لەئێستادا دیموکراسیەت گونجاو نییە بۆ هەرێمی کوردستان!!

1 کاتژمێر پێش ئێستا

محه‌مه‌د خۆشناو

زیاتر لە20 ساڵ بەسەر کەوتنی دکتاتۆری بەعس لە عێراق لە 2003 و ، تا دەگاتە کەوتنی دکتاتۆری بەعس لە سوریا لە 2023 و ، لەنێوانیشیاندا لە بەهاری عەرەبی هەندێک دکتاتۆر کەوتن ، وێڕای هەموو ئەمانە لەو ناوچەیەی ئێمەی تێدا دەژین هیچ دیموکراسیەتێک سەریهەڵنەداوە…..دیموکراسیی بەرهەمی خۆرئاوایە کە بەوپەڕی تووندی پەیوەستە بە کلتووری خۆرئاوا و ڕەگەکەی لە قووڵایی خاکی خۆرئاوا داکوتاوە و لقەکانی بۆ ئاسمان درێژبۆتەوە ، هەر گەلێک ناتوانێت لەناکاو بەرەو دیموکراسیی بڕوات ، ئەمە قوناخگەلێکن کە پێیدا تێپەڕدەبێت و ، پڕۆسەگەلێکن کە تێیدا دەژێت و کەڵەکەبووی مێژووییە کە پێیدا دەڕوات بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەزنەکان ، دیموکراسیی ڕۆژێک لە ڕۆژان نەبۆتە « دوگمەی ئیشپێکردن » وەک دوگمەی ئامێر و مەکینەکان و ، ڕێچکەیەکی ئامادەکراو-ی جیهانیش نیە کە لەو وڵات بۆئەو وڵات بگوازرێتەوە ، چونکە دیموکراسیەت هەروەک ئەوروپا و خۆرئاوا دەیناسن ، بریتیە لە دەرئەنجامی ڕێڕەوێکی درێژی مێژوویی کە تەجاوزی پێنج سەدە لە : چاکسازی ئایینی کە کەنیسەی هەژاند بەرەو شۆڕشگەلێکی کۆمەڵایەتی کە دەرەبەگایەتی لە زەویداو ڕووخاندی‌و بەرەو سەردەمی ڕۆشنگەری کە عەقلی ئازاد کرد ، پاشان شۆڕشی پیشەسازی کە کۆمەڵگای لەرزاند و ، هاتنەکایەی لیبڕالیزم کە مافەکانی دامەزراند ، پاشان دەوڵەتی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتی دروستکرا ، بەکورتیەکەی دیموکراسیی گەشتێک بوو ، بڕیارێک نەبوو ، بەڵام ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان و هەتا وڵاتە عەرەبیەکانیش ، هێشتا ویستگەکانی ئەم گەشتە نەهاتووە ، هەیە لەوبڕوایەدایە کە نوسینی وشەی « دیموکراسیی » لە دەستوور یان لە هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدان بەسە بۆئەوەی ببینە نوسخەیەکی نوێ لە سوید و ئەڵمانیا و دانیمارک !! ئەمە وەهمێکی سیاسیە بەرلەوەی هەڵەیەکی تیۆری بێت ، ئێمە دیموکراسیەتمان تەنها لە گرتووخانەی دەنگدان بەند کردووە ، دیموکراسیی مەشقوڕاهێنانێکی درێژ و قورسە هەتا دەسەڵاتدار لەسەر دەسەڵاتێکی دسپلینیکراو بە دەستوور و قانون لێڕادێت ، ئەوەی جێگەی سەیروسەمەرەیە ئەوەیە کە لەکن ئێمە نزیکەی هەموو کەس دیموکراسیەتیان ناوێت و هەموو کەسیش ڕقیان لە دکتاتۆریەت دەبێتەوە ! بەڵام کەس بیرۆکەی بەدیلێکی باشتر لەوان پێنیە یان هەشبێت کاری پێناکەن !! ئەوە نزیکەی دەبێتە چارێگە سەدەیەک هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت ، هەموو تەکنیکەکانی ساختەکاری و ، بەڵتەجە و ، پارەی سیاسی تێدا بەکارهات ، ئەوەشمان بینی کە هێشتا بونیادی کۆمەڵایەتیمان ئامادەنەبووە بۆ مانای بەشداریکردن ، گرفتی ئێمە ئەوەنیە کە دیموکراسیەت قەدەغەیە ، بەڵکە لەبنەڕەتدا دیموکراسیەت کار ناکات ، عەیبەکە هی خەڵکی کوردستان نیە ، بەڵکو دەرئەنجامی ژێردەستەیەکی دوورودرێژ لە مەرکەزیەتی دەوڵەت و مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵات و لاوازی کۆمەڵگەی مەدەنی و فرامۆشکردنی تەعلیم و سوکایەتیکردن بە  عەقلی ڕەخنەیی ، ئەو کۆمەڵگەیەی کە لە ڕابردوودا لەسەر ترس و گوێڕایەلی پەروەدە کرابێت ، ناتوانێت لە شەو و ڕۆژێکدا ببێتە جەماوەری دیموکراسیی کە مافەکانی و لێپرسینەوە لە نوێنەرانی بزانێت ، ئەو ترسە لە تەفاسیڵی ژیانی ڕۆژانەماندا دەبینین ؛ لە فەرمانبەری ترساو و ، لەو هاوڵاتیانەی بەشدا نابن و ، لەو گەنجانەی بە سادەیی ون دەبن ،  بەڕای من لە هەرێمی کوردستان بەدیلی ئەو دۆخە چەقبەستووە و تێکچوونی نێوماڵی کورد و پەرتەوازەیی و دابەشبوونە و ڕەواندنەوەی مەترسیەکان بریتیە لە ؛ گەڕان بەدوای  باشترین ڕێگای واقیعی کە هەیە ، ئەویش خەلقکردنی سازانی کۆمەڵایەتی و توافوق  پێش فرەیی و ، پتەوکردنی سەروەری قانون پێش سندوقەکانی دەنگدان ، دیموکراسیەت لافیتەیەکی سیاسی نیە ، بەڵکو دەرئەنجامە ، بۆیە سازان ڕێگەی سێیەمە لەنێوان ستەمکاری ڕەق و دیموکراسیەتی فشۆڵ کە چارەسەرە بۆ هەموو کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی