گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ؛ هەنگاوێک بەرەو چارەسەر، یان تاقیکردنەوەی ئیرادەی سیاسی؟

26 خولەک پێش ئێستا

زانا توفیق بەگ



سەرنجێك لەسەر دیمانەکەی کاک مەسرور بارزانی؟
بەشێکی زۆری چاوپێکەوتنی کەناڵی شەمس لەگەڵ بەڕێز مەسرور بارزانی، بە ئاڕاستەی گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لێکدرایەوە. لە ناو ئەو چاوپێکەوتنەدا، پێداگری لەسەر چەند بنەمایەکی گرنگ دەکرا کە دەتوانن ببنە ڕێڕەوێک بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکی، گەڕانەوەی ئارامی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی . ئەو بنەمایانە بریتی بوون لەمانە:

١.داننان بە بوونی جیاوازییە سیاسییەکان و دوورکەوتنەوە لە تۆمەتبارکردن و هەڕەش و دەستبادانی سیاسی.
٢.گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ بە نیازی چارەسەری ڕاستەقینەوجدیی، نەک بە مەبەستی بەکارهێنانی قەیران بۆ قازانجی تاکلایەنە.
٣. دانانی بەرژەوەندیی گشتی و چارەنووسی هاوڵاتیان لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی و تاکەکەسی. 
پابەندبوون بە دەستوور، یاسا، دامەزراوەکان و ڕێکارە دیموکراتییەکان بڕوابوون بە ئەنجامی هەڵبژاردن..٤.
بێگومان، ناکۆکیە سیاسیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەشێکە لە سروشتی ژیانی سیاسی و دیموکراتی کۆمەڵگای کوردی، چونکە جیاوازیی بۆچوون، بەرژەوەندی، بەرنامە و ئاراستەی سیاسی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا شتێکی سروشتی و تەندروستە. بەڵام پرسی سەرەکی لەم قەیرانەدا بوونی ناکۆکی نییە؛ بەڵکو پرسی سەرەکی لە شێوازی بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکەدایە. ئایا ناکۆکی دەبێتە هۆی گفتوگۆ،و ڕێککەوتن و پێشکەوتن، یان دەبێتە هۆی دابەشبوونی، قەیرانو، وەستانی دامەزراوەکان و لەدەستدانی متمانەی گشتییە؟ چونکە ئەگەر ناکۆکی لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و بەرپرسیارییەتی سیاسی دەرچێت، ئەوا بە ئاسانی دەتوانێت ببێتە هۆی کاولکاری، لەتبوون و زیاتر دوورکەوتنەوەی هەرێمی کوردستان لە ئاسۆی چارەسەر..
لە لێدوانەکانی بەڕێز مەسرور بارزانیدا، بەردەوام هەوڵ دەدرا لە زمانێکی فشار و توندوتیژیی سیاسییەوە بگەڕێتەوە بۆ زمانێکی نەرمتر و گفتوگۆ، و ئەوەش بە جۆرێک نیشانەی ئیرادەی گەڕانەوە بوو بۆ مێزی ڕێککەوتن . بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەو نیگەرانییەش بە ڕوونی هەست پێدەکرا کە ئەگەر پارتی و یەکێتی، بەردەوام لەسەر ناکۆکی و ملمـلانێ بمێننەوە، زیانی ئەو ناکۆکییە تەنها بە حیزبەکان ناگات، بەڵکو زیانەکە دەگاتە هاوڵاتی، ئابووری، خزمەتگوزاری، ئاسایش، داهاتووی گەنجان و متمانەی خەڵک بە دامەزراوە سیاسییەکان..
لە ڕاستیدا، خەڵک چیتر ناتوانن بەرگەی قەیرانێکی سیاسیی بەردەوام بگرن؛ کۆمەڵگە لە بەڵێنی سیاسی و وتاری ڕێککەوتن تێر بووە، ئەوەی پێویستی پێیەتی ئەنجامی کردارییە. هەرێمی کوردستان لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە ئارامی سیاسی، جێگیری دامەزراوەکان و ڕێککەوتنی جددی هەیە. بەڵام ئارامی بە وشە دروست نابێت، ڕێککەوتن بە کۆبوونەوەی بێ ئەنجام بەدەست نایەت و متمانە بە دروشم دروستنابێت بەڵکو  بە کردارو، بڕیار و پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکان دروست دەبێت.
لە بەرامبەردا، بانگەشەکردنی ڕێککەوتنی سیاسی وەک دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، بە خۆی هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام ئەو هەنگاوە تەنها کاتێک مانای ڕاستەقینەی دەبێت کە ببێتە کردار و لە سنووری وتار و لێدوانە سیاسییەکاندا نەوەستێت. ڕێککەوتنی سیاسی نابێت ببێتە پردێك بۆ کات کڕین، ئەبێت ئامرازێک بێت بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان وە نە بەشێک بێت لە تاکتیکی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی قازانجی کاتی. ڕێککەوتن دەبێت بە مانای چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان بێت ،یان ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان و گەڕاندنەوەی دامەزراوەکان بۆ ئەرکە ڕاستەقینە کەی خۆیان..
هەرچەندە هەوڵ بۆ نەرمکردنەوەی زمانی سیاسی و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆی جدی جێگەی پشتیوانییە، بەڵام بەشێک لە دیدگا و هەڵوێستە سیاسییەکانیش نیگەرانییەکی جدی دروست کردوە؛ بە تایبەتی ئەوەی کە ئایا لایەنە بەرامبەرەکان بە ڕاستی ئیرادەی چارەسەری دیموکراتیانەیان هەیە، یان هێشتا سیاسییەت بە زمانی فشار، کاردانەوە و بەربەستدروستکردن بەڕێوە دەبەن؟ ئەو نیگەرانییە کاتێک زیاتر دەبێت کە لە دوای چالاککردنەوەی پەرلەمان و ئەو فشار سیاسی و ڕاگەیاندنییەی یەکێتی لە کاردانەوەی گۆڵەکەی پارتی بۆ پەرلەمان دروست بوو، بەڵام ئاسۆی چارەسەرکردنی کێشەکان زیاتر دوور کەوتوتەوە و ەگەڕانەوە بۆ دۆخی پێش چواری  نۆڤەمبەر، بە هەڵسەنگاندنی سیاسیی ئێستاوە، ئەستەمتر دەردەکەوێت وە بەڕێز کاک مەسرور بە دووری زانی دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ پێش کاتی چاڵاک کردنی پەرلەمان..
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو نیگەرانییانەشدا، چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان بە هەڵوێستی نەرم،وە زمانی گفتوگۆ و ئیرادەی ڕێککەوتنەوە دەست پێدەکات، نەک بە زمانی هەڕەشە و فشار. نەرمبوون لە سیاسەتدا نیشانەی لاوازی نییە؛ بەڵکو نیشانەی هێز،و دانایی و بەرپرسیارییەتییە. سەرکردەی سیاسیی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە بتوانێت ناکۆکی دروست بکات، قەیران بەرهەم بهێنێت یان ڕکابەرەکەی لە گۆشەیەکدا گیر بکات؛ سەرکردەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە بتوانێت ناکۆکی بخاتە سەر ڕێگای چارەسەر، بەرژەوەندیی گشتی لە پێش بەرژەوەندیی حیزبی بەرزتر بزانێت و کۆمەڵگە بەرەو ئارامی، یەکگرتوویی و پێشکەوتن ببات وە بەشێکی زۆر وەڵامەکانی بەڕیز مەسرور بارزانی بەرەو ئاڕاستەی کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێ بوو بۆ گەڕانەوەی یەکێتی لە دەمارگیری حیزبی بۆ ململانیەی دیموکراسی لەگەڵ پارتی لە ناو پەرلەماندا.
 لە کۆتایدا ئەگەر ئیرادەی ڕێککەوتن هەبێت، مێزی گفتوگۆ دەتوانێت دەرفەتی چارەسەر بێت بۆ هەموو لایەک؛ بەڵام ئەگەر گفتوگۆ تەنها بۆ کات کڕین و بەڕێوەبردنی قەیران بێت، ئەوا ناکۆکییەکان هەر بەردەوام دەبن و خەڵکیش هەر قوربانیی یەکەم و کۆتایی ئەو ملمـلانێیە دەبێت..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی