جۆلانی لەم رۆژانەدا وەرەقەی سپی بۆ ئیسڕائیل و ئەمریکا واژۆ کردووە و رەزامەندی لەسەر ٩٠٪ی داواکارییەکانی ئیسرائیل داوە، ئەو داواکاریانەی زۆرینەیان دەچنە خانەی پێشێلکردنی سەروەری سوریا.
لەهەمان کاتدا و دوای چەند کاتژمێرێک لە رێککەوتنی کوردی لە قامیشلۆ، لەئاست داواکارییە سادە و سەرەتاییەکانی کورد شمشێرەکەی لە کالان دەرهێناوە و هێڵی سۆر و رەش بۆ کورد دەکێشێت.
داواکارییەکانی کورد کە لە نامەرکەزیەت و تایبەتمەندی نەتەوەیی کورد و یەکێتی ئیداری ناوچە کوردستانییەکان و هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی تەعریب کورتکراونەتەوە، لەگەڵ هەندێک مافی گشتی و تاک بۆ تەواوی سورییەکان.
لەچاو ئەو دەسەڵات و ستاتۆ و هێزەی کە ئێستا کورد هەیەتی و ئەو غوبن و زوڵمەی سەدەیەکە لە رۆژاڤا لە کورد دەکرێت، ئەم داواکاریانە گەورەترین تەنازول و سازشە و سەرجەمیان مافگەلی سەرەتایین.
ئەم داواکاریانەی کۆنگرەی قامیشلۆ هێندە کەم و موتەوازیعن مرۆڤ لە ئاست سێزدە هەزار شەهیدی رۆژاڤا هەست بە شەرمەزاری دەکات.
بەڵام لای جۆلانی، ئەمانە هێڵی سۆرن و دەسبەجێ و دوای کۆنگرەی کوردی بەیاننامەیەکی دەرکردووە، کە بۆنی خوێن و راگەیاندنی شەڕی لێدێت.
جۆلانی تۆمەتی دابەشکردنی سوریا و هەڕەشە بۆ سەر یەکێتی خاکەکەی و بەجێگەیاندنی ئەجێندای بیانی و سەپاندنی ئەمری واقیع و داگیرکردن و بەتاڵان بردنی سامانی سوریا و گۆڕینی دیموگڕافیا دەداتە پاڵ کورد.
هەرکام لەم تۆمەتانە، بەشی ئەوە دەکەن کە جۆلانی فەتوای شەڕ و جیهاد دژی کورد دەربکات.
وەک سەرۆک خێڵێکی جەبور ئەمڕۆ گۆتی، بە ئاماژەیەکی جۆلانی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا سوپایەکی نیو ملیۆنی لە عاڕەب دژی کورد کۆ دەکریتەوە، وەک چۆن دژی عەلەوییەکان کۆ کرایەوە.
لەم نماییشی شمشێرەیدا، جۆلانی تەنیا نییە.
زۆرینەی سورییەکان، هەر لە داعشیەوە تا کۆمۆنیستی، لە سەلەفیەوە تا لیبراڵی، لە مەلا و سەرۆک خێڵی عاڕەبەوە تا مامۆستا و پرۆفیسۆری زانکۆی، زۆرینەیان ئارەزووی شمشێر وەشاندن دژی کورد دەکەن.
ئەمانە تۆمەتی بەتاڵ نین. تەنها کاتژمێرێک لە کاتی خۆتان بۆ پەرچەکرداری ٢٤ کاتژمێری رابردووی میدیا و سۆشیال میدیای سوریەکان تەرخان بکەن، تێدەگەن لەکوێوە قسە دەکەم.
ئەوە شمشێر سوین و وەشاندنە دژی کورد لە کاتێکدایە کە سورییەکان کێشەیان نییە لە شەهباوە تا گوندەواری ئیدلیبی ژێردەستی تورکەکان چی دەگوزەرێت.
زۆرینەیان، بە جۆلانیشەوە کۆڵێک مەمنونن بنکە سەربازیەکانی روس لە کەنارەکانی ئەو وڵاتە بمێننەوە.
ئێستا زۆربەیان ئەوە بە سەرکەوتن دەزانن ئەگەر ئیسرائیل بە بەرزایەکانی جۆلان و هێڵی ١٩٧٤ رازی بێت و قونەیترە و دەرعا و سوەیدا داگیر نەکات.
سورییەکان هەر لەبیریان چۆتەوە ناوچەی تەنەف هەیە و لە ژێر دەستی ئەمریکیەکان دایە.
تەنها کە دێتە سەر مافە سادەکانی کورد، خۆیان بەشمشێرەکانیانەوە نمایش دەکەن، کە خۆشبەختانە جارێ هەر زمانیانە.
دەبێت کورد ئەم هەڕەشەیەی جۆلانی و باندەکانی وە نوخبە و رەشەخەڵکی سورییەکان بەجدی وەربگرێت.
ئەم شەڕەی فاشیزمی عاڕەبی بە سەرکردایەتی جۆلانی زوو یان درەنگ بەر دەرگەی ماڵی کورد دەگرێت.
لەکاتێکدا دەبێت کورد بەردەوام بانگەشەی گفتوگۆ و رێگاچارەی ئاشتی بکات، هاوشێوەی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین، هەمان رێوشوێن و ئامادەکاری بەدرێژایی روباری فوڕات بگرنەبەر.
وانەیەک کە رۆژاڤا لە باشوری فێر بێت دوبارە نەکردنەوەی ئەو هەڵەیە کە سەرانی بەرژەوەندخواز و نانیشتیمانی لە بونیادنانەوە و بەهێزکردنەوەی عیڕاق کردیان.
دەبێت ئەو هاوکێشە سادەیە هەرگیز لەبیر نەکەن: سوریایەکی بێهێز و پەرتەوازە واتە رۆژاڤایەکی بەهێز و یەکگرتوو، پێچەوانەکەیشی راستە
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی