غەزە ئەو تراژیدیایەی جیهان لە تەنیشتی قاوە دەخواتەوە!

14 کاتژمێر پێش ئێستا

فوئاد سدیق

     

  غەزە لە هەموو وڵاتانی دیكە باشتر  هاواری كردو قیژاندی:  هەموو پاشاكانی سەدەی بیست و یەك رووتن . سەدەی بیست و یەک ئەم سەكۆ گەورەیەیە کە شانۆگەریی  گاڵتەجاڕی بەردەوامی تێدا پێشكەش دەكرێت، لەو شوێنەی کە مرۆڤایەتی بانگەشەی گەیشتن بە لووتکەی شارستانیەت و بەها دەکات، غەزە بووەتە ئەو شوێنەی کە ڕاستی و درۆ، ڕەسەنایەتی و ساختەیی تێدا تاقیدەکرێتەوە و لە یەک جیا دەکرێنەوە. کارەسات لێرە تەنیا لە دەنگی تەقینەوە و وێرانیی باڵەخانەکاندا نییە، بەڵکو لەو بێدەنگییە گەورە و قووڵەدایە کە لە ناخی برسێتیدا خۆی حەشارداوە؛ بێدەنگیی  هەزاران گەدە لەبری نان، هەوا دەخۆن و ورگێک كە منداڵان لەبری شیر، هەناسەی گریان و سووتانی رۆحی دایکی بێچارە هەڵدەمژن.
   برسێتی لە غەزە، دیاردەیەکی بایۆلۆژی و ئاماری نییە، بەڵکو بووەتە مۆتەکەیەکی فەلسەفی، مۆتەكەیەكی زیندووی بیست و چوار کاتژمێریی کە لەگەڵ هەناسەی هەر منداڵێک و ئاخ هەڵکێشانی هەر پیرێکدا، گەورەتر دەبێت. ئەمە ئەو برسێتییەیە کە دەبێتە پرسیاری سەرەکیی بوون، دەپرسێ: مرۆڤبوون چییە کاتێک نان لە ژیان پیرۆزتر دەبێت؟ ئایا مانای ژیان چییە کاتێک مردن لە برساندا دەبێتە تاکە ڕزگاربوون؟  ئەمە ئەو مەرگەساتەیە کە تێیدا جەستەکان پێش ئەوەی بە گولـلە بپرژێن، لەناوخۆوە، بەهۆی نەبوونی پارووە نانێك ، دەپووکێنەوە و دەمرن. تۆ درەختێکی سەوز لە وەرزی نەورۆزدا بێنە بەرچاوت، چۆن لە گەرمای بێ ئاویی مانگی ئابدا، وردە وردە زەرد هەڵدەگەڕێت و سەری شۆڕ دەکاتەوە، تا لە ڕەگەوە وشک دەبێت. ئەگەر وشکبوونی درەختێک ئازار بە ڕۆحمان بگەیەنێت، ئەی دەبێت وشکبوونی ڕۆحی سەدان و بگرە هەزاران منداڵ و ژن و پیاوی بێدیفاع چ کارەساتێک لەناخی هەر مرۆڤێكدا دروستبكات؟ ئەمە ئەو دەفتەرە ڕەشەیە کە چرکە بە چرکە لە مێژووی ئیسرائیل و ئەو ئەوروپا و ئەمەریکایەی بەناو گوایا دیموکراتن، دەستاودەست بە مرۆڤەکانی داهاتوو دەکەن و نەوە بۆ نەوەی دوای خۆی بە گریانەوە دەیڵێتەوە.
    ئەو دروشمە درەوشاوانەی کە ڕۆژئاوا دووسەد ساڵە وەک تاج لەسەری خۆی دایناوە، ئەمڕۆؤ وەک گەڵای پایز هەمووی هەڵوەرین. مافی مرۆڤ، ئەو دەستەواژە جوانەی کە دەبوو قەڵغانی بێکەس و لێقەوماوانان بێت، كەچی بۆتە تراژیدیترین نوکتەی مێژوو. کاتێک جەستەی منداڵێک لە برسێتیدا ئێسکەکانی   یەك یەك دەژمێردرێن و بە چاوێکی زەقی لە مۆلەق کەوتوو سەیری کامێراکان دەکات، مافی مرۆڤ لەکوێیە؟ کاتێک نەخۆشخانەکان دەبنە گۆڕستانی زیندووەکان، دادپەروەری مانای چییە؟  کاتێک ئیرادەی گەلێک بۆ ژیان، بە ئیرادەی هێزێک بۆ کوشتن، دەسڕدرێتەوە دیموکراسی چ بەهایەکی هەیە؟  دەرکەوت ئەم چەمکانە هیچیان ڕەگێکیان لە ڕاستیدا نییە؛ تەنیا دەمامکی شارستانیەتن بۆ شاردنەوەی ڕووی ڕاستەقینەی هێز. ئەمڕۆ ئەو دەمامکە لەسەر سیمای خوێناویی غەززەدا کەوت و ڕوویەکی ناشیرینی بێباک، بەرژەوەندخواز و بێویژدانی ئاشکرا کرد. ئەمە گەورەترین شکستی فەلسەفیی سەردەمی دوای پۆست مۆدێرنەیە كە  مەرگی واتاکانە. وشەکان کوژران و تەرمەکانیان لەسەر شاشەکان نمایشدەکرێن، بێ ئەوەی کەس بۆیان بگری. ئەمە گەورەترین شكستی سیستەمی سەرمایەدارییە، كە یەك مانامان پێدەڵێت، ئەویش بەربەرییەتە. 
   بەڵام ئەم بێدەنگییە، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و ئەم دەمامکە پێشتریش لەسەر سیمای گەلی دیکە کەوتووە. کاتێک کورد ئەنفال و کیمیاباران دەکرا، هەمان ئەوروپای بەناو دیموکرات و هەمان ئەمەریکای چەقی بەناو فەلسەفەی نوێ، لە بێدەنگییەکی هاوبەشانەدا لاڵ بوون، نابینا بوون، نا بیست بوون، ئەمە چ تراژیدیایەكە!. ئاخر ئەنفال تەنیا تراژیدیایەکی نەتەوەیی نەبوو، بەڵکو تاقیگەیەکی دیکەی بەربەریەت بوو کە جیهان چاوی لێی نوقاند؛ پێشەکییەک بوو بۆ ئەو کارەساتانەی دواتر دێن. هەروەک چۆن ئەمڕۆش برسیکردنی خەڵکی کوردستان، تەنیا کێشەیەکی ئابووریی ڕووت نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی سیستەماتیکی داماڵینی کەرامەتە لە مرۆڤ؛ هەمان ئەو لۆژیکەی کە لە غەززەدا جەستەکان دەکوژێت، لێرە ڕۆحەکان وردە وردە لە سێدارە دەدات.مرۆڤ كە كەرامەتەكەی لێكرایەوە، هیچ وجودێكی نامینێت. 
    ئیسرائیل لەم هاوکێشەیەدا، تەنیا تاوانبارێکی جەنگی نییە، بەڵکو تاوانبارێکی مێژوویی و وجودییە. تاوانەکەی تەنیا کوشتنی هەزاران مرۆڤ نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ کوشتنی ئومێد لە رۆحی مرۆڤایەتیداو، سڕینەوەی سیمای مرۆڤە لە دوژمنەکەیدا، تاوەکو کوشتنی ببێتە کارێکی ئاسان و بێ پرسیاری ویژدانی. ئەمە لۆژیکی فاشیزمە لە پەتیترین شێوەیدا كە بریتییە لە گۆڕینی مرۆڤ بۆ ژمارە و گۆڕینی ژیان بۆ ئامار. ئەو لەکە ڕەشەی کە ئەمڕۆ لەسەر نێوچەوانی خۆی تۆماری دەکات، بە هیچ ئاوێکی مێژوو دوای 100 هەزار ساڵی تریش پاک نابێتەوە. بێگومان لە پەراوێزی ئەم تابڵۆ ڕەشەدا، وڵاتانی عەرەبی كە وەک سێبەرێکی بێ گیان وەستاون؛ ئەوان لە مێژە مردوون و نەنێژراون، بۆیە بۆنی گەندەڵبوون و بۆگەنبوونیان هەموو جیهانی گرتۆتەوە.
    کاتێک قووڵتر لەم ئاوێنە شکاوەی مرۆڤایەتییە ورد دەبینەوە، سیمایەکی گاڵتەجاڕ و ترسناکمان بۆ دەردەکەوێت. لە لووتکەی ئەم شانۆگەرییە تراژیکۆمیدییەدا، پیاوێک بانگەشەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەکات.ئەویش ترامپ ە!!، ئەمە چ گاڵتەجاڕییەكە بە مرۆڤایەتی دەكات.  کاتێک ئەوەی ڕێگای بۆ دڕندەیی ئیسرائیل خۆش کرد و بڵێسەی ئاگری لە ناوچەکەدا بڵاوتر کردەوە، داوای بەخشینی خەڵاتی نۆبلی ئاشتی دەکات،  ئا لێرەدایە،  چەمکی شایستەیی دەمرێت و خەڵاتی نۆبڵیش دەبێتە پارچەیەکی دیکەی بێ نرخ لە مۆزەخانەی دروشمە مردووەکاندا. ئەمە نیشانەی قەیرانێکی کەسیی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قووڵی سەرکردایەتی و فیكرو میتۆدە لە ئەمەریکادا. ئەو سووڕانەوە بێهوودەیەی نێوان سەرکردەکانی، وەک دوو ڕووی هەمان دراوی پووچەڵ، نیشانەی بۆشاییەکی گەورەیە.
   ڕاستییە تاڵ و سادەکە ئەوەیە: لەم سەردەمەدا، هیچ بەهایەک لە سەرووی بەرژەوەندیی ئابوورییەوە نییە. ئەو شوێنەی زمان تێیدا کۆتایی دێت و هاوار دەست پێدەکات . غەزە ئەو شوێنەیە كە جەستە دەبێتە بەڵگە و ڕۆح دەبێتە سکاڵا. ئێستا غەزە وەڵامێکە لە گۆشت و ئێسقان.غەزە  تراژیدیای رووتبوونەوەی  هەموو پاشاكانی ئێستاكەیە. غەزە  تاقیکردنەوەی ئاسمانە لەسەر زەوی و شکستی سەرجەم مرۆڤایەتییە، رووتبوونەوەی ئەخلاق و مرۆڤایەتییە لە سەرتاسەری ئەم جیهانەدا. غەزە بۆتە شوێنی فەلسەفەی هەناسەدان لەنێوان دوو بۆمبدا. بەڵێ  غەزە بووەتە تاقیگەیەک بۆ دەرخستنی خوداوەندە نوێیەکە؛ خوداوەندێکی بێبەزەیی و نابیناو نابیست کە ناوی ئابوورییە. ئەم خوداوەندە نە گوێی لە گریانی دایکانە و نە چاوی فرمێسکی منداڵان دەبینێت. لەبەردەمیدا، مرۆڤ یان کڕیارە یان کاڵا. خەڵکی غەزە، لەم هاوکێشە نوێیەدا، نە دەکڕدرێن و نە دەفرۆشرێن، بۆیە بوونیان هیچ بەهایەکی نییە.ئا لێرەدایە جیهان پێویستی بە سپارتاكۆس هەیە، سەرلەنوێ ، كۆیلەكان رزگار بكاتەوە، كە ژمارەی كۆیلەكان چەندین ملیار كەسن!. 
  لەم چاخە بێ ڕەنگ و بۆنەدا، لەم سەردەمی مردنی خوداکان و پووکانەوەی بەهاکاندا، کاتێک مرۆڤایەتی لەناو بۆشاییەکی گەورەی واتاییدا دەژی، پێویستییەک سەرهەڵدەدات کە لە نان و ئاو پیرۆزترە، (سپارتاكۆس)ێكمان پێویستە، فەلسەفەیەكمان پێویستە  بتوانێت کۆڵەکەکانی ئەم جیهانە درۆزنە بهەژێنێت. ئێمە ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر کاتێکی تر، پێویستیمان بە فەیلەسووفێکی تێکۆشەرە، فەیلەسووفێک لە ڕەگەزی مارکس، کە هاواری کرد :مرۆڤ بەنرخترین سەرمایەیە. ئەمڕۆ، ئەو هاوارە دەبێت جارێکی دیکە، بەڵام بە شێوازێکی ڕادیکاڵتر و قووڵتر، لە قوڕگی فەیلەسووفێکی نوێوە بێتە دەرەوە. چونکە ئەو برسێتییەی لە غەزەدا ڕۆح دەکێشێت و ئەو برسیبوونە ئابوورییەی کە لە کوردستاندا شکۆمەندی دەشکێنێت، دوو ڕووی یەک دراون؛ هەردووکیان دەرەنجامی هەمان ئەو فەلسەفەیەن کە مرۆڤی کردۆتە کەرەستەیەکی بێ نرخ لە خزمەتی هێز و سەرمایەدا. لە غەزە، مەرگێکی خێرای جەستەیی بەڕێوەدەچێت؛ لە کوردستان، لەسێدارەدانێکی هێواشی ڕۆحی و ئابووری.
   لێرەدایە کە فەلسەفەی نوێ دەبێت لەدایک بێت.  فەلسەفەیەک نیچە ئاسا یەکەم ئەرکی بتشکاندن بێت. بەڵام پێویستییەکە تەنیا بۆ فەیلەسووفێکی بتشکێن نییە، بەڵکو بۆ فەلسەفەیەکە کە خۆی لە خۆیدا شۆڕش بێت.  فەلسەفەیەک بتوانێت بە نەشتەری شیکاری، جەستەی نەخۆشی ئەم شارستانیەتە هەڵدڕێت و پێوەندییە شاراوەکانی نێوان بۆرسەی وۆڵ ستریت و برسێتیی غەزە، نێوان شەڕی گرێبەستە نەوتییەکان و مووچەی بڕاوی مامۆستایەکی کورد ئاشکرا بکات. دەبێت فەلسەفەیەکی جەستەیی بێت؛ فەلسەفەیەک کە لەگەڵ گەدەی برسی تێکەڵ بێت و لەگەڵ دڵی دایکێکی جەرگسووتاو لێبدات. فەلسەفەیەک کە وشەکانی ئازادی و دادپەروەری و شکۆ، لە زیندانی سیاسییەکان ڕزگار بکات و بۆ مانای ڕەسەنی خۆیان بیانگەڕێنێتەوە. ئەرکی ئەم فەلسەفەیە ئەوەیە پرسیاری نارەحەت بکات، بۆنموونە: ئاسوودەیی من چ پێوەندی بە ئازاری ئەوانەوە هەیە؟ و بێدەنگیی من چ ڕۆڵێک لە درێژەپێدانی ئەم تاوانەدا دەگێڕێت؟. ئەم فەلسەفەیە بە مەرەکەب نانووسرێتەوە، بەڵکو بە فرمێسک و خوێن و ئارەقەی ستەملێکراوان نەقشدەکرێت. ئەرکی فەیلەسووفی نوێ تەنیا شیکردنەوەی جیهان نییە، وەک چۆن زۆربەی فەیلەسووفان کردوویانە، بەڵکو ماركس گوتەنی گۆڕینیەتی.ئەم گۆڕینە دەبێت لەگەڵ ژیاندا بەردەوام بێت.  دەبێت بوێریی ئەوەی هەبێت هاوار بکات: پادشا ڕووتە.! 
   ئەگەر لە سەردەمی مارکسدا ئایین  تلیاکی گەلان بوو، ئەوا لەمڕۆدا چەمکەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ  بوونەتە ئەو تلیاکە نوێیەی کە ویژدانەکان سڕ دەکات و ڕێگە بە دەسەڵاتداران دەدات بەناوی بەهای بەرزەوە، قێزەونترین تاوان ئەنجامبدەن. ئەم فەلسەفەیە لەنێو دیواری زانکۆکان و کتێبە تۆزاوییەکاندا لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێت لەسەر شەقامەکان، لەناو ئۆردووگاکان، لە ئازاری برسێتیی منداڵێک و لە بێهیوایی گەنجێکدا بنووسرێتەوە. فەلسەفەیەک نەك بە مەرەكەب، بەڵكو  بە فرمێسکی دایکێکی غەزەیی و ئارەقەی نێوچەوانی کرێکارێکی کوردستانی بنووسرێتەوە. 
   راستە ئەمڕۆش جیهان بێ فەیلەسووف نییە. فەیلەسووفی ڕادیکاڵی وەک سلاڤۆی ژیژەک لە مەیدانەكەیە،باسی هابرماس و فۆكۆیاماو نوح حەراری ناكەم، هەر لەناو دڵی فەڕەنسادا رێجیس دۆبریە زیندووە. بەڵام گرفتە سەرەكیەكە ئەوەیە ئەو زەمینلەرزە مەزنەی لەم ساڵانەی دواییدا بەسەر مرۆڤایەتیدا هات، هێندە بەهێز بوو تا ئێستا هیچ دەنگێکی فەلسەفی نەیتوانیوە لە ئاستی گەورەیی ئەو هەموو کارەساتەدا بێت. هاواری فەیلەسووف، تەنانەت ئەگەر تەنیا مەعنەوی و ڕەمزیش بێت، لە قووڵایی ڕۆحی مرۆڤایەتیدا، لە هەموو بەیاننامەکانی سەرۆکە پوول پەرستەکان کاریگەرترە. فەیلەسووفان وەکچۆن نیچە دەیگوت، ئەو داینامێتانەن دەتوانن بناخەی سەدەیەك بهەژێنن، بەڵام وا دیارە داینامێتەکانی ئەم سەردەمە یان تەڕ بوون، یان فتیلەکانیان لێ کراوەتەوە.
کارەساتی گەورەتر، بێدەنگیی قووڵ و قێزەونی نوخبەی ڕۆشنبیرییە. فەڕەنسا، ئەو وڵاتەی شانازیی بە بێشکەی مافی مرۆڤ  و میراتی ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ و سارتەرەوە دەکرد، ئەمڕۆ لە خەوێکی قووڵی ویژدانیدایە. ئەو نوخبە ڕۆشنبیرەی کە دەبوو میراتگری سارتەر بن لە پابەندبوون و میراتگری فۆکۆ بن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و زانین، كەچی ئەوەتا ئەمڕۆ بوونەتە پاسەوانی بێدەنگیی کۆشکەکان. بۆچی بێدەنگن؟!. ئەمە "خیانەتی ڕۆشنبیران"ە کە جولیان بێندا باسیكردووە، لە پەتیترین شێوەیدائەوەیە كە ڕۆشنبیر لەبری بەرگریکردن لە ڕاستی و دادپەروەریی ڕەها، دەبێتە پاشکۆی بەرژەوەندییە كەسییەكانی خۆی.   ئەوانەی کە بۆ بچووکترین پرسی ژینگەیی یان مافی ئاژەڵان دێنە سەر شەقام، بەڵام، لەبەردەم گەورەترین تاوانی دژەمرۆیی سەدەی بیست و یەکەمدا، بێدەنگن. بێدەنگییەکەیان تابووتێکی مەخمەڵییە ڕاستییەکانی تێدا نێژراوە. ئەم بێدەنگییە، بێدەنگییەکی ئاسایی نییە. ئەمە خۆی لە خۆیدا کارەساتێکی دیکەیە؛ کارەساتێکی فیکری و ئەخلاقییە. کاتێک ئەوانەی چەکیان وشەیە و قەڵغانیان ویژدانە، چەکەکانیان دادەنێن و قەڵغانەکانیان دەشارنەوە، ئیتر جەنگاوەری مەیدانەکە کێ دەبێت؟
   بەمشێوەیە، قوربانییەکانی غەزە و خەڵکی ستەمدیدەی جیهان، دوو جار دەمرن: جارێک بە بۆمب و برسێتی، جارێکی دیکە لەناو گۆڕستانی بێدەنگیی ئەوانەی کە دەبوو هاواریان بۆ بکەن. ئەمە تراژیدیای کۆتاییە: مردنی مرۆڤ لەسەر دەستی مرۆڤ و، مردنی ویژدان لەناو بێدەنگیی مرۆڤدا. غەزە بووەتە قیبلەنمایەک کە تەنیا ڕووی ڕاستەقینەی هێزەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵکو ڕووی ڕاستەقینەی هەموو مرۆڤایەتیشی ئاشکرا کرد، كە لە بنچینەدا بریتییە لە ڕووی بێباکی، دووڕوویی، ترسنۆکی و لە کۆتاییدا، ڕووی شکاوی خودی مرۆڤایەتی لەم سەردەمەدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی