ڕێزگرتن لە زیاد جەبار

16 کاتژمێر پێش ئێستا

جەعفەر عەلی

        
  
   ئەوەی دوێنێ لە سلێمانی بەرانبەر بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی، کە گەورەترین مەڵبەندی یەکێتی و پاسەوانەکانی ڕوویدا، لەوانەیە وەک ڕووداو هیچ کەسێکی بەئاگا توشی  شۆک نەکات، چونکە ئەوەی شوکهێنەر بوو خودی ڕووداوەکە نەبوو، بەڵکو ئەو ڕیزبەستنی سەرکردایەتی یەکێتییەکان بوو بۆ تۆقەکردن و ماچ و موچی شەخسی زیاد جەبار.
   جێگەی دەستخۆشییە یەکێتی سنور بۆ سنوربەزاندنی هێزە ئەمنی و بەرپرس و منداڵەکانیان دابنێت. قسەی من لەبارەی کەسایەتی زیاد و جوڵەی سیاسی ئەو نییە، لەبەرئەوەی لە نزیکەوە نایناسم، ڕەنگە ئەو مرۆڤێکی باش بێت، پابەند و مولتەزیم بێت بە پاراستنی ئارامی و ڕێزگرتن لە مافی ئەوانیدی وەکو شەخس، بەڵام وەک چوارچێوە حیزبییەکە، دەبێتە هەڵگری هەموو ئەو گوناهو لادانە پیشەیی و ئەخلاقیانەی، کە هێزە چەکدارەکانی یەکێتی لە ڕابردوو و ئێستادا کردوویانەتە سەر هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە.
   زیاد، بەر لەوەی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندێکی گەورەی ئەو حیزبە بێت، هەرەەها پاسەوانەکانیشی، مرۆڤن، دەبێ وەک هەر مرۆڤێکی دیکەی ئەم هەرێمە، بە یاسا مافیان پارێزراو بێت، مافی حیزبەکەشیەتی لە بەرانبەر هەر دەستدرێژی و پەلامارێکی ناڕەوادا داکۆکی لە کادیر و ئەندامەکانی خۆی بکات و لە پشتیانەوە بوەستێت. بەڵام نابێت ڕێگە بدرێت زیاد و پاسەوانەکانی وەک جۆرێکی تایبەت و جیاوازتر لە بوونی مرۆیی و کەرامەتی هاوڵاتیانی دیکە سەیربکرێن. ئەگەر بخوازین هەمووان نیشتمان بەهی خۆمان بزانین، دەبێت نیشتمان بۆ هەمووان بێت، ئەگەر گەرەکمان بێت دڵنیایی و ئارامی هاوڵاتیان بە ئەرکی خۆمان بزانین، دەبێت چۆن لە بەرانبەر هەڵەیەک، کە خوێنی تێدا نەبوو بە میوان، کەسایەتی و ڕێز و کەرامەتی زیاد لە ئاستی هەرە باڵادا، بوو بە کەسایەتی یەکێتی وەک حیزب، دەبێت خوێنی ڕژاوی گەنجێکی ڕۆژنامەنوس، سکیوریتییەک، عەرەبانچی و چایچییەکی بێگوناهی ئەم شارەش لە ڕووی مرۆیی، ئەخلاقی و یاساییەوە، بە هەمان پێوەری ئەخلاقی و مرۆیی بە هی خۆیان بزانن، تایبەت، کە هەمان ئەو چەکدارانەی یەکێتی بەرپرسیار دەبن لە پەلامار و دەستدرێژییەکان. 
   ئەگەر بمانەوێت سنوری نێوان مرۆڤەکان لە مرۆڤی پلەیەک و پلە نزم، پلەباڵا و پەراوێزخراو، کاڵ بکەینەوە، دەبێت جیاوازی نێوان زیاد و پاسەوانەکانیشی لەگەڵ ئەو رۆژنامەنوس و سیکیوریتی و چایچییە نەهێڵین، کە کوڕانی هەمان قوتابخانەی حیزبی بە بەرچاوی خەڵک و بە بەرچاوی یەکێتی خۆیەوە دەبن بە نوێنەری خودا لەسەر زەوی و جوانی و ژیانیان بە مەرگ دەسپێرن. دڵنیام لەوەی ئەگەر کاک زیاد و هاوکارەکانی، خۆیان ڕۆژگارێک لەسەر خوێنی ڕژێنراوی مرۆڤە بێگوناهەکانی سنوری دەسەڵاتی حیزبی خۆیان قسەیەکی جدییان بۆ داکۆکی لە بوونی یاسا، ڕەوایەتی و دادپەروەری، ڕێز و کەرامەتی مرۆڤ بکردایە، گومان دەکەم، ئەوەی دوێنێ وەک ڕووداوێک نەدەگەیشتە ئاستی هەواڵێکی بیستراو و بینراو.
   یەکێتی و سەرکردایەتییەکەی، ڕاستییەک هەیە ئەوان و ئێمەش دەیزانین، ئەوان و ئێمەش دەستخۆشی لە هەر هەوڵ و لێپرسینەوەیەکی یاسایی و حیزبی لە بەرانبەر دەستدرێژی و بێ ڕێزی دەزگا ئەمنی و تفەنگ بەدەستەکان دەکەین، بەڵام نابێت وشەیەکی زبر بەرانبەر زیاد، هاوارێک بەسەر پاسەوانەکانی، لە خوێنی کوڕانی خانووە قوڕەکان گەورەتر ببینرێت، دەبێت یەکێتی خۆی سنورێک بۆ ئەو بێ ڕێزییە دابنێت، کە هێندەی دووری نێوان ئاسمان و زەوی، جیاوازی دەخاتە نێوان کادیرە باڵاکانی و کوڕە هەژارێک، نێوان بەرپرسێکی حیزبی و کوڕانی ژێر بنمیچی خانووە قوڕەکان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی