گەلۆ لەم دەڤەری ئێمە چی دەگوزەرێ!

20 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهرۆز گەڵاڵی


   لە ڕۆژانی ڕابردو کۆنگرەیەکی گرنگ لە قامیشلۆ لە نێوان لایەنە سیاسیەکان بە سترا، خاڵی بەهێزی ئەم كۆنگرەیە ئەوەبوو كە پرۆژەیەكی گشتگیری دور لەویستی حزبایەتی و زاتی زاڵ بوو بەسەر پەیامەكەیدا بۆیە دەکرێت بڵێن كارێكی گەورەو گرنگی  باشیان ئەنجامدا، دەبوو ئەم كۆنگرەیە لەباشور بكرایەو نەترسانە هەموو لایەنە كوردستانیەكان تیایدا حزوریان هەبوایە، بەڵام كە ئەوە نەكرا كۆنگرە خاڵی نەبوەوە لە تێزو دیدە كوردانەكەی خۆیی و كۆمەڵێك راسپاردەی باشیان بەیەكگرتووی خستە روو.
   دیارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕان و دیزاینی نوێ بەرێوەیە، هەموان ئەوراستیە باس دەكەین لێی بەئاگاین، بەڵام ئەوەی لەباشور غائیبە پرۆژەیەكی نەتەوەیی و گشتگیرە كە هەموان كۆبكاتەوە، رەنگە لەچەند رۆژی ئایندە شاهیدی چەند جوڵەیەكی تریش بین، جوڵەیەك بۆ پێكهێنانی حكومەت و جۆڵەیەكی تریش كە هەریەك بەجیاو بەدەر لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆرانكاریانە بۆ خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەباشور ئێستا پرسی بەدەستهێنانی كورسی لەپەرلەمانی عێراق لە پرسی نەتەوەیی گرنگترە، پرسی بەدەستهێنانی پۆست لە گوتاری هاوبەش و خەمی چەندساڵەی نەتەوەیی زەرورترە..
ئەری گەڵۆ چی دەگوزەرێ، كێ خاوەنی رۆئیایی نیشتمانی و خەمی هاوڵاتیان و نەتەوەی هەیە، كام پرۆژە ئامادەكراوە بۆ ئەگەرەكانی گۆرانكاری، ئێستا خوێنەوارەكانی ناو دنیای سیاسی و حزبایەتی لەبری خەمی گشتی خەمی شەخسی خۆیان لەكۆڵ ناوە، حزبەكان بەلایەك دەستومۆچی یەكتر دەكەن، لەلایەكی تریشەوە ئاگر لەماڵی یەك بەردەدەن.
گەلۆ، ئێستا ئێمە لەبەردەم باهۆزێكی بەهێزین ئەم ماڵۆچكەی حزب و ئەم دەوارە كۆنانە بەرگەی ئەوە ناگرن، با تاكار لەكار نەترازاوە، چاو لەبرایانی رۆژئاوا بكەین، ئێستا نەكاتی مێچەكە مێچكەیە بۆ یەكتری، نەكاتی دوژمنكارییە، كاتی پێكەوە بوونە و كێش دەستپێشخەری كارێكی لەوجۆرە بكات ئەوە شانازی نەتەوەی بۆ دەمێنێتەوە و مێژوش رەحم بەكەس ناكات سبەی ئەوە دەبێتە حیكاتی ناو زارۆكان نەك لوتبەرزی و عینادی سیاسی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی