پرسیارێکی گرنگ لەبارەی داهاتووی حوسییەکانەوە ئەوەیە؛ ئایا چارەنووسیان وەک داعش دەبێت، کە لە سەرەتادا بەکارهات و دواتر بە هێزی سەربازی خۆیان گوتەنی خەلافەتەکەیان لەنێوبرا ، یان وەک تاڵیبان دەبن، کە دوای ساڵانێک شەڕ، لە کۆتاییدا بوون بە واقعێکی سیاسی و سەربازی و جیهان ناچار بوو مامەڵەیان لەگەڵ بکات؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە سەرەتا جیاوازیی نێوان داعش و تاڵیبان بزانین ، چونکە هەردووکیان ڕێکخراوی ئیسلامین، بەڵام پڕۆژە و ستراتیژییەکانیان لە بنەڕەتدا جیاوازن.
داعش زۆرتر پڕۆژەی خەلافەتێکی فراوان و سنووری نەدەناسی ، ئامانجی تەنها دەسەڵاتگرتن لە یەک وڵات نەبوو، بەڵکو هەوڵی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئیسلامیی فراوانی دەدا و لەگەڵ ئەوەشدا دروستکراوی دامەزراوە هەواڵگرییەکان بوو . بۆیە داعش نەک تەنها دژ بە حکومەتە ناوخۆییەکان، بەڵکو دژ بە زۆربەی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بوو.
تاڵیبان بەڵام زیاتر بزوتنەوەیەکی ناوخۆیی و نیشتیمانی بوو. ئامانجی سەرەکیی دەسەڵاتگرتن لە ئەفغانستان و دامەزراندنی حکومەتێکی ئیسلامی بوو. ئەمەش وای کرد لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا ساڵانێک شەڕی کرد، لە کۆتاییدا بتوانێت بەرەو گفتوگۆ و ڕێککەوتنی سیاسی بچێت.
جیاوازییەکە تەنها لە ئامانجدا نییە؛ داعش و تاڵیبان لە بنەڕەتدا دژبەری یەکترن. داعش، تاڵیبان بەهۆی ئەوەی پڕۆژەکەی لە سنووری ئەفغانستاندا سنووردارە و لەگەڵ دەوڵەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان مامەڵە دەکات، بە دژمنی ئایدیۆلۆژیک دەبینێت. لە بەرامبەردا تاڵیبان داعش بە هەڕەشەیەکی دژ بە خۆی دەزانێت و لە ئەفغانستاندا لەگەڵی جەنگی کردووە.
لە ڕووی شێوازی جەنگیش جیاوازییەکە ڕوونە ، گالبان توانای ئەوەی هەبوو ساڵانێک وەک بەپێناسەی هێزێکی شورشگێڕ لە ناو کۆمەڵگەی ئەفغانستاندا بمێنێتەوە، ناوچە بەناوچە کۆنترۆڵ بکات و لە کۆتاییدا دووبارە دەسەڵات بگرێتەوە. داعش بە پێچەوانەوە لە ماوەیەکی کورتدا ناوچەیەکی فراوانی گرت، بەڵام کاتێک هاوپەیمانییەکی گەورەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دژی دروست بوو، کۆنترۆڵی خاکی زۆری لەدەستدا.
ئەم جیاوازییە بۆ تێگەیشتن لەحوسییەکان زۆر گرنگە
حوسییەکان لە یەمەن تەنها گرووپێکی چەکدار نین کە لە دەرەوە هاتوون و بتوانرێت بە هێرشێکی سەربازی بە ئاسانی لەناوببرێن. ئەوان ڕەگ و ڕیشەی ناوخۆیی، کۆمەڵایەتی و سیاسییان هەیە و لە ماوەی ساڵانێکدا توانویانە هێزێکی سەربازی و دەسەڵاتێکی ناوخۆیی دروست بکەن.
سعودییە و هاوپەیمانەکانی ساڵانێک پشت بە هێزی ئاسمانی بەستووە بۆ لاوازکردن و ڕووخاندنی حوسییەکان، بەڵام ئەزموونی شەڕەکە نیشانیداوە کە هێزی ئاسمانی بەتەنها ناتوانێت ڕێکخراوێکی ڕەگداکوتراو بەهێزی زەمینی لەناوببات ، بە تایبەتی کاتێک لایەنە دژبەرەکانی حوسییەکان خۆیان دابەشو ناکۆکن.
لە بەرامبەردا، حوسییەکان توانایان نیشان داوە کە شەڕی یەمەن لە چوارچێوەیەکی ناوخۆییەوە بەرەو کێشەیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەرن. دەریای سوورو بابولمەندەب بوونەتە بەشێک لەهاوسەنگیی هێزی حوسییەکان و ئەمەش هەر هەوڵێک بۆ لەناوبردنیان تێچووی قورس و ئاڵۆزتر دەکات.
لێرەدا خاڵێکی گرنگ دەردەکەوێت، حوسییەکان لە ڕووی ڕەگی ناوخۆیی و توانای مانەوەیان لە شەڕدا، لەتاڵیبان نزیکترن تا داعش. ئەوان پڕۆژەیەکی جیهانی و سنوورنەناس وەک داعش نیین ، بەڵکو بەشێکن لە کێشەی ناوخۆیی یەمەن و هاوسەنگیی هێزی ناوچەکە.
لە هەمان کاتدا، ئەوەی لە مامەڵەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەگەڵ حوپییەکاندا دەبینرێت، گرنگە. هەرچەندە فشار و هەڕەشەی سەربازی بەردەوامە، بەڵام هەبوونی گفتوگۆ و ناوبژیوانی نیشاندەدات کە کێشەکە بەتەنها لەڕێگەی هێزەوە چارەسەر ناکرێت. ئەمە ئەگەر بە مانای دانپێدانانی فەرمیی حوسییەکانیش نەبێت، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە حوسییەکان بوونەتە واقعێکی سیاسی و سەربازیی کە ناتوانرێت بەئاسانی لەحیساب لاببرێت.
بۆیە لە ئێستادا، بۆ سعودییەو هاوپەیمانەکانی، پرسیار تەنها ئەوەنییە کە چۆن حوسییەکان لەڕێگەی هێزی ئاسمانییەوە لاواز بکەن ، بەڵکو پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا دەتوانرێت هێزێکی زەمینیی یەکگرتوو و کاریگەر دژیان دروستبکرێت، یان ناچاردەبن بەرەو ڕێککەوتنی سیاسی و ئاشتی لەگەڵیان بچن؟
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەراوردە سەرەتاییەکە ، داعش کاتێک خاک و توانای دەسەڵاتدارییەکەی لەدەستدا، پڕۆژەی سیاسییەکەی بە شێوەیەکی زۆر گەورە شکستی هێنا؛ بەڵام گالبان توانی لە دوای ساڵانێک شەڕ، وەک واقعێکی ناوخۆیی بمێنێتەوە و لە کۆتاییدا دەسەڵاتی بگرێتەوە دەست.
ئەگەر حوسییەکان بتوانن ڕەگی ناوخۆیی خۆیان بپارێزن، کۆنترۆڵی ناوچەکانیان بەردەوام بکەن و لایەنە دژبەرەکانیان نەیانتوانی جێگرەوەیەکی یەکگرتوو دروستبکەن ( کە ئاسان نییە جێگرەوەیان) ئەوا سیناریۆی مانەوەو بوون بەواقعێکی سیاسی لەسیناریۆی تاروماربوونیان بە شێوەی داعش نزیکتر دەبێت، بەڵام نابێت ئەمە بەواتای ئەوە بگیرێت کە حوسییەکان حەتمەن دەبن بە (تاڵیبانی یەمەن)، جیاوازییەکانی یەمەن لەگەڵ ئەفغانستان زۆرنو ڕۆڵی ئێران، سعودییە، ئەمریکا، بابولمەندەبو دەریای سوور کێشەکە زۆر ئاڵۆزتر دەکات.
لە کۆتاییدا، جیاوازیی سەرەکی ئەوەیە، داعش زیاتر پڕۆژەی خەلافەتێکی فراوان بوو کە دژی سیستەمی دەوڵەت و سنوورە نیشتیمانییەکان بوو، تاڵیبان بزوتنەوەیەکی ناوخۆیی بوو کە ئامانجی دەسەڵات لەئەفغانستان بوو. حوسییەکانیش لەڕووی ڕەگی ناوخۆیی، کۆنترۆڵی خاک و توانای مانەوەو گفتوگۆکردن، لەتاڵیبان نزیکترن.
لەبەرئەوە، پرسیاری داهاتووی حوسییەکان شاید ئەوە نەبێت کە(کەی لەنێو دەبرێن؟)، بەڵکو ئەوەیە، ئایا هێزە دژبەرەکانیان دەتوانن لە یەمەن هاوسەنگییەکی نوێ دروستبکەن، یان لەکۆتاییدا ناچاردەبن لەگەڵ حوسییەکان وەک واقعێکی سیاسیو سەربازیی مامەڵە بکەن؟ بێگومان گریمانەی زیاتر بۆ ئەوەیە، واقعی گۆڕاوی جیهانی تاک جەمسەری بۆ فرەیی، حوسییەکان وەک واقیعێکی سیاسیو سەربازیی لهقبوڵکردن نزیکترن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی