لەهەرێمی کوردستان میدیا نەک دەسەڵاتی چوارەمە بەڵکو دەسەڵاتی یەکەمە بەدەست دەسەڵاتەوە، بۆ چەواشەکاری و شاردنەوەی ڕاستیەکان و پێشاندانی درۆزنەکان بەسمبولی ڕاستگۆیی و ڕاستگۆکانیش بەخاک فرۆش و جاش، بۆیه کارکردن وەک ڕۆژنامەنوس لەجۆرە میدیا و بەو ئەجندایە جۆرێکە لەخۆفرۆشتن و ڕازی بوون بەکۆیلایەتی و خزمەتکردنی پەیامێک کە هەموو ڕۆژێک وەک ژەهر بەتاکەکانی کۆمەڵگەو خێزان دەدرێت، لەئێستادا بودجەیەکی زۆرو لەشکرێک لەڕۆژنامەنوسان بەتەکنیکی نوێ و تاکتیکی نوێ لەم میدییەدا کاردەکەن، ئەمەش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کاریگەری نەرێنی لەسەر تاک دروستکردووە لەسەر فکرو ئایدیاو هەڵسوکەوت و شوناس و فەرهەنگ و کلتوری، هەروهاش لەسەر زمان و جل و بەرگی، ئەگەر سەیری شاشەکان بەکەو یاخود لەسۆشیال میدیا بەبێ پرس دێتە بەردەرگاکەت ئەوندەی خەڵکانێکی ناکەفائەت دەدوێنرێت و ناشارەزا لەهەموو ڕووەکەوە ئەوندەی شارەزاو کەسانی لێهاتوو نادوێنرێت.
ئامانج لەکاری ئەم میدیا چییە؟
ئەم میدیا و میدیاکارانە شەڕێکی دژی دژەکانی خۆیانی پێدەکەن و ناشرینی ناشەفافیەتیەکان دەشاردنەوەو جوانیەکانی دژەکانی خۆیان ناشرین دەکەن، شەڕەکە بەجۆرێکە زۆر بەئاشکراو بەبێ شرۆڤە هەستی پێدەکرێت، شەڕەکە لەڕووی کوالێتییەوە لەئاستێکی هێندە نزمدایە شەڕی ناوچەو زۆنە، شەڕێکە لەکاتی دەستکەوتە نیشتیمانییەکان خۆیان بەفریادڕەس دەخەنەپێش چاو و لەکاتی شکستەکان خۆیان دورە پەرێز دەگرن و بەرامبەر تۆمەتباردەکەن، لەمیدیایانەدا ئەوەی پێی دەوترێت ئاکارو ئیتیکی ڕۆژنامەوانی هیچ گرنگییەکی نییەو پابەند نەبوونی تێدا ڕەچاو ناکرێت.
لەئێستا میدیایەکی نیشتمانی وەک چارەسەر دەبینرێت
میدیای نیشتمانی بەو واتایە تەنها هەم و خەمی نیشتمان بێت نەک کاک و بەرپرسی باڵا، میدیای نیشتمانی دەبێت پەنجە بخاتە سەربرینەکان و ئەجەندانی کارکردن و شوناسی دیاربێت، هەروەها لەچوارچێوەی ئاکارو ئیتیکی ڕۆژنامەوانیدا کاربکات و نەچێتە نێو ژیانی تایبەتی کەسەکانەوە وە تەشهیرو ناوی کەس نەزڕێنێت ، ئەم میدیایە دەبێت لەکێڵگەو ژینگەو کەش و هەوایەکی لەبار لەدایک بێت، کە بەداخەوە کێڵگەی هەرێم بەو فەوزاو قەیرانەوە لە هەموو ڕووەکانەوە زۆر قورسە بۆ بوونی میدیایەکی وا کە لە هەموو ڕووەکانەوە دەرگای بەڕوودادادەخرێت هەر لەپێدانی زانیارو کەمی تەکنیک و بەربەست و فشار هەموو لەبەردەمیدا کراوەیە بەئەگەرێکی زۆرەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی