لە دێر زەمانەوە گەیاندنی
هەواڵ بە یەکتری لە نێوان مرۆڤەکاندا، کارێکی ئاسان نەبووە، لەمەدا داهێنانی (نامە)
خزمەتێکی گەورەی مرۆڤایەتی کرد، هەتا ساڵانی هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی پێشوو،
بەوپەڕی دڵخۆشییەوە چاوەڕێی گەیشتنی
نامەیەک دەبووین لەلایەن دۆست و هاوڕێ و کەسە نزیکەکانمانەوە. پاشان داهێنانی
تەلەفون و دواتریش فاکس و دواجار
ئینتەرنێت، کە کۆمەڵێک تۆڕی کۆمەڵایەتی تێدا لەدایکبوو، هەموو ئەمانە بوونە هۆی
گەیاندنی هەواڵی نوێ بە یەکتری، لەهەمانکاتیشدا پەیوەندییکردنی مرۆڤەکانی
بەیەکترییەوە زۆر ئاسان کرد. ئەگەر لە ساڵانی پێشوودا کەسێک بیگوتایە ئامێرێک
پەیدادەبێت لە یەک چرکەدا، وێنەی کەسێک لەوپەڕی جیهانەوە دەگاتە لای تۆ و دەتوانیت
بە ئاسانی قسەی لەگەڵدا بکەیت، ئەمە وەکو خەیاڵی زانستی دادەنرا، بەڵام ئەمڕۆ
بەچاوی خۆمان دەیبینین، من دەتوانم لەیەککاتدا قسە لەگەڵ کەسێک بکەم لە ئەوروپا،
یەکێکی تر لە ئەمریکا یان ئوسترالیا، ئەمەش هەموو نیعمەتێکی گەورەیە بۆ خزمەتی
مرۆڤایەتی، بەڵام لەهەمانکاتیشدا ئەم نیعمەتە گەورەیە، دەبێتە نەگبەتییەکی گەورە
بەتایبەتی ئەگەر بۆ ئامانجی خراپ بەکاربهێنرێت.
ئەمڕۆ لە جیهاندا سەردەمی تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکانە، بۆ گەیاندنی هەواڵ یان ڕووداوێک لە یەکەم ساتەوە دەتوانیت ئەو هەواڵە بە هەموو جیهانی بگەیەنێت، بەڵام
لەهەمانکاتدا، سەیر دەکەیت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنۆلۆژیای نوێ، وایکردووە کە
هێندەی هەواڵی ساختە و درۆ بڵاوبکرێتەوە، هێندە ڕاستییەکان بڵاوناکرێتەوە، بە
جۆرێک وایلێهاتووە دەبێت بەوپەڕی گومان و حەزەرەوە سەیری هەواڵێک بکەیت. مرۆڤ لەم سەردەمەدا وایلێهاتووە گومان
لە هەموو هەواڵێک بکات کە لە پڕێکدا بڵاودەبێتەوە.
ئینگلیزەکان وشەی(Newspaper، لاپەڕەی هەواڵ)یان بۆ ڕۆژنامەکان بەکاردەهێنا، ڕۆژنامەکان
سەرچاوەی هەواڵەکان بوون، ڕاستە هەندێکجار هەواڵی ساختە بڵاودەکرایەوە و
ڕۆژنامەکان دەبوونە ئامڕازێک بۆ پروپاگەندە بۆ ڕژێمە دیکتاتۆرەکان، بەڵام لەگەڵ
ئەوەشدا، کۆمەڵێک ڕێسا و یاسا هەبوو، کە ڕۆژنامەکان پێوەی پابەند بوون کە ڕێگر بوو
لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ، بەڵام لە جیهانی ئەمڕۆماندا هیچ ڕێگرییەک لە
بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و هەڵمەتی ناڕەوا نییە. کە تەکنۆلۆژیای نوێ پەیدا بوو، دەگوترا، ئەمە هۆکارێکی زۆر گرنگە، چونکە
دەتوانێت یارمەتی بزووتنەوەی ئازادیی بدات و دژی سیستەمە دیکتاتۆرەکانە، بەڵام ئەمڕۆ بە گومانەوە بۆ ئەم قسەیە دەڕوانین،
چونکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە شوێنی بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و پروپاگەندە،
هەروەها حزب و ڕژێمە دیکتاتۆرەکانیش باشتر بەکاریدەهێنن بۆ پروپاگەندەکردن بۆ
خۆیان. ئەم کێشەیە لە هەرێمی کوردستاندا، زۆر گەورە بووە، بەجۆرێک واملێهاتووە،
باوەڕ بە هیچ هەواڵێك نەکەم، هەتاوەکو خۆم
بەدواداچوون بۆ هەواڵەکە نەکەم، زۆرجاریش ناتوانم یان کاتم نییە ئەمە بکەم،
لەبەرئەوە بێدەنگی هەڵدەبژێرم، چونکە دەترسم هەواڵەکە درۆ بێت و دواجار تووشی
ئیحراجی دەبم.
لە ماوەی پێشوودا کۆمەڵێک
هەواڵی ناڕاست بڵاوبوویەوە، کە بوونە هۆی ئاگرخۆشکردن بۆ پەرتەوازیی کورد، هەواڵی
شەهیدبوونی کچە پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵات، بووە هەواڵی سەرەکی دەزگا ئیعلامە حزبی و ئەهلییەکان، لە هەمانکاتیشدا لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەڵمەتێكی
قێزەون و ناشیرین و تاڕادەیەکیش ترسناک دژی هەموو خەڵکی سلێمانی دروستبوو. سەرەتای هەڵمەتەکە دژی یەکێتی بوو، پاشان
سەرۆکەکەی، دواجار هەڵمەتەکە هەموو خەڵکی سلێمانی گرتەوە.
هەواڵێکی تر کە هەتاوەکو ئێستا
ساخ نەبۆتەوە، لەپاش تۆمەتبارکردنی هەموو گەلی کورد بە (دز) لەلایەن دۆناڵد
ترەمپەوە، لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەم هەواڵە بۆتە بابەتی سەرەکی، دەمێک
پارتی و دەمێکیش یەکێتی بە دزینی ئەو
چەکانە تۆمەتبار دەکرێت کە ئەمریکا ناردوویەتی.
بەداخەوە هەتاوەکو ئێستاش ئەم مەسەلەیە یەکلانەبۆتەوە، دیارە ئەم بابەتە زۆر
گەورەیە، ئەگەر ئەمە لە هەر وڵاتێکی تردا بوایە، ئەوا حکومەت و زۆر کەسی تریشی
دەدرانە دادگا، بەڵام بە حوکمی ئەوەی ئێمە هێشتا سیستەمێکی پەرلەمایی و دیموکراسیی
و دادوەریی سەربەخۆمان نییە، هەربۆیە کێشەکە وەکو بابەتێکی گەرمی ناو دەزگا ئیعلامیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
ماوەتەوە، ئەم جۆرە کێشانە لە
وڵاتانی تردا، لەڕێگەی دروستکردنی لیژنەی
پەرلەمانی، یان دادگاوە چارەسەر دەکرا، ئەو کەسە یان لایەنەی چەکەکانی بردووە، سزا
دەدرا، ئیتر هەمووو گەلی کورد تاوانبار نەدەکرا.
لەلایەکی ترەوە ئەمڕۆ تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکان وایانکردووە کە مرۆڤ ببێتە وابەستەیەکی بێ هەست و سۆزی
ئەم تۆڕانە، ئەگەر ڕۆژێک ئینتەرنێت نەبێت، وەکو ئەوە وایە کۆسێکی گەورە بەر ئەم
میللەتە کەوتووە، مرۆڤ لەم سەردەمەدا بۆتە کۆیلەی ئەو ئامێرانە، بەتایبەتی هەندێک
تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ نموونە (تیک تۆک)، بە
جارێک کۆمەڵێک ڤیدیۆت دەهێنێتە پێشچاو، کە وات لێدەکات کە تۆ هیچ ئاگات لە خۆت نەمێنێت
چەند سەعات سەیری مۆبایلەکەت دەکەیت، بەڕاستی ئەمریکییەکان کارێکی باشیان کرد کە
ئەم تۆڕەیان لەناو وڵاتەکەیان قەدەغە کرد.
ئەمڕۆ چ تییکتۆک چ فەیسبوک و
تۆڕەکانی تر، وایانکردووە کە مرۆڤەکان ببنە کۆیلەی ئامێرەکان، ئەمەش ئەو مەترسیەیە
کە ماوەی چەندین ساڵە فەیلەسوفانی جیهان باسی لێوەدەکەن، مەسەلەی کۆیلایەتی واتە وابەستەبوون،
کۆیلەی جاران ملکەچ و وابەستەی خاوەنەکەیان
بوون، ئێستا بەشێکی زۆری مرۆڤایەتی، ملکەچ و وابەستەی تەلەفونەکانیانن، ئەوان بوونەتە خاوەنیان لەکاتێکدا دەبوایە
مرۆڤ خاوەنی هەموو شتێک بێت و سەربەخۆیی
خۆی بپارێزێت، بەڵام کە سەیری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەکەیت، دەبینیت کە مرۆڤ
بۆتە وابەستە و پاشکۆی ئامێرەکان، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە، کە چ ئێستا و چ لە داهاتووشدا، مرۆڤایەتی باجی گەورەی ئەم
کارەی دەدات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی