دەربارەی لێکۆڵینەوەی ئاینیی، فەرهەنگی ئێمەو تەنانەت فەرهەنگی نەتەوەکانی سەردەستی ئێمەو دونیای هاوچەرخیش بەگشتی، زیادەڕەوییەکی لە ڕاددە بەدەری هەیە بۆ دەستبردن بۆ کەرەستە مەعریفیی و زانستییەکانی پەیوەست بە شوێنکەوتنی دیاردە ئاینییەکان و هەرچی نووسین و وەرگێڕانیشە لە بواری ئایین ناسیدا لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕن.
ئەمە جگە لە بوارەکانی دیکەی وەک "ئەنسرۆپۆلۆژیای ئایینی- Religious anthropology"، کە سەوداسەری مەعریفیی و ئەکادیمی پێوەی لە ئاستی نەبووندایە.
سەرهەڵدانی بەشە سۆسیۆلۆژییەکانی زانکۆکان، هێشتا گرفتارە بەدەست کەموکورتییەکانی خۆیەوە، کە لەبنەڕەتدا کورت دەبێتەوە بۆ نەداریی بۆ ئەو هەناردەکردنە سۆسیۆلۆژییەی، کە توانای چارەسەرکردنی ئیشکالییاتە کۆمەڵایەتییەکانی نییە و یەک لەوانە ئایین لە فۆڕمە دۆکترینیی و نەریتیی و خوارافییەکەیدا، چونکە نامۆبوونێکی مەعریفیی هەیە بە بوونی و داکەوتەی ئەو دۆشدامانە بەرهەمدارەیە، کە لە خودی میتۆدەکانەوە وەک پێناسە و سەرسامبوون پێیان لە نمایشێکی تیوریی و میتۆدی سۆسیۆلۆژیی خۆرئاواییەوە سەرچاوە دەگرێت و توانای گونجاندنی ئەرکیی بۆنییە لەگەڵ ئەوەی کە لێرە هەیە و مەبەست لێی نەتوانینی ئاراستەکردنی ئەو کەرەستە مەعریفییەیە لەخزمەت ئەو واقیعە ئاینییەدا بۆ تێگەشتن لە ناوەڕۆک و وەرچەرخان و ئەڵەنگارییەکانی.
بۆیە زۆرجار دەبینین، کە وەرگرتنە کانتیی و دۆرکهایمەریی و فیبیرییەکان و قوتابخانەی دیالەکتیکیی و جۆرج لۆبیراو هاوشێوەکانیان، زیاتر دەبنە خستنەڕوویەکی مێژوویی سادەلەوحیانە وەک لەوەی کەرەستەیەکی مەعریفی ڕێنوێنیکاریبن بە تایبەت دوای پێداچوونەوەکانیشیان و گومانکردنیان بۆ ئەو پیرۆزییەی، کە لە ڕوودا دیارە و ئایرۆنییە سەیروسەمەرەکانی خۆیمان بۆ نمایشدەکات.
لەم سەروەختەدا پەرەسەندنێک بە تیورە تازەکانی سۆسیۆلۆژیای ئاینییەوە دەبینین بە تایبەت لە فەزای ئەمریکیدا لەو بوارانەی، کە لقە هەمەچەشنەکانی بازاڕی ئاینیی بەخۆوەی بینیوە، هەر لە تیورەکانی خواست و خستنەڕووەوە تا دەگات بە قۆرخکردنی ئاینیی، کەلەگەڵ کۆمپانیاکانی دارن ئەی و کریستوڤر و جەی ئیلیسیۆندا پەرەیسەندووە و گومانی لە زۆرێک لەو بڕواو حوکمانە کردووە، کە باوبوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردە ئاینییەکان و هەبوون لەبارەیانەوە.
ئەمە جەوهەری ئەو کەموکورتییە مەعریفییەیە، کە لە ئایین و لێکۆڵینەوە لە دیاردە ئاینییەکان گەڕاوە بۆ واعیزو ئایینبازەکانی کۆمەڵگە، کە هیچ تەوزیفێکیان نییە بۆ ئایین جگە لە ئاراستەکردنێکی ناعەقڵانیی ئایین و پەیڕەوانی ئایینی نەبێت بۆ خواستە ئاییینبازییە نائەقڵانیی و خورافییەکانی خۆیان نەبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی