شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان لە دەستپێکیەوە تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت لەژێر ھەڕەشەی دەوڵەتی تورکیا دابووە، تورکیا بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی و ڕێگڕی لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونێکی دیکەی کوردستانی ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک ھێرش و ئۆپراسیۆنی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان.
تا ئێستاشی لەگەل دابێت ناوچەکانی (عەفرین و سەرێ کانیێ و گرێ سپی)، وە تەنانەت چەند ناوچەیەکی دیکەی سوریاش لەژێر داگیرکاری سوپای تورکیا ماونەتەوە.
ھاوکات لەگەڵ ڕوخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی دیسێمبەری 2024، جارێکی دیکە سوپای تورکیا ئەو بارودۆخە دەقۆزێتەوە بۆ پەلاماردانی رۆژئاوای کوردستان، ماوەی شەست ڕۆژ ھێرشی چڕوپڕی کردە سەر پردی (قەرەقۆزاغ و بەنداوی تشرین) ، لەو ھیرشەدا کە گرووپە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا بە ھاوکاری بۆردومانی فڕۆکە و درۆنی تورکی و تۆپە دوورھاوێژەکان بەکاردەھێندران ھێرشەکان بە بەرخۆدانی شەڕڤانان تێکشکێندران.
شایانی باسە، دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان دەبوو کۆتایی بە ھەڕەشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بھێنێت، بەڵام چونکە دۆخی ڕۆژئاوا گرێدراوە بە خودی پرۆسەکە بە دیوەی ئەرێنی و نەرێنیەکەی ئەویان تا ئێستا نەکراوە، بگرە ھەر کاتێک ئاستەنگ بۆ پڕۆسەکە درووست دەبێت بەرپرسانی تورکیا ھەڕەشەکانیان بۆ سەر ڕۆژئاوا چڕتر دەکەنەوە.
پرسی چەکدانانی ھێزەکانی ھەسەدە یەکێک لەو دوایانەیە کە ھەمیشە تورکیا پێداگری لەسەر دەکات، دوایین جاریش دەوڵەت باخچەلی کە بە ئەندازیاری دواین پڕۆسەی ئاشتی (تورکیا- کورد) ناوی دێت لەم چەند ڕۆژە بە زمانی پڕ لەھەڕەشە دوای چەکدانانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە)ی کرد.
جێگای ئاماژەیە لە دەستپێکی پڕۆسەکەدا لە ئاستی کوردستانیش نیگەرانیەک ھەبوو بەوەی ئەگەر پرسی خۆھەڵەوەشاندنەوەی پەکەکە باڵ بکێشێت بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەسەدەش، بەڵام ئۆجالان لە دیدارێکدا لەگەڵ عومەر ئۆجالان لە ئیمرالیەوە ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بەو پرسە گەیاندە ڕای گشتی، کە پێڤاژۆی ئاشتی لەسەر حسابی رۆژئاوای کوردستان و ھێزەکانی ھەسەدە نابێت، بگرە ئەم پرسە ھێز بە ھەسەدە دەبەخشێت، لەم چەند ڕۆژەش پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمرالی ڕوونتر ھەڵوێستی ئۆجالانی بۆ ڕای گشتی باسکرد بەوەی کاتێک ئۆجالان لای ئەوان گووتویەتی بە بەرپرسانی تورکیای گوتووە: " رۆژئاوای کوردستان بۆ من ھێڵی سوور"
شایانی باسە، نیگەرانی بەرپرسانی تورکیا لەوەیە ڕۆژئاوای کوردستان بە گشتی و ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) لە لایەن ئەمەریکا و ھاوپەیمانان پشتیوانی ماددی و مەعنەوی و سەربازی دەکرێن، تا ئێستا فشارەکانی تورکیا و ھەماھەنگی تورکیا و ئیدارەی ئەحمەد شەرع نەیتوانیوە ھێڵە سوورەکەی ئۆجالان لە ڕۆژئاوی کوردستان ببەزێنن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی