شەڕو هاوکێشەی نوێ !

22/06/2025

دڵشاد ئەنوەر

دوای تێپەڕبوونی دە ڕۆژ بەسەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دا دۆخەکە رۆشتە قۆناغێکی نوێوە، فراوانبوونی شەڕ یاخود چوونە سەر مێزی گفتووگۆ بەلاوازی، ڕەنگە ڕۆژان و کاتژمێرەکانی داهاتوو بەرچاومان زیاتر ڕوون ببێتەوە.
* هاتنە ناوەوەی ئەمەریکاو گورز وەشاندن لە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران هاوکێشەکانی گۆڕی، بەوەی وێستگە ئەتۆمییەکانی خاپور کردو ئیسرائیلی ڕازیکرد، بەمەش تۆپەکەێ فڕێدایە گۆڕەپانی ئێران.
* ئێستا ئێران لەبەردەم ئەوەدایە سێ هەنگاو بنێت، دەستی گەورە بوەشێنێت و شەڕی یەکلایی کەرەوە ڕابگەیەنێت و دۆخی وڵاتەکەی بدات بەدەست قەدەری نادیارەوە، یان دەستێکی سنوردار بوەشێنێت و خۆی لەو دۆخە قوتار بکات، دەرئەنجامی هەنگاوی دووەمیش چوونە سەر مێزی گفتووگۆ دەبێت بەلاوازی.
*گوتاری ئێستای بەرپرسانی ئێران هۆشدارییە لەدەستبردن بۆ رابەر، ئەم گوتارە نەرمی پێوە دیارەو بەو ئاراستەیە خواستی گفتووگۆیان هەیە.
*ئیسرائیل ڕاناوەستێت، بەڵکو دەبێت ڕابگیرێت، ڕەنگە ئەمەریکا گورزەکەی شەوی بۆ ڕازیکردنی و ڕاگرتنی وەشاندبێت. بۆیە گەر ئیسرائیل ڕابگیرێ و ئێران ڕازی بێت، ئیتر کێشمەکێشەکان بەجۆری ترو بەشێوازی جیاوازتر بەردەوام دەبن.
* سەبارەت بە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، وێستگەکان خاپورکران، با یۆرانیۆمی پیتێنراو گواسترابێتیشەوە، وێستگەکان گرنگن کە ملیارەها دۆلاریان تێدا خەرجکراوەو ناتوانرێ بەو خێراییە بگوێزرێنەوە. گەر یۆرانیۆمی پیتێنراو گواسترابێتیشەوەو شەڕ فراوان نەبێت، دواتر ئەم پرسە لەسەر مێزی گفتووگۆ یەکلایی دەکرێتەوە.
بۆیە ئیسرائیل گەر رێگەی پێبدرێت خواستی درێژەدانی بەشەڕ هەیە، ئێرانیش لەبەردەم هەڵوێستی یەکلایی کەرەوەدایە، ئەمەریکاش دەیەوێت دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی