ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ، دوای هێرشە تیرۆرستیەکەی حەماس بۆ سەر خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕی جیدی بەسەردا هات، ئەم ڕوداوە، شانۆیەکی خستیە سەر ستەیج – سەحنە – پەردەکانی یەک لەدوای یەک هەڵدرانەوە. دیارترینیان بەلاداهاتنی یەک لەدوای یەکی دەست وپێوەندەکانی جمهوری ئیسلامی ئێران بوو تا کار گەیشتە سەر ئەم جمهوریە خۆیشی.
نوێترین پەردەی ئەم شانۆگەریە، ئەو پاکتاوە ڕەگەزیەیە کەدەوڵەتی ڕاستڕەو شۆڤێنیستی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بە بەردەوامی دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامی داوە بە بەکارهێنانی نوێترین چەکی کۆمەڵ کوژی و کاولکاری، دواترینی ئەم چەکانە پەنا بردنە بۆ دڕەندەترینیان کە برسی کردنە.
ئەم ڕوداوانە باڵیان کێشاوە بەسەر بەشی زۆری ڕوداوەکانی ناوچەکە و جیهان و بوونەتە یەکێک لە باسە گەرمەکانی ڕۆژ لە زوربەی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی جیهان تا دەگا بە سوشیال میدیاشەوە .
لە هەرێمی کوردستان ئەم باسە چەند سیمایەکی جیاوازی بەخۆوە گرتوە، جا چ وەک هەڵوێستی ئینسانی دژ بەم پاکتاوکردنە یا خودپاڵپشت کردنێکی شەرمێونانەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل و نەتەنیاهۆی خوێنڕێژ !!
هەڵوێستی ئیسلامیەکان لە پاڵپشتی خەڵکی غەززە، چ بەدزی و چ بە ئاشکرا وەک خۆیان دەڵێن " پشتیوانیکردنە لە خوشک و برایانی موسڵمان " بەڵام لە ڕاستیدا یەک مەبەستی سیاسی لەژێر خۆیدا شاردۆتەوە، کە لەدوا شیکردنەوەدا، بمانەوێ و نەمانەوێ، دەچێتە خانەی بەرگریکردن لە بزوتنەوەی تیرۆرستی حەماس و پڕۆژە سیاسیەکەی کە خەونی دامەزراندنی ئیمارەتێکی ئیسلامی بوو لە غەززە .
هەر هەمان بابەت بەشێک لە ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگ و دڵڕەقی کوردی هێناوەتە قسە و بەئاشکرا ، یا لەژێر لێوەوە جۆرێک لە هاوسۆزی بۆ نەتەنیاهۆی جینایەتکار و کردەوە دژی ئینسانیەکانی دەردەخا بە جۆرێک کە ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی شۆڤێنیانەیە وچاونوقاندنە لەمەڕ ئەو کارەساتە مرۆیەی بەسەر دانیشتوانی غەززە دێت بە بیانوی ئەوەی (( فەلەستینیەکان بەرگریان لەمافی کورد نەکردوە، هەندێکیان بەشدار بوون لە کوشتاری خەڵکی کوردستان بەدەست سەدامی فاشی و ڕژێمەکەی، هەرکەس فرمێسکی بۆ کورد نەڕشتبێ فرمێسکی بۆ ناڕێژین، بەرگری لە دانیشتوانی غەززە پشتیوانیە لە حەماس ، فەلەستینیەکان پشتیوانیان لە ئەردۆگان کردوە........ )). کۆمەڵێک بڕوبیانوی تر.
من ناچمە سەر ئەوباسەی ئاخۆ " کورد خۆی چەند بەرگری لەمافی خۆی کردوە دژی دوژمنانی و ئەگەر کردبێتی ئەوا بەرهەمەکەی ئەمڕۆ ئەم حوکمڕانیە(پتر لە ٣٠ ساڵە) یە کە دەیبینین "، هەروەها ناچمە سەر ئەو باسەی بەشێکی بەرچاو لە سەرانی ((جوڵانەوەی کوردایەتی )) لە هەمان قوتابخانەی جۆرج حەبەش و نایف حەواتمەی فەلەستینی ئەوانی تر دەرچوون !!
ئەم بەرچاوتەنگی و توندڕەوی و دەمارگیریە کە لەدوا شیکردنەوەدا ئاوێکە دەرژێتە ئاشی ئەم دەسەڵاتەوە، بەرهەمی ئەو ڕاگەیاندنانەیە کە دەسەڵات بەبەردەوامی بڵاوی دەکاتەوە و زەینی بەشێکی بەرینی خەڵکی کوردستانی پێدەخاتە نێو جوغزە ناسیۆنالیستیەکەی خۆی و لەبەرژەوەندی ئەودا دەشکێتەوە .
ئەوەتا لەناو خودی ئیسرائیل دەنگی ناڕەزایەتی بەرز دەبێتەوە دژی سیاسەتی هەمان ئەو دەوڵەتەی ئەم دڵڕەقانە لە کوردستان هەلهەلەی بۆ لێدەدەن ، نمونەش:
نوسەرێکی ئیسرائیلی ناچارە دانیپێدا بنێ و بڵێ ئەوەی لە غەززە ڕودەدا کۆمەڵکوژیە ، ئەمەش لینکی بابەتەکەیە:
https://www.skynewsarabia.com/middle-east/1811849
لە بابەتێکدا کە لە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە : یولی نوفاک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی -بتسلیم - کە دەزگایەکی هەواڵگری ئیسرائیلیە بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ناوچە داگیرکراوەکان، دەوڵەتی ئیسرائیل تاوانبار دەکا و دەڵێ ئەوەی لە کەرتی غەززە ڕودەدا پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژیە، ئەوەش لینکەکەی :
https://www.bbc.com/arabic/articles/ckgl3d040rpo
جگە لەوەش ٣١ کەسایەتی دیاری ئیسرائیلی کە لە دنیای ئەدەب و زانست و ڕۆژنامەگەری و دادوەری و سیاسیەوە هاتون و لەوێدا کاریان کردوە داوادەکەن کە ئەم حکومەتەی ئیسرائیل سزای توندی بەسەردا بسەپێنرێ لەپای ئەم کۆمەڵ کوژیەی غەززە . ئەمەش لینکەکەیەتی :
https://www.skynewsarabia.com/middle-east/1811240-31
ئیدیۆمێک لەزمانی کوردیدا هەیە دەڵێ : کوچک لە ئاگر گەرمتر!!
هەڵبەتە هەر لەم کوردستانە تاقمێکی کەمیش لەژێر ناوی ( عەشایرەوە ) و بەبیانوی (( مرۆڤدۆستی )) پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی غەززە دەربڕیوە وکۆمەگی ماڵیان بۆ کۆکردونەتەوە کە لە ناوەڕکدا ئەمەش سیاسەتێکە بۆ موجامەلەی ئیسلامیەکان تا دەگا بە موجامەلەی جمهوری ئیسلامیشەوە .
بە خۆشحاڵیەوە دەبێ بڵێم بەشێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان کە تەنیا ویژدانی مرۆڤایەتی و خۆشەویستی مرۆڤ پاڵی پێوە ناون سەرکۆنەی ئەم پاکتاوە ڕەگەزپەرستیە بکەن و لە دژی بوەستن چونکە خۆیان یا کەس وکاریان سەدەمانێک قوربانی ئەم سیاسەتە شۆڤێنیە بوون و تاڵاوەکەیان چەشتوە. ئەم بەرەی ئازادیخوازیە لە کوردستان بەم هەڵوێستەیان چونەتە ناو ڕیزی سەدان ملیۆن کەس لە ئازادیخوازانی جیهان کە ڕۆژانە دەڕژێنە سەر شەقامی زوربەی شارەگەورەکانی دنیا دژی سیاسەتی فاشیانەی نەتەنیاهۆ و حکو مەتەکەی .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی