نوسەری ناسراوی میسری دکتۆر ئەحمەد خالید تۆفیق ( 1962 – 2018) ، چیرۆکێکی پێکەنیناوی دەربارەی دەنگدان و هەڵبژاردن لە ناو خێزانەکەیدا دەگێڕێتەوە کاتێک دەڵێت : “ لەساڵی 1988 وە من دەستم لە دیموکراسی شوشتوە ، ئەوڕۆژەبوو هەموومان بەدەوری مێزی نان خواردنەکەوە دانیشتبوین ، من و هەر شەش خوشکەکەم و دایک و باوکم ، باوکم لێی پرسین ، بەیانی پشووە ، پێتان خۆشە بچین بۆ کوێ ؟ بۆ ماڵی مامتان یان بۆ ماڵی خاڵتان ؟ هەموومان بە یەکەوە وتمان بۆ ماڵی مامم ، تەنها دایکم نەبێت زۆر بە دڵنیاییەوە وتی دەچین بۆ ماڵی خاڵتان ، بەڵام بەوپێیەی زۆرینە لەگەڵ ئەوەبون بچینە ماڵی مامم مەسەلەکە یەکلابۆوەو گفتوگۆ لەو بارەوە کۆتای پێهات ، بەیانیەکەی دایکم هات و بە پێکەنینەوە وتی : هەستن خۆتان بگۆڕن دەچین بۆ ماڵی خاڵتان . سەیرم کرد باوکم لەولاوە بە بێدەنگی خۆی بە ڕۆژنامەکەوە خەریک کردبوو ، وەک ئەوەی ئەم بابەتە هەر پەیوەندی بە ئەوەوە نیە . لەو ڕۆژەوە تێگەیشتم دیموکراسی و پاکو خاوێنی دەنگدان جگە لە درۆ هیچ شتێکیتر نیە ، وە بابەتەکان لە ژورە تاریکەکان یەکلای دەکرێنەوە ، لە شیرین خەوی کۆمەڵگەی نوستودا “ .
ئەم چیرۆکە ئەگەرچی لە ڕوکەشدا زۆر سادە و پێکەنیناوی خۆی دەنوێنێ ، بەڵام دەست دەخاتە سەر ئاڵۆزترین ئاریشەکانی بیرکردنەوەی سیاسی لەم سەردەمەدا ، ئایە بەڕاست دیموکراسی دەسەڵاتی گەل و زۆرینەیە ؟ یان تەنها پرۆسەیەکی ڕوکەشی ئاهەنگ ئامێزی کۆمیدیە ، بۆ ڕەوایەتی دان بە بڕیاری پێش وەختەی دەستەبژێرێکی سیاسی ؟
جوزیف شومبیتر پێیوایە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە سەرەتا چەمکی دیموکراسی پێناسە بکەینەوە ، بۆیە دەڵێت : “ دیموکراسی تەنها پرۆسەیەکە ، دەستەبژێرە سیاسیەکان تیایدا کێبڕکێ لەسەر دەنگی دەنگدەران دەکەن و هیچیتر “ بەواتایەکی تر لە سیستەمی دیموکراسی لەم جۆرەدا ، گەرەنتی دەسەڵات لای گەل نیە ، بەڵکو کۆمەڵگە تەنها بانگهێشت کراوە ، بەشدابێت لە نمایشی شانۆی هەڵبژاردنی ئەو دەستەبژێرەی ، لە داهاتودا سەرکردایەتی دەکات . وەک چۆن لەم چیرۆکەدا ( دایک ) وەک مێتافۆڕ بۆ نوێنەرایەتی دەستەبژێری سیاسی ، پێشوەختە ئەنجامەکەی بەپێی ویستی خۆی یەکلاکردۆتەوە ، بەم پێیە بەشداری و دەنگدانەکە تەنها وەک ئێکسسوارێک پرۆسەکەی ڕازاندۆتەوە ، لێرەوە ئیتر ڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان وەک دەزگایەکی زەبەلاح دەستپێدەکات ، بۆ ئامادەکردن و بەرهەمهێنانی هۆشیاری بەکۆمەڵ ، بەپێی داخوازی سیاسیەکان ، لە پێناو قبوڵکردنی دەرئەنجامەکان وەکو ڕاستی و حەقیقەت ، لەکاتێکدا ماشێنی ڕاگەیاندنەکان جگە لە سڕ کردن و لە کارخستنی ئاگامەندی بە کۆمەڵ ، ڕۆڵی چەواشەکارانە دەبینن ، وەهم بە حەقیقەت بە چەندان شێوازی نا ئەخلاقی دەرخواردی هاونیشتمانیان دەدەن ، چۆمسکی لە پێناو دەرخستنی ئەم ڕۆڵە ژەهراویەی ڕاگەیاندنەکان دەڵێت : “ ڕاگەیاندن حەقیقەت ناگوازێتەوە وەک ئەوەی هەیە ، بەڵکو ئامرازێکە لە پێناو دروستکردنی هۆشیاریەکی ئاراستەکراوی بە کۆمەڵ ، بۆ خزمەتی بەرژەوەندی دەستەبژێرە سیاسیەکان “ . وەک چۆن دایکەکە بەیانی بە پێکەنینەوە بڕیاری ژێر بەتانی بۆ منداڵەکان دەخوێنێتەوە ، ئەوانیش بە بێدەنگیەوە قبوڵی دەکەن ، زۆر جاریش بڕیارە سیاسیەکان ئەگەرچی ناڕەواو توند و دژی بەرژەوەندی گشتین ، بەڵام ڕاگەیاندنەکان ئەوەندە تیف تیفەیان دەکەن ، تا بەقازانجی دەستەبژێرە سیاسیەکان تێی دەپەڕێنن .
ئەگەر لە ڕووی تیۆریەوە هەڵبژاردن ئامڕازێک بێت ، بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان ، بەمەبەستی بەشداری هەموان لە پراکتیزەکردنی مافێکی دەستوری و پێشاندانی ئیرادەی زۆرینە و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات ، وەک کۆڵەگەیەکی پتەوی دیموکراسی ، ئەوە لە ڕووی پراکتیکیەوە هەڵبژاردن ، لە ڤیستڤاڵێکی وەرزی دەچێت ، تیایدا سەکۆی کەمپینەکان بە دروشمی قەبەو، زۆر جار نا واقعی دەڕازێندرێنەوە ، هەموو سێکتەرەکان دەدرێنە بەر دەستڕێژی بەڵێنی ڕەنگاو ڕەنگ ، خەونەکان هێندە نزیک دەکرێنەوە لە ڕاستی ، مرۆڤ حەزدەکات زوو خەبەری نەبێتەوە ، بەڵام لە کۆتایدا هەر ئەودەستەبژیرانە ، دووبارەو هەزاربارە ، جارێکیتر لە سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵات قوت دەبنەوە . ژان ژاک ڕۆسۆ ڕاستی پێکاوە کاتێک دەڵێت : “ مرۆڤ ئازادانە لە دایک دەبێت ، بەڵام لە هەموو شوێنێک دەست و قاچی زنجیرکراوە “ . واتا منداڵان هەر لە ساتەوەختی لەدایکبونیانەوە لە سیستەمی دیموکراسیدا ، مافی دەنگدانیان مسۆگەرکراوە و کارتی دەنگدانیان بەگەردندا هەڵواسراوە ، بەڵام ڕۆژی دەنگدان ئەوە بڕیاری دایکەکانە ، ئەنجامی دەنگی نێو صندوقەکان یەکلایی دەکاتەوە .
لەکۆتایدا لە سەرهەمو ئاستە جیاجیاکان ، بەتایبەت لە نێو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکاندا، ئەم چیرۆکە بەردەوام دوبارە دەبێتەوە ، مارک توین دەڵێت: “ ئەگەر دەنگدان لە هەڵبژاردندا کاریگەری هەبوایە ، بە دڵنیایی ڕێگەیان نەدەدا بەشداری بکەین تیایدا “. چونکە زۆرینە ئەگەرچی دەنگیشی ببیسیرێت ، بەڵام مەرج نیەهەمیشە گوێی لێبگیرێ یان دەنگەکەی ئەژمار بکرێ ، بڕیارەکان لە پشتی پەردەو ژێر بەتانیەوە گەڵاڵە دەکرێن ، لە نێو چێشتخانەی دایکەکان ، لە سەر ئاگرێکی هێواش دەکوڵێنرێت ، یان لە ژورە تاریکەکان و باخچەی پشتەوە ، سیاسیە دەسەڵاتدارەکان کەین و بەینی پێوەدەکەن و نەخشەی دیزاینەکەی دادەڕێژن . کەواتە مەرج نیە دیموکراسی لە پراکتیکدا ، بەردەوام کەرەستەی ئازادی بێت وەکو بانگەشەی بۆ دەکرێ، زۆر جار درۆیەکی جوانکراوی ڕازاوەی شاخداری بە کۆمەڵە و هیچیتر، وەک چۆن لە دوای ڕاپەڕینەوە ، لە هەرێمەکەی ئێمە بەردەوام لە فۆڕمی جۆراوجۆردا خۆی دوبارە دەکاتەوە ، بەڵام ئەنجامەکەی جێگیرو نەگۆڕە .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی