پیرۆزبایتان بۆ ئەوان، شەڕتان بۆ ئێمە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هیوا سەید سەلیم




  کاتێک لە دوا ساتەکانی یارییەکەدا، ماڵی شیعە لەسەر کاندیدکردنی عەلی زەیدی ڕێککەوتن، لایەنە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی) لە پێشەنگی ئەو لایەنانە بوون کە پەیامی پیرۆزباییان بۆ سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو نارد و ئومێدی سەرکەوتنیان بۆ خواست.
  ئاسکرایە کە هێشتا ڕوون نیە کە (زەیدی) لەو ئەرکەدا سەرکەوتوو دەبێت، یان دوای ٣٠ ڕۆژ، لەو ماوەیەی دەستوور بە پێی ماددەی ٧٦ دیاری کردووە، سەرۆککۆمار کەسێکی دیکە بۆ ئەو ئەرکە ڕادەسپێرێت. بەڵام، لەبڕی ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم مەرجی خۆیان بۆ پشتیوانی لە (عەلی زەیدی) بخەنەڕوو، پەیام لەسەر پەیامی پیرۆزبایی دەدەن.
 باشە ئەگەر لەلای ئێوە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت و ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیرانی تازە هێندە گرنگە، دەفەرموون ئێوەش چاو لە ماڵی شیعە بکەن و دوای ساڵ و نیوێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، جورئەت بکەن کێشە حزبییەکانتان وەلابنێن، پەرلەمانی کوردستان لە سوڕی قەفلکراو دەرباز بکەن و حکومەتی تازە دابمەزرێنن.
 بەڵام هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە (پارتی و یەکێتی) ئەو کارە ناکەن، بگرە خەریکی شەڕێکی ئاست ‌نزمی ڕاگەیاندنن.
 پارتی دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بڕیار دەدات وەک سەرۆک مامەڵە لەگەڵ (نزار ئامێدی) نەکات!
 خۆزگە پارتی ئەوەی بەرانبەر سەرۆککۆماری تازە دەیکرد، بەرانبەر سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بیکردایەوە؛ بەوەی مەرجی بۆ دادەنێت کە لە بەرانبەر بەڵێنی جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکان و شایستەداریکردنی داهاتی خەڵکی کوردستان، پشتیوانی لێبکات.
شایانی باسە، سیاسەتی خۆبەکەم‌زانینی بەرپرسانی هەرێم لە ئاست ئەوانی دیکە و شکاندنی یەکتری لە ناوخۆی کوردستان، زیانی زۆری بە ناو و بانگی کورد گەیاندووە و متامەی خەڵکیشی بە سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان لاوازکردووە.
ئێمە داوای ئەوە لە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی ناکەین کە پەیوەندی باشیان لەگەڵ پێکهاتەکانی عێراق نەبێت، بەڵکو ناکرێت دۆستی ئەوان و دوژمنی خۆتان بن. ئەگەر ناو ماڵی خۆتان ڕێکبخەنەوە، کێشە حزبیەکانتان وەلابنێن و مەرج و مەرجاداری بۆ یەکتری دانەنێن،دڵنیابن بەغدا و ئیدیکەش حسابی باشترتان بۆ دەکات.
هۆشدارتان پێدەدەین کە درێژەدان بەو دۆخەی هەرێمی کوردستان، مەترسی ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە لە غیابی شەرعیەت، هەرێم  بەرەو نەمانی یەکجارەکی ببردرێت. بۆیە ناکرێت دەست لەملی ئەوان بکەن و لێرەش شەڕی یەکتری بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی