ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەر چەمکی درۆ و ماناو زیانەکانی ئەوا
دەبینین کە بیرمەندانی وەکو ڕۆس و قەدیس ئۆگەستین
و جاک دێریدا و زۆر بیرمەندی تر گفتوگۆی قووڵیان دەربارەی درۆ هێناوەتە ناو بیروڕا
جیاجیاکانەوە، بە سەرهەڵدانی درۆ لە ناو گەلانی دونیادا جێگەی بایەخە و دەبینین کە
درۆ بۆتە دیاردەیەکی پەتی و کەسانی فشۆڵ بۆ دەستکەوتی یاسای و سیاسی خۆیان پێوە گرێدراوە
و لە ژێر کەشوهەوای دیاردەکان دا شێوازی گێڕانەوەکانیان دەگۆڕن بە درۆ تا پێی بژین.
درۆ چیـە؟
قسەیەکە پێچەوانەی واقیع و ڕاستی بۆ خەڵەتاندنی دەووروبەر لەپێناوی دەسکەوتێکدا یان
دروستکردنی کێشە لەنێوان دەووروبەریدا، درۆ ئەگەرچی دیارەدەکی کۆمەڵایەتییە بەڵام
تەنها دەرونناس و کۆمەڵناسەکان قسەیان لەسەرنەکردوە بەڵکو ئاینەکان و فەلسەفەش قسەیان
لەسەر کردوە درۆ یاخود نەگوتنی ڕاستی تەنها گوفتارێکی ناشرینی کۆمەڵایەتی نیە بەڵکو
ڕەگێکیشی لەفەلسەفەدا هەیە، فەیلەسوفەکان
پرسیاریان لەبارەی ڕاستییەوە کردوە ڕاستی
چییە؟ هەروەها پرسیاریان کردوە ئایا درۆ تەنها وتنێکە پێچەوانەی ڕاستییە؟ یان
کردارێکە ئامانجی خەڵەتاندنی دەوروبەرەکەیەتی بەئەنقەست.
"ئەفلاتون"
لەکۆمارەکەیدا باسی درۆی نەجیبی کردوە، مەبەستی ئەو جۆرە درۆیە نمونە فەرماندەیەک
لەکاتی شەڕدا بیەوێ بەدرۆیەک ورەی سەربازەکانی بەرزکاتەوە.
لەسەردەمی بەعسدا کاتێک جاش و ئەمن دەکەوتنە دوای
گەنجێک بەکەسێکیان بگوتایە بەرەو کوێ چوو ئەو بەپێچەوانەوە شوێنەکەی لێ هەڵە دەکردن
ئەمەش درۆی نەجیبــە، بەڵام "نیچە" پێی وایە ڕاستی تەنها وەهمێکە و لەبیرکراوە،
مرۆڤ بەردەوام لەڕێگای زمانەوە درۆدەکات وەسفی واقعێکی گۆڕاو دەکات بەپێچەوانەی
"ئەفلاتون" "کانت " ڕایەکی دیکەی هەیەو هەموو جۆرە درۆیەک لە
هەموو دۆخ و هەلومەرجێکدا بەکردەوەیەکی نائەخلاقی دەزانێ، چونکە درۆ ویستی چاکەخوازی
لەناودەبات و متمانە لەنێوان مرۆڤەکان ناهێڵێ، لەناو ئاینەکانیشدا بەتایبەتی ئیسلام
درۆکردنی بەنیشانەی مونافیق باسکردوە، خۆ ئەگەر جاران لەگەڕەکێکدا لەجێگایەکی فەرمیدا
درۆزنێک هەبوایە ئێستا درۆزن لەڕاستگۆ زۆرترن لەکۆمەڵگا درۆ بوە بەڕۆتین کەس شەرم ناکات کاتێ درۆ دەکات، نمونە ڕۆژانە سەدان
موجامەلەی درۆ دەبینین سەدان کۆمێنتی درۆ و دەبینین. لەکۆمێنت کابرای کردوە بەگیڤارا
کە دێتە لای تۆ دەڵێ هیچ نیە سوکە، جارێ کەدێتە دەنگدان بەهەموو کاندیدەکان دەڵێ بەسەر
چاو بەڵام بەپێچەوانەوە دەنگی پێ نادات، بەداخەوە
درۆ فەزای گشتی تەنیوە سیاسی درۆ دەکات، ڕۆشنبیر درۆ دەکات ، پیاوی ئاینی درۆ دەکات
، میدیاکار درۆ دەکات، ئەهلی زانکۆیە و
درۆ دەکات، واتە ڕێژەی درۆزن لەڕاستگۆ زیاترە بۆیە بارودۆخ نالەباردەبێت، دواجار
مرۆڤی درۆزن نە هاوڕێیەکی باشە نە نیشتیمان پەروەرێکی باشە، نەسیخوڕێکی ڕاستگۆدەبێ، نەکەسێکی ئازاد و ئازا دەبێت، سەیرە سەدان کۆمەڵە
و ڕێکخراو هەیە کەچی سەرەڕای ئەو هەموو درۆزنە کۆمەڵەیەک ، سەندیکایەک بەناوی درۆزان
و درۆزنەکانەوە نیە، چونکە درۆ ئەوەندە ناشیرینە کەس نایکاتە پێناسەی خۆی ، بۆیە
تکایە با ڕاستگۆبین لەتەک خۆمان لەتەک نیشتیمان لەتەک دەوروبەرمان ئیتر لێرەوە دەرگای
چارەسەری کێشەکان دەکرێتەوە ئاخر ناکرێ خەڵک درۆنمان تێگرێ و ئێمەش درۆ لەتەک یەک
بکەین .وەکو لە مێژوودا دەبینین دواجار درۆ فشۆڵی خاوەنەکەی و ئەو کایەش کاری تێدا دەکات بەرەو داڕمان و لەبەریەک هەڵوەشان
دەچێت و گوتارەکانی ناو کایەی درۆ لە بەریەک هەڵدەوەشێن ودرۆزنانیش ڕابووردیان دەبێتە
چەند ناونیشانێک لە پەشیمانی و خڵۆریوونەوە بۆ ناو زیڵدانی مێژوو.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی