لەبەر ئەوەی هەموو شتێک دوو ڕووی هەیە ، ڕووی تاریک و ڕووی ڕووناک ، ڕووی باش و ڕووی خەراپ ، ڕووی ڕەش و سپی ، غەریزەی ئاژەڵی و مرۆیی…تاد هەندێک مرۆڤ هەن هەمیشە دەڕواننە ڕووە ڕوناکەکە و ، وڵات و گەل و ماڵومنداڵیان بەرەو گەشانەوە دەبەن و ، هەندێک مرۆڤی تریش هەن دەڕواننە ڕووە ڕەشەکە ئەگەر دەسەڵاتداربن وڵاتەکایان و خۆیان وێران دەکەن یان منداڵ و خێزانەکانیان تەفروتونا دەکەن ، وڵاتانیش دوو ڕوویان هەیە ، ڕووی دۆژمنکارانە و مرۆیی ، ڕووی قانونی و بەڕەڵایی ، ڕووی یەک پۆلیس و یەک سوپا و ڕووی فرە چەکداری حزبی و ملیشیایی و ، هزری سۆشیالیزمی
مارکسی لێنینی-یش دوو ڕووی هەیە ، ڕووێکیان کە داوای دروستکردنی « یۆتۆبیا »ی دەکرد کە تێیدا دادپەروەری و یەکسانی باڵبکێشێت کە بووە ماڵوێرانی بۆ ئەو وڵاتانەی کە پەیڕەویان دەکرد و ڕووێکی تری سۆشیالیزمی مارکسی لێنینی بازاڕی ئازاد لە چەشنی چین و ڤیەتنام و هەتا ڕوسیاش کە بۆتە خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک و پێشکەوتن بۆ وڵاتەکانیان ، ڕووە ڕوناک و پڕشنگدارەکان نایەنەدی تەنها بە یەکگرتویی و جێبەجێکردنی قانون و دادگای سەربەخۆ و بنەبڕکردنی گەندەڵی نەبێت ، قانون یەکسانە بە وڵاتی پێشکەوتوو ، قانونێک دەبێت ڕێزی لێبگیرێت کە تێیدا پاداشت و سزا هەبێت و لەسەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵ جێبەجێبکرێت و پارێزگاری لە مافی هەمووان بکات ، ئەگەر قانون تاکە لایەن بێت و خاوەن سەروەری بێت ، ئەمە مانای ئەوەیە کە ژیانی هەموو هاوڵاتیەک مانای دەبێت ، ئەم پێشەکیەم بۆ ئەوە هێنایەوە کە ئایا لەکن ئێمە قانون بە یەکسانی و وەکو خۆی جێنەجێ دەکرێت ؟!
زۆربەری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەگەر نەڵێم هەموومان بە دەسەڵات و حزبەکانیش یاساشکێنی دەکەین ، بێئەوەی هەست بەوە بکەین کە ئەمە دەرزیە دەژێنرێتە ویژدان !! کاتێک هەفتەی ڕابردوو لە یادی جینۆسایدی ئێزیدیەکان لە زانکۆی کوردستان سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕووداوە قێزەوەکەی لالەزار گووتی : با قانون ڕێڕەوی خۆی بۆ ئەو کێشە وەرگرێت و دادگا یەکلایی بکاتەوە ، من دەزانم ئەو قسەیەی بەهەموو قەناعەت و هی ناو دڵی بوو کردی ، ئەگەر لەسەرەتاشدا ئەوە کرابا و پۆلیس بەو ئەرکە هەڵسابا و دادگا سەرپشک کرابا کارەکە نەدەگەیشتە ئەو لەکەداریە ، بەڵام دەبێت ئێمە دان بەوەبنێین کە ئێمە لە کوردستان لەناو دیمەنێکی غەریزەیی داین کە دەبێت بە هۆشیاری و زیرەکیەوە مامڵە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی بکەین ، مەبەست لە دیمەنی غەریزەیی ئەوەیە کە مرۆڤ غەریزە ئاژەڵیەکانی زاڵبێت بەسەر هەموو ڕەفتارەکانی ، کە ڕووداوەکەی لالەزار و هەموو ڕووداوێکی لەوجۆرە دەبینین جا بچووکی ڕۆژانە بێت لەنێوان دوو کەس یان دوو گروپ یان زیاتر ، ئەوە دەردەخات کە غەریزەکان کۆنتڕۆلی ئیدارەی دەسەڵات و حزبەکان و گڕوپ و رێکخراوەکانی کردووە ، دەبێت ئەوەش بزانین کە عەقلیەتی غەریزەیی واقیع نابینێت تەنها لەمیانی حەز و شەهواتەکانی نەبێت ، نایبینێت تەنها لەمیانی چاویلکەی لەگەڵ منی یان دوژمنی ، ڕازیم دەکەیت یان تووڕەم دەکەیت ، خۆشمت دەوێت یان ڕقت لێم دەبێتەوە….تاد
ئەوەی زاڵەبەسەر عەقلیەتی غەریزەیی بریتیە لە شەهواتی هەڵچوون و تووڕەییە ، بێ سنوور خۆشەویستی دەکات و بێکۆتایش تووڕە دەبێت ، دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کە لەکن هەموومان ئاژەڵێک لەناو دەروونمان وەرکەوتووە کە هەندێک جار ئارام و هێمنە و هەندێک جاریش تووڕە و هاروهاجە ، ( ئەلکسەندەر کلۆجی ) گەورە هزرمەندی هاوچەرخی ئەڵمانیا قسەیەکی جوانی هەیە کە دەڵێت : « ئەگەر ئەو ئاژەڵەی لەناوماندا هەیە نەیناسین ، ئەوە خۆمان ناناسیین » ترسیش وەکو هەناسەکێشان و نوستن و پێویستیی خواردن… تاد بەشێکە لە غەریزە زەڕوڕیەکانی ژیان ، بۆچی وایلێبێت ترس واتلێببکات جەنگ بکەیەت و هەڵکوتیە سەر ئەم و ئەو و لێرەدا عەقل لەکوێیە ؟! ئایا ترسيش غەریزەی ئاژەڵی نییە ؟ بەڵام تۆ دەبێت کۆتڕۆلی ئەو ئاژەڵەی کە لە ناوت وەرکەوتووە بکەیت ، مەرج نیە ئەو ئاژەڵە بەزەڕوڕەت هاودژی مرۆڤایەتی بێت ، چەند جوانە ئازادی باڵندە و ، زیرەکی ڕێوی و بەرائەتی پاندا و زیندوێتی پڵنگ-ت هەبێت .
وێڕای ڕووداوە ناخۆشەکان کە دەبنە هەڕەشە لەسەر ئەو کوردستانە و خەڵکەکەی بەڵام هیوا هەمیشە ئامەدیە و ، ئەمە پێویستی بە لێزانی و حیکمەتی خاوەن بڕیارەکان هەیە کە ڕادەیەک بۆ ئەو دۆخە خەراپانە دابنێت و چاو بەو سیاسەتە چەوتانە بخشێنرێتەوە کە هەموومان بەرەو هەڵدێر دەبات ، لەهەموو حاڵەتەکاندا ، ئەگەر ئەو ئاژەڵەی لەناوماندا هەیە نەناسین ، ئەوە خۆمان ناناسین .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی