خوێندنەوەیەکی سۆسیۆ ئابوری بۆ سەیرانی کوردەواری
لە نێوان گەڕانەوە بۆ سروشت و کلتووری نمایشدا، بەهار لە کوردستان تەنها وەرزێکی سروشتی نییە، بەڵکو وەرزێکی زیندووبوونەوەی کۆمەڵایەتییە. ئەمساڵ کە باران و سروشتی کوردستان دیمەنێکی بێوێنەیان نەخشاندووە، شاخ و دەشتەکان بوونەتە مەیدانی ماراسۆنێکی گەورەی گەشتیاران و سەردانکەران، دواجار بەوەوە نەوەستاوە، دەرکەوتەکانی ئەم دیاردەیە سۆشیال میدیای تەنیوە لە وێنەی سێڵفی و وێنەی خێزانی و تابگاتە وێنەی قەرەباڵغی ڕێگاکان، بەجۆرێک کە چرکەساتەکانی سەیران لە چوارچێوەی گەشتێکی کاتییەوە گۆڕاون بۆ تابلۆیەکی گەورەی نمایشی کۆمەڵایەتی.لە ناو ئەم قەرەباڵغییەشدا، زۆرجار گوێبیستی کۆمێنت و گلەیی پیاوان دەبین کە سەیران و تێچووەکانی دەخەنە ئەستۆی "دەسەڵاتی ژن" لە ناو خێزاندا. بەڵام خوێندنەوەی ئەم دیاردەیە پێویستی بە تێڕوانینێکی قووڵتر هەیە کە لە ڕەگ و ڕیشە سۆسیۆلۆژی و دەروونییەکانی تاکی کورد بکۆڵێتەوە، کە ئێمە لێرەدا بە کورتی بە سێ خاڵ دەیخەینە بەرباس:
١/ سروشت وەک پەناگەی دەروونی
مرۆڤی کورد لە بنەڕەتدا خاوەن پاشخانێکی گوندنشین و کشتوکاڵییە، بۆیە پەیوەندییەکەی لەگەڵ سروشتدا پەیوەندییەکی "ئۆرگانی"یە. چوونە دەشت و دەر، جۆرێکە لە گەڕانەوە بۆ "ماڵی یەکەم" و هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو ئارامییەی کە ژاوەژاوی شار و جەنجاڵی ژیانی مۆدێرن لێی زەوتکردووە. لە لایەکی ترەوە، سەیران وەک کاردانەوەیەک لە جۆری بەرگری لە دژی فشارە بەردەوامە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەمڕۆی مرۆڤی کوردستان کار دەکات. چونکە تاکی کورد، بەهۆی ناسەقامگیری مێژووییەوە، پەنا دەباتە بەر فەلسەفەی "قۆستنەوەی چرکەسات"؛ ئەو هەستەی پێی دەڵێت: "ئەمڕۆ خۆشی ببینە، چونکە داهاتوو نادیارە". ئەمەش وادەکات مرۆڤی ئەم خاکە ئامادە بێت دوایین پاشەکەوتی دارایی خۆی بۆ ڕۆژێکی ناو سروشت خەرج بکات، کورد واتەنی؛ نانی ئەمڕۆی هەبێت بۆ سەیرانەکەی خەرجی بکات و گوێ بە سبەی نەدات!.
٢/ گۆڕان لە ڕۆڵی ژنی کوردەواری، لە بەرهەمهێنەرەوە بۆ بەکاربەر
ئەو گلەییەی لە "دەسەڵاتی ژن" دەکرێت و لەوێنەو کۆمێنتەکاندا دەهێنرێت! ڕاستییەکی تێدایە، ئەویش ئەو ڕۆڵە کارگێڕییەی کە ژن لەنێو خێزانی کوردیدا هەیەتی لە ڕێکخستنی سەیراندا، کە ئەوەش دەمانباتە سەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێگەی ژندا. لە ڕابردوودا و لە ژیانی گوندنشینیدا، ژن کارەکتەرێکی "بەرهەمهێنەر" بوو، بەڵام بە گۆڕانی شێوازی ژیان بۆ شارنشینی، ڕۆڵی ژن گۆڕاوە بۆ "بەڕێوەبەری بەکاربردن". بۆ ژنێکی ناو شار کە زۆربەی کاتەکانی لە نێوان چوار دیواری ماڵدا بە ئەرکی منداڵداری و تاقەتپڕوکێن دەسوتێنێت، "دەرەوە و سەیرانگاکان" تەنها شوێنی گەشت نیین، بەڵکو هێمان بۆ ئازادی و دەربازبوون لەو زیندانە سیمبولییەی ماڵکە تاکی ژنی تایاقەتیس کراوە. لێرەوە چەمکی "بەکاربردنی نواندن" سەرهەڵدەدات. ژن وەک نوێنەری پێگەی کۆمەڵایەتی خێزان، دەیەوێت لە ڕێگەی ئامادەکارییە وردەکان، پۆشاک و وێنەکانی سۆشیال میدیاوە، وێنەیەکی بەختەوەر و دەستڕۆیشتوو لە خێزانەکەی نیشان بدات. ئەمە فشارێکی دارایی زۆر دەخاتە سەر پیاو، کە زۆرجار تەنها وەک "دابینکەری دارایی" دەردەکەوێت و جیاوازییەکی زۆر لە نێوان تێڕوانینی ئەو و ژنەکەیدا دروست دەبێت؛ پیاوێک کە ماندووی کارە و تینووی دەرەوە نییە، لە بەرامبەر ژنێکدا کە تینووی ناسنامەیەکی مۆدێرن و نواندنی بەختەوەرییە، ئەم ماراسۆنە لەچونەدەرەوە دەرکەوت دەکات و گوێش ئەوەندە وەک پیاوەکەی بە خەرجی نادات.
٣/ ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەکان و ناسنامەی نوێ سەیران.
ئاخر سەیران لە کوردەواریدا تەنها گەشت نییە، بەڵکو کایەیەکە بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییە خزمایەتییەکان کە لە ناو شاردا بەرەو کاڵبوونەوە دەچن. کۆبوونەوە لە دەوری سفرەیەکی گەورە، هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئەو "کۆمەڵگایە" بچووکەی کە خەریکە مۆدێرنە هەڵیدەوەشێنێتەوە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ئەم حەزە زۆرە بۆ نمایش و خەرجکردن، زۆرجار لەگەڵ واقیعی ئابووری خێزانەکاندا یەکناگرێتەوە. ئێمە لە نێوان دوو جەمسەردا دەژین: جەمسەرێکی ڕەسەن کە گەڕانە بەدوای ئارامی سروشتدا، و جەمسەرێکی مۆدێرن کە هەوڵدانە بۆ چەسپاندنی ناسنامە لە ڕێگەی "بەکاربردن" و "نیشاندان". لە کۆتاییدا، ئەم دیاردەیە پاشخانێکی قووڵی هەیە. سەیرانی بەهار تێکەڵەیەکە لە غەریزەی گەڕانەوە بۆ خاک و هەوڵێکی دەروونی بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان، بەڵام پێویستە ئەم کلتوورە لە "نمایش و بەکاربردنی بێسەروبەرەوە" بەرەو "چێژوەرگرتنی هۆشیارانە لە سروشت" ئاڕاستە بکرێتەوە، تاوەکو نەبێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگییە ئابووری و دەروونییەکانی ناو خێزان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی