چەندین ساڵە ژینگە پارێزیی، بۆتە چەترێکی کۆکەرەوەی، پەرۆشانی ژینگەی ئێستاو
چارەنووسی داهاتووی کوردستانی رۆژهەڵات. لەم پێناوەشدا چەندین ژینگە پارێزی لەناوەوە
گرتوو بەعەشقی کوردستان، لەمینای هەوڵی کوژاندنەوەی ئەوئاگرانەی لەپێدەشت وچیاکاند
کەوتوونەوە گیانیان بەخت کردوەو شەهید بوون، یاخوود بریندار بوون وئازارێکی زۆریان
چەشتووە کەدووایهەمینیان شەهید بوونی( ٣) ژینگە پارێزی سنەی سەربەرزبوون. کە لێرەوە
هاوخەمی وپرسەی گەرم وبرایانەمان ئاراستەی خێزان و بنەماڵەو کەس وکاری شەهیدە ژینگە پارێزەکەکان و شاری سنەو
بزووتنەوەی ژینگەپارێزی ئەوبەشەی نیشتیمان و تێکڕای گەلەکەمان لەوپارچەخۆشەویستەی وڵاتە بێ نەخشەکەمان ونەقشبەستوو لەناودڵی رۆڵە بەئەمەکەکانیدا دەکەم. شوێنیان بەهەشت و خوای گەورە ئارامی بەنزیکەکانیان ببەخشێت وپاداشتیان بداتەوە و کوردستان وژینگەکەی
بپارێزێ بۆ ساتی دەرکەوتنەوەی مەسیحە لەخاچدراوەکەی کورد.
هەرئەم دەرفەتەش دەقۆزمەوە تیایدا بڵێم،
لەکوردستانی رۆژهەڵات ژینگە پارێزی بەتەواوی مانا بزووتنەوەیە. هەزاران تێکۆشەر تیایدا خزمەت دەکەن وبۆتە شووناس بۆیان، چەندین
شەهیدو برینداریان پێشکەش بەکوردستان کردووە. بەتەواوی واتا رووی دووەم و فۆرمێکی تری
کوردستانپارێزی هاوچەرخە. لەسەردەمی چۆڵبوونی چیاکاندا نازیان دەکێشێت، لە رابردوودا
پەنگی نەخواردۆتەوەو بەگەشبینییەوە کوردستان وژینگەکەی دەپارێزێت بۆ نەوەکانی داهاتوو،
لەوسۆنگەوە کە ئەم خاکە خاوەنی خۆی هەیەو بەتێپەرینی کات خاوەندارێتیەکەی لەق نابێت،
لەئێستای سایەی نەبوونی سەروەری ماددیدا بەهێزی سەروەری مەعنەوی وبروایەکی پتەو بەداهاتوو،
بە بازوو هەندێ جاریش بە جەستەی رۆڵەکانی، ئاگری لەچیابەردراو دەکوژێنێتەوە. لێرەشەوە،
جۆرێکی تر لەشەهید پێشکەش بەفەرهەنگی میللەتێکی شەهید پەروەرو هەقخوازدەکات. ماوەتەوە،
بڵێم پێویستە ئەم بزووتنەوە، لەرووی تیۆری وفیکریشەوە بایەخی زۆرتری پێبدرێت. ماجستێرو
دوکتۆرای لەسەر بنووسرێت، چونکە فۆرمێکی نوێی تیشکدانەوەی ناسیۆنالیزمی کوردییە و رەنگە
لانی کەمیش لەم قۆناغەدا، ئیزافەیەکی کوردانە بێت، بۆ سەرچەمکی ناسیۆنالیزم و دەرکەوتەکانی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی