کێشەی گەورەو قووڵ هەیە لە بەشداری سیاسیانەی کورد لە هەڵبژاردنەکانی
عێراق، چونکە هەمیشە ئەم ئیلیتی و نوخبە سیاسییە کوردییە، دوچاری شکستی حەتمی و دۆڕاندن
و ئیشکالیەتی چەمکی نوێنەرایەتی لە بەغداد دەبێتەوەو دیسان تێهەڵئەچێتەوە بەبێ ئەوەی
هەڵوەستەیەک وەرگرێ.
تابلۆکە ئاوایە بۆ هەرجۆرە هەڵبژاردنێک لە عێراقدا، کورد
بەهەموو حیزب و ئایدیاو لیست و قەوارەو ڕەنگەکانیەوە، بەشێک لە هەڵبژاردنەکەو کورسیەکان
دەباتەوە، وەک کەمینەیەکی لاوازی پەرت و لات و پووتی حیزبی و نەتەوەیی دەڕواتەوە بەغداد،
لەپاڵ زۆرینەیەکی بەهێزی مەزهەبی و بان نەتەوەیی سوێندی یاسایی پەڕلەمانی و سەروەریی
و یەکپارچەیی بۆ عێراقی فاشیست دەخوا. دواتر کۆمەڵە وەزیرو کۆمەڵە سەفیرێک بەسەرۆک
کۆمارێکی تەشریفاتیەوە دەباتەوەو نەشئەی سەرکەوتن ئەیگرێ و خۆی پێوە بائەیا بۆ دەستکەوت
و ئیمتیازاتی حیزبی و حەماسەتی ناوخۆیی لە هەولێرو سلێمانی، هەر دومەتر لەودیو تەلاری
ئەنجومەنی وەزیران و دوای مانگێک، پڕۆژە یاسای گەورە گەورە دەدۆڕێنێ لەئەنجومەنی
نوێنەران و پەیتا پەیتا شکست دەخوا بەدەست حەشدی شەعبی و فیرقەو کەتیبەکانی عەسائیب
و ڕەبعەڵاو حیزبوڵاو نوروڵاو زوڵفەقارو زۆرینە مەزهەبیەکەوە، لەسەر یاساکانی بودجەو
ئاسایش و دارایی و نەفەقاتی سیادی و پرسی مادە دەستوریەکان و خاک و ئاو.
کورد بەو ڕۆحە لاوازەوە، بەو تەفرەقەو پەرتەوازیی و بێ
گوتارییەوە، بەو دۆخە ئابوریە سەختەوە، بەو لێکترازان و نەسازانەی نێوماڵی کوردیەوە،
کاتێک خۆی ئامادە ئەکات بۆ هەڵبژاردنی ئایندەی عێراق لە ١١-١١-٢٠٢٥ و بەنیازە بچێتەوە
نێو هاوکێشەو سەرئێشەکانی زۆرینەو کەمینەو دیدی دوژمنکاریانەی مەزهەبگەراکان و وەلائیەکان
و کێشمەکێشی نێو پەڕلەمان و قانونەکانی موازەنەو دەستورو یاسافیدڕاڵیەکان، هیچ
ئامادە سازیەکی فیکری و مەعریفی و سیاسی و نەتەوەیی نیە دەی ئەوە چ بەشداریەکە؟
جا ئەگەر کورد بۆ هەمووجارەکانی ڕابردوو بەشداری لە کردەی
هەڵبژاردن و پرۆسە دیموکراسیەکان و حوکمڕانی بەغداد کردبێ و تاڕادەیەک ڕەوایەتی لەبەردەستدا بووبێت، ئەوا بۆ
ئەمجارە کەتەواوی بودجەو موچەی خەڵکیان بڕی بەموتڵەقی و باس لە هەڵوەشانەوەی قەوارەی
هەرێمیش دەکەن، ئیدی هیچ ڕەوایەتیەکی نەماوەو هەڵەی نەتەوەییەو ڕێگایەکی دژواری هەڵبژاردوە،
چونکە دەرکەوت چەمکی نوێنەرایەتی و بەشداری سیاسیانەی کورد لە کابینەو دامەزراوەکانی
حکومەتی عێراق نوسینەوەی شکستی دوبارەیەو بگرە ئاو بێژانەوەیە.
ئاخر کوردو نوێنەرایەتیە بەرژەوەندخوازو حیزبیەکانی بەدرێژایی
ئەو هەموو ساڵە نەیانتوانی دەستور زامن بکەن، یاسا فیدڕاڵیەکان و ئیمتیازو پلە وەزیفیەکان
و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و فەزیلەتی تاکی کوردیی بپارێزن، نەیانتوانی
ئابوریەکی بەهێزو پشتبەستووی گرەنتیکراو، بەداهاتی نەوتی و نانەوتی دروست بکەن، نەیانتوانی
بنەماکانی فیدڕاڵیەتی هەرێمەکان بچەسپێنێنن و ئێستا کورد لەئۆتۆنۆمی کەمتری هەیە خەریکە
دەیبەنەوە دۆخی ڕاوشکاری و خێڵ و دەرەبەگ، بێگومان لەمەودواش ناتوانن مافەکان بیپارێزن
چونکە مێنتاڵێتی و عەقڵیەتی ویلایەتی فەقیەو دیدگاکانی حوکمڕانی و زۆرینە پەڕلەمانیەکە
هەر بەرکارەو هێزی دادگای فیدڕاڵی و بڕیارەکانی هێشتا وەک خۆیەتی.
شتێک نییە لە ئێستادا ناوی پەیمانی کۆمەڵایەتی و شەراکەت
و سازان بێت، ماسکەکان کەوتن بەتەواویی، ئەو بەڵێن و هیواو نیەتباشیانەی هاوپەیمانی
بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە وەک دوا ئیئتیلافی گەورەی قەوارە پەڕلەمانیەکان دەستنیشانیانکرد
بۆ نەخشە ڕێگای حکومەتەکەی محمد شیاع سودانی و دەستبەکاربوونی لە ٢٥-٩-٢٠٢٢ تا ئێستا، دەرکەوت وەهم و سیناریۆو خەڵەتاندنی
تاکی کوردو عێراقی بوو، تەنها سەفەقات و تەوافوقاتی فرۆشتنی نەوت و پاڵاوگە نایاساییەکان
و دەروازەکان و کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی هەژموونی سەربازو دەسەڵات
و لاوازکردنی ستاتۆی هەرێم و ئابڵوقەدانی بوو، بەو دۆخەوە کورد بۆچی دەبێ جارێکی
تر بخەڵەتێ و ڕێگای هەڵبژاردن بگرێتەبەر لەکاتێکدا ئاوا سوکایەتی بەدامودەزگا دەستوریی
و نیشتیمانیەکانی دەکرێ و دوومانگە گیرفانی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی خاڵیەو برسێتی
لەبەردەرگای هەموو ماڵێکدایە.
کورد کەمینەیەکی شەرمن و بێ پشتیوانە، هەرێمێکی لاوازو هەڕەشەلێکراوی
چەقۆ لەگەردنە، ئینجا ئەو کەمینە پەرتەوازە حیزبی و سەرلێشێواوە کە سبەی داوای دەنگدان
لە خەڵکی ڕەشۆک و برسی و نەدار دەکەن، تا ئەوان بە مووچەو ئیمتیازی بەرزەوە وەک نوێنەری
کوردو مەندووبی یاساناس لە بەغداد بەقات و ڕیباتەوە خۆیان نمایش بکەن گوایە هەڵبژێردراوی
ئەم میللەتە هەژارو برسیەن بابزانن؛
- بەشێکیان ڕاوە
دۆلارو بزنسی شەخسی ئەکەن.
- بەشێکیان فرۆشراون
لە سەرەتاوە، کەیف و سەفای خۆیان دەکەن وەک بریکارو پڕۆکسی دەوڵەتان، ئەهلی بازاڕی
کۆیلەفرۆشانن نەک هۆڵی یاسادانان.
- بەشێکی تریان
بێپڕۆژەو بێ ڕوئیان و ئیرادەیان تێک شکاوەو ئەسڵەن گاڵتەیان بەچەمکی نەتەوەو نیشتیمان
دێ.
- بەشە هەرە خراپەکەی ئەو مەندووب و کەمینەیە، یان شیروتیر
لەیەک دەسون یان نوزەیەکیان لێ دێ بۆ بەرگری لەم هەرێمەو نیسابی یاسایی دروست ناکەن
و هیچ پڕۆژە یاسایەکیان پێ دەرناکرێت، دەستوریان پێ حیمایە ناکرێت، موچەیان پێ
نادرێ، شەڕی بودجەو قوتی خەڵکیان پێ ناکرێ، دەی بەچ میکانیزم و ڕووقایمیەکەوە دەچنە
نێو پرۆسەیەکی مینڕێژکراوی مەترسیدار بەناوی هەڵبژاردنی ئایندەو سەرۆک لیست و کاندید
پێشکەش دەکەن؟ بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردنی نوێنەران و دیموکراسی درۆینەی عێراق بۆ
کورد مەترسیەو ئەوجارەش دۆڕاو دێتە دەرەوەی پرۆسەکە بە باجی زیاترەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی