شەڕی دەرونی، تابوری پێنج، ناپاکیی!!

21/06/2025

محه‌مه‌د خۆشناو

             من پێم سەیرە چۆن خیانەتکاران دەتــــــوانن
            خـیانـەت بـــکەن…مرۆڤ چۆن خــــــــــــــیانەت
            لەوڵاتەکەی دەکات، ئەگەر خیانەتی لەمانای
          بون کردبێت، چۆن دەتوانێت خیانەت بکات؟
                             بەدر شاکر سیاب 


بەرەی ناوخۆی هەر وڵاتێک بڕبڕەی پشتی گەلەکەیەتی بەتایبەتی لەکاتی جەنگ یان کاتێک بەره‌وڕوى هەڕەشەی وجودی دەبێتەوە، لەبەری ناوخۆدا «تابووری پێنجەم» وەک ئامرازێکی سیخوڕی‌و شەڕی دەروونی بۆ تێکدانی روحی مەعنەوی گەل‌و لەرزاندنی متمانە بەسەرکردایەتی‌و دامەزراوەکان دەکەوێتەگەڕ.

لەجەنگی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل-دا جەنگێکی دەروونی‌و ڕاگەیاندنی تووند لەنێوان هەردوولادا هەیەو تابووری پێنجەمیش لەکاردایە، پێش‌و پاش هەڵگیرسانی ئەم جەنگە ئامێری جەنگی دەروونی دەستیکرد بەتۆقاندنی بەرانبەرەکەی، بەدرێژایی مێژوو جەنگی دەروونی هەبووەو لەسەردەمی نوێدا فراوانتر بووە.

جەنگی دەروونی زۆرێک زاراوە دەگرێتەوە: جەنگی سارد، جەنگی بیروهزر، جەنگی ئایدۆلۆژی، جەنگی ئەعساب کە ئێستا هەردوولا بەکاریدەهێنن، زاراوەی  شێری هەڵکشاو «الاسد الصاعد» ئیسرائیل ئەو ناوەی بۆ لێدانی قوڵایی ئێران بەکاریهێنا، «بەڵێنی ڕاستگۆ - الوعد الصادق» ئێران بۆ لێدانی تەلئەبیب بەموشەکی بالیستی بەکاریهێنا، کە ئەمەش گوزارشتە لەبیرکردنەوەی ئایدیۆلۆژیانە، هەردوو زاراوە لەمەرجەعیاتی ئایینی هەرلایەکیان وەرگیراوە، ئیسرائیل شێری هەڵکشاو لەتەورات‌و ئێرانیش زاراوەکە پەیوەست بەمەهدی چاوەڕوانکراو «مهدی المنتڤر» کە نازناوی ئیمام مەهدی-ە وەرگرتووە، بەڵام لەهەمووی مەترسیدارتر بۆ هەر وڵاتێک بریتیە لەخیانەتکردن لەنیشتیمان، نیشتیمان ڕەحمی یەکەمی مرۆڤە، ژینگەو وجودو سۆزی ئەبەدیەو ئەوەی ناپاکی لەگەڵ بکات واتە مرۆڤایەتی خۆی سەربڕی، هیچ خراپەیەک لەخیانەت گەورەتر نییە، بەڵام چەقۆ لێدان لەپشتەوە بەئازارەو غەدکردن لەلایەن خۆشەویستان زۆر تاڵە.

ئەمانە هەمووی خانەکانی مێشک دەوروژێنێت بۆ بیرکردنەوە لە پاڵنەرەکەی و هۆکارەکانی و پاساوەکانی  بەتایبەتی خیانەتکردن کە بە نیشانەی پرسیاری گەورە کۆتایی دێت  !! ئەمانە لەو جەنگەی ئێستای ئێران و ئیسرائیل بەدیدەکەین ، بەتایبەتی ڕۆلی سیخورەکان لە ئێران لە کوشتنی فەرماندە سەربازی و زانا ئەتۆمیەکان ، بەڵام دەپرسین کە هۆکاری ئەو هەموو سیخورە کە ئامادەبن بۆ ناپاکی چیە ؟ ئایا بەهۆی هەژاریە ؟ ئایا هەرتەنها لایەنی مادییە ؟ 

پرسیارەکە ئاڵۆزە ، بەڵام ئەوەی لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران - نمان خوێندبێتەوە یان گوێمان لێبووە  ئەوەیە کە ئێران خاکێکی بەپیتە بۆ سیخوڕ و تابوری پێنجەم ، چونکە لەناوخۆی ئەو وڵاتە موعارەزە نیە و ، هەر وڵاتێک بیرۆکەی مەترسیدار لە دەروونی هاوڵاتی جێگیر بکات کە خۆی لەوە دەبینێتەوە کە نیشتیمان بریتیە لە تەنها نیزامی دەسەڵاتدار ، ئاسایش ئاسایشی ئەوە و ، بەرژەوەندی بەزەڕورەت بەرژەوەندی ئەوە ، ئەوا ئەو وڵاتە کراوە دەبێت بۆ کاری سیخوڕی .

ڕژێمە تۆتالیتاریەکان منداڵەکانیان لەسەر ئەرکبوونی ملکەچی و گوێڕایەلی تەواو و تەسلیمبوون بۆ هەموو ئەوەی دەسەڵات دەیکات پەروەردەدەکەن و ، هەر لەچرکەساتی یەکەمدا دەیخاتە ناو یەک  تاکە خانە ، وایلێدەکات یەک دەنگی گوێلێبیت و یەک ڕەنگ ببینێت و یەک ڕا و ،  ئەو ڕژێمە واشدەبینێت کە جگە لەمانە خیانەتکردنە ، هەموو ئەمانە بەر کارەساتی غیابی فرەیی دەکەون و ، ئەمەش وادەکات کەسەکە خلیسک ببات بەرەو کوفرکردن بە نیشتیمان ، ئەو وڵاتانەی کە بە ئازاری دابڵۆساندن و زۆرەملێ و سەرککوتکردندا دەڕۆن ، مرۆڤەکە توانایی لەسەر هەڵبژاردنی دەسەڵادارەکەی لەدەست دەدا ، جا کاتێک ڕایەکەی سەرکووت بکرێت و ، هەڵبژاردنەکانی بسڕێنەوە و مافەکانی پێشێلبکرێت و ، کەڕامەتی ووردوخاش بکرێت ، ئەوکاتە ئەو مرۆڤە هەست بە تووڕەییەکی تۆڵەسەندنێکی کوێرانە و تەماننای ئەوە دەکات کە دیواری ماڵەکە بەسەر هەموو ئەوانەی لەناوین بکەوێت ، بۆیە خیانەتکاران بەیەک پاڵنەر خیانەت دەکەن ئەویش تۆڵەسەندنەوەی کوێرانەیە… مێژوو پێمان دەڵێت کە بەرەی ناوخۆ کلیلی سەرکەوتنە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی