ئەرکی ڕۆژنامەنووس تەنها گواستنەوەی هەواڵ نییە. بەر لە هەموو
شتێک، پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و پێشکەشکردنی ڕەخنەی بونیاتنەر بەرامبەر کێشەکانی ئەو سیستم و دەسەڵاتەیە کە
بۆتە ژینگەی بنەڕەتی و جومگەو جوڵەی ئەم پیشەیە. ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر، وەک
نەخشەداڕێژەری کۆمەڵگەیەکی تەندروست لە مەیدانی بووندا ، کە وڵات دەبەن بەرەو
شارستانییەتی نوێ. ئەوان هاندان و سەرچاوەی فێرکاری خەڵکەکەن تا چۆن بتوانن بەرگری
لە مافی خۆیان و هەستی بیروڕای ئازادی بەرجەستە بکەن.
کەواتە، بۆ دەبێت ئەم کەسایەتییانە ببنە جێگەی ترس و بکرێنە ئامانجی تیرۆر؟ چۆن دەبێت کەسێکی خاوەن
هزر و هەڵگری قەڵەم، بە تفەنگی سەر بەتاڵێکی چنگ لە فیشەک بکوژرێت؟ ئەمە ڕوویدا و
سەردەشت عوسمان کرایە ئامانجی بەکرێگیراوی دەسەڵاتی خێڵ و حیزب و سەرۆک بنەماڵە ،
کاوە گەرمیانی، سۆرانی مامەحەمە و چەندانی تر هاوشێوە پیلانیان بۆداڕێژرا. ئەوانە
ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە ئازایانەن کە بەهۆی نووسین و ڕەخنەکانیانەوە ژیانیان کردە قوربانی بوونی ئازادیە ڕەهاکانی گەلێک کە
سەدان ساڵە بە چەکی دووژمنان جینۆساید دەکرێ و هەر لە گەشەکردندایە بۆ ئازادی.
لێرەوە دەچینە بەردەم کێشەکە تەنها خودی تیرۆر و
مەرگەکە نییە. کێشە لەوەدایە کە دوای تیرۆرکردنیان، دادگا و دادوەران نەیانتوانیوە
کەیسەکانیان یەکلا بکاتەوە. ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بێدەنگ بووە. تا ئێستا کەسی تاوانبار
دەسگیر نەکراوە و دۆسیەکان داخراون. ئایا ئەم بێدەنگییە خۆی بەشێک نییە لە
تاوانەکە و پەردە پۆشکردنی ئەو سیستمە شاراوە بۆگەنەی هەموو ساتێک بە ناوی یاساو
دەوڵەت و دیموکراسییەوە ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆی لە تەنگەژەو کاردانەوە خراپەکاندا
بەکاردێنێ و ناچێتەوە سەر ویست و ئازارەکانی خەڵک و ئازادی پێکەوەیی هاونیشتیمانیان
تا کەس نەتوانێت دەستی بە خوێنی گەنجانی وڵاتەکەم لە ژێر ناوی وەهم و درۆی
پیرۆزیەکان خوێنیان بڕێژن.
بۆیە پێویستە دادگە سەروەر بێت، دادگە
نابێت لەژێر کاریگەری دەسەڵات یان حزبێکدا کار بکات. بەڵام لە ڕاستیدا، لە هەرێمی
کوردستاندا ئێستا قۆناغی تاکڕەوی حزب و سەرکردە لەسەروو یاسا و دەستور و دادگاوە
هاتووە. ئەوەی دەبەخشێ یان سزای تاوانبار بڕیاری لێ دەدات، یاسا نییە، بەڵکو
خواستی سیاسی حیزبەو دەبێتە مەترسیی
خوێناویی و ژیانی هەموو دەنگێکی ڕەخنەگر
دەخاتە ژێر مەترسییەوە.
ئێمەی ئازادیخواز، خەڵکی قەڵەم و بیروڕای ئازاد،
دەمانەوێت ئەم مەترسییە خوێناوییە بنێژین. دەمانەوێت کۆتایی بە دەسەڵاتی حزب و
سەرکردە بهێنین کە خۆیان لەسەروو یاساوە دەبینن. ئێمە لە ڕەخنە و خوێندنەوەی
ڕاستییەکان ناترسین و بەردەوام دەبین. ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە کە ئەوان واز لە
هەوڵی دەسگیرکردن و تیرۆرکردنی ئێمە بهێنن،
سەردەشت عوسمان ئەو جۆرە ڕۆژنامەنووسەبوو لاوەکانی هۆشیارکردەوە، شانزدە ساڵ تێپەڕیوە. کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشت
عوسمان، کاوە گەرمیانی، سۆران مامەحەمە و ئەوانی دیکە هێشتا یەکلا نەکراونەتەوە.
ئەم بێدادییە تەنها شکستی دادگا نییە، شکستی هەموو ئەو دەستەیانەیە کە ناوی
ئۆپۆزسیۆنیان لەسەرە.
دادگایەکی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لەژێر ئۆتۆریتەی
هیچ حزب و سەرکردەیەکدا نەبێت. بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا دادگا و دادوەر و یاسا
هێشتا لەژێر سێبەری تاکڕەوی حزب و بنەماڵەدان. ئەمەش واتای ئەوەیە کە دادپەروەریی
مافێکی دیاریکراوی تایبەتمەندانەیە، نەک مافی هەموو کەسانی سیاسی و خۆبەخاوەن
کردنی هەرێمەکەبێت.
گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانیش لەم بارەیەوە بێدەنگن" لەبەرامبەر تیرۆرکردنی دەنگی
ئازاد، ئەمەیش جۆرێکی هاوکاریکردنە بەو تیرۆرە. ، ئەگەر هەر جۆرێک لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەمان
هەبوایە دۆزی ڕۆشنبیرو نوسەران لە مەترسیدا نەدەبوون.
لە
کۆتایدا دەبێت زۆر باش لەوە دڵنیابن سەردەشت هەموو ساڵێک زیندوو دەبێتەوەو ، ئێوەش
هەموو ساڵێک بە زیندوویی دەمرن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی