چلوورە و مۆتەکانی حەج!

10 کاتژمێر پێش ئێستا

کاوە شێخ عەبدوڵڵا



هاوڕێیەکم ... کە ئێستا ئیتر ئەبێ پێی بڵێین حاجی فڵان... ئەمساڵ چوو بۆ حەج. لەو کاتەوە گەڕاوەتەوە نەمبینیوە تا ئەمڕۆ  نانی بەیانی لای ئێمە خوارد.
من پرسیاری چۆنێتی ڕەفتار و خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەتی سعوودیەم لێکرد  لەو کەسانەی دەچن بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج. حاجییەکەی هاوڕێم زۆر ڕازی بوو لە خزمەتگوزراییەکان و بەدەمەوهاتنی پۆلیس و خزمەتکارەکان و خواردن و شوێنی مانەوە. بەڵام تەنیا شتێک کە جێی سەرنج و بێتاقەتی ئەوبووە، ڕەفتار و هەڵسوکەوتی چەوتی  لەناو حاجییەکانی کوردستاندا بینیوە.. لە دهۆکەوە بیگرە تا خانەقین.
دەیوت: لەسەر جادەکاندا چەندین وێستگە دانراون بۆ پێشکەشکردنی ئاوی سارد و چلوورە و مۆتە و ساردیی بە خۆڕایی. لەو وێستگانە زۆربەی کوردەکان بە باوەش چلوورە و مۆتەیان هەڵدەگرت؛ٚ لەبەر ئەوەی فریا نەدەکەوتن گشتیان بخۆن هەندێکیان دەتوانەوە!
دەشیوت: لەوێ چەتر بەخۆڕایی دابەش دەکرێ بەسەر خەڵکدا تا لە تیشکی خۆر خۆبپارێزن، کەچی هەندێ لە ژن و پیاوەکانی کورد یەک باقە چەتریان هەڵدەگرت لە کاتێکدا مافی ئەوەیان هەبوو یەک چەتر هەڵگرن. دەیانبردەوە لە هۆتێلەکە بە تیپ دەیانبەستن بە یەکەوە و تاوەکو بیهێننەوە بۆ کوردستان.. ئەم هێنانەوەیەش کێشەوبێشەی زۆری بۆ دروستکردوون چونکە فڕۆکە نەبوو پێی بگەڕێنەوە بە پاس گەڕاونەتەوە جێ و ڕێیان زۆر تەسک بووە؛ چەترەکانیش ڕێی زۆریان گرتووە. کابرای کۆمپانیای گواستنەوە توڕەبووە وتوویەتی بۆ خاتری خوا لە کوردستان چەترێک بە هەزار دینارە ئێوە بۆچی ئەم هەموو چەترەتان هێناوەتەوە!
حاجی هاوڕێم شتێکی تر کە بێتاقەتی کردبوو، زیادەڕۆیی بووە لە تێکردنی چێشت و زەڵاتە و زەیتوون لەسەر مێزی نانخواردن. دەیوت: بیستوچوار سەعاتە خواردن ئامادەیە، بەس خەڵکی ئێمە زیادەڕۆیی دەکرد لە تێکردنی چێشت و خواردنەکان، دواتر بەشی زۆریان لێدەمایەوە و دەڕژێنرا. یەک کەس بەشی دوو کەس خواردنی دەخستە بەردەمی خۆی، نیوەشی پێنەدەخورا بەجێی دەهێشت!
هەموو ئەو بە باوەش چلوورە بردن و چەتر کۆکردنەوە و زیادەڕۆییانەی خواردن تێکردن هی ئەوەبووە کە خزمەتگوزراییەکان بە خوڕایی بوون لەوێ. هاوڕێکەی من سەرنجی دابوو نەتەوەکانی تر کە پێکڕا لەوێ یەک دەگرن؛ ئەو هەڵپە و پەلەخۆرییەی حاجییەکانی کوردستانیان نەبووە!
لەناو کوردستانیشدا ئەم دیاردە ناشیرینەمان زۆرە کە بۆ شتی بەلاش و خۆڕایی، گیرفان و ورگی هەموومان دەدڕێ. زۆر بێچاوو ڕووانە پەلاماری دەدەین. ئیتر بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە کە ئێمە پێویستمان بە فڵانە شت نییە، بۆچی هەر لەبەر بەلاشییەکەی پڕی پیاکەین و بیانبەین. ئیتر لە بیری دەکەین کە ئەوە بەشی خەڵکی تری تیایە یان هەیە زۆر زیاتر پێویستی بەو شتانەیە.
ئیمتیحانێک هەیە هەموو کەسێک دەتوانێ بۆ خۆی بیکات تا بزانێ چەندێک گەندەڵیی لە کەسێتیدا هەیە ئەویش ئەوەیە: ئەگەر لە میوانداریی و دەعوەتێکا هەر لەبەر ئەوەی پارەت پێنەداوە زۆر زیاتر لەوەت خوارد کە پێت دەخورێ، هیچ گومانت نەبێ تۆ کەسێکیت زۆر ئامادەیت بۆ گەندەڵیی و پیسخۆریی.
حەج و ماڵی خوا دەبێ ئیتر دوایین شوێنبێ تا ئینسان تێیدا ئارام بێتەوە، زۆربەی هەرەزۆری ئەوانەی دەچن بە حەج کەسانی بە تەمەن و دنیادیەن، دەبوو لەوێ جوانترین نموونەی سەبر و خۆڕاگریی و بەخشین بەوانی تر نیشان بدەن. کەچی بەگوێرەی قسەی هاوڕێ تازەحاجییەکەی من، هەڵسوکەوت و ڕەفتاری بەشێکی زۆر لە حاجییەکانمان لە سعوودیە، زۆر جێی شەرم و ئابڕووبەڕانە بووە بۆ هەندێ شتی زۆر سادە و ناپێویست!!
ژنێکی هاوڕێم لە سوید دەژی هەر خۆی و دوو کوڕی، دەیوت: هەمیشە شیرینیی و خواردن دروست دەکەم بۆ خۆم و کوڕەکانم، کەچی کوڕەکانم تەنیا لەتێک شیرینی یان قاپێک خواردن دەخەنە بەردەمی خۆیان. پێیان دەڵێم ڕۆڵە بۆ ئێوە ئەو شتانەم دروستکردووە بۆچی زۆرتر ناخۆن؟ کوڕەکان دەڵێن لە مەکتەب فێرکراوین تەنیا بەشی خۆمان بخۆین نەک بەشی دوو کەس!!
هەڵپەکردن و پەلاماردانی شتی خۆڕایی، لە بێکلتوورییەوە سەرچاوە دەگرێت. خواردنی زیاد لە چلوورەیەک بەخۆڕایی عەیبەیەکی گەورەیە؛ ئەمە ئەگەر بیرەنەوتێکی خۆڕایی دەست بکەوێ چۆن تەسەڕوفاتی پێوە دەکات!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی