراپی قەزیەی کورد بن ، ئەمان بریار بدەن شەر یان ئاشتی 
لەم بەنەدا   زۆر وردەکاری هەن جێگەی باسکردنیان نیە 
بۆیە دانوستان و گفتوگۆی حکومەتی ئەردۆگان یا غەیری ئەردۆگان بۆ کێسەی کورد ، بە دەستپێشخەری دەبێت کە تەواوی زیندانیە سیاسیە کوردەکان بە سەرکردەیی دەمیرتاش ئازاد بکرێن و ، ئازادیش بۆ سومبولی خەباتی کوردستان  ئۆجالان فەراهەم بکرێت ، تا لە سەر سفرەی پڕ نیەتی پاک دانوستان بکرێت غەیری ئەمە تەنها چاوشارکێەو بەس .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی