لە مام جەلال"ەوە بۆ "حوشتر"؛ پاشەکشەی عەقڵانییەت لە زۆنی سەوز

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سیروان عوبەید

پێش هەرشتێک دەخوازم بڵێم، زمان تەنها ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی زانیاری، بەڵکو ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی ناوەوەی مرۆڤ و پێکهاتەی عەقڵ و جیهانبینی ئەو مرۆڤەیە کە قسەی پێ دەکات نوقتە سەریدێڕ. بۆیە زۆرگرینگە بە وردی دیقەت بدەین لە دەربڕینی مرۆڤەکان، بەتایبەت کاتێک ئەم زمانە زبرە لە دەمی سەرکردەیەکی سیاسییەوە دەردەچێت، که نوێنەرایەتی حزبێک دەکات پاشگرەکەی "سۆشیال دیموکراسییە"، ئا لێرەدایە کە وشەکان لە چوارچێوەی کەسی دەردەچن و دەبنە پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی هۆشیاری سیاسی، مۆراڵی سیاسی و بگرە مۆراڵی گشتی لە کۆمەڵگەدا. ڕاشکاوانە بڵێم، ئەو وەڵامە کورت و توندوتیژەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسێک، و بەکارهێنانی وشەی "حوشتر"، نابێ تەنها وەک دەربڕینێکی سەرپێی تەماشا بکرێت، لەکاتێکدا ئەمە بە ڕوونی ئەوەمان نیشان دەدات کە لە لایەک پاشەکشەی عەقڵانییەتی سیاسی یەکێتی دەردەخات، و لە لایەکەی ترەوە سووکایەتیکردنە بەو بەها دیموکراسییانەی کە سۆشیال دیموکرات ئیدعای بۆ دەکات؛ هەروەها، سووکایەتیکردنە بەو پڕەنسیپانەش کە لە سەردەمی مام جەلالدا، زۆرجار مرۆڤ و کەرامەتەکەی لە چەقی بایەخەکانیدا دادەنا.

دیموکراسی لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای دایەلۆگ و دانوستانی عەقڵانی دامەزراوە. بۆیە کاتێک سیاسییەک لە جیاتی وەڵامێکی ڕاستگۆیانە و بەڵگە و گوتەی لۆژیکی، پەنا دەباتە بەر ناوزڕاندن یان بەکارهێنانی ناوی ئاژەڵان بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسێک، واتاکەی ڕێک ئەوەیە کە ئەو لە ڕاستیدا دان بە شکستی فیکریی خۆیدا دەنێت،
بۆیە زمان دەکاتە ئامرازی سەرکوتکردنێکی نەرم.

 لەکاتێکدا هەمیشە هۆشیاری ڕاستەقینە بە پاراستنی سنوورەکانی ڕێز لەساتی جیاوازییەکاندا دەپێورێت، بەڵام کە زمان دادەبەزێت بۆ ئاستی سووکایەتی، کۆمەڵگە لە مۆدێلێکی شارستانییەتەوە بەرەو مۆدێلی "هێز و سەپاندن" و بێمۆڕاڵی هەنگاو دەنێت.
ئەوەی جێی تێڕامانە، فەلسەفەی سۆشیال دیموکراسی لە بنەڕەتدا لەسەر داوەریکردنی دادپەروەرانە، و پاراستنی مافی کەمینەکان و بەهادان بە کەرامەتی مرۆیی بونیاد نراوە." چۆن دەکرێت سەرکردەی حزبێک کە خۆی بە میراتگری ئەم قوتابخانە فیکرییە بزانێت، لەبەردەم کامێراکاندا، تەنانەت سەرەتاییترین مافی مرۆڤ، مافی ڕۆژنامەنووسێک، کە بەپێی یاسا بەرکارەکانی مافی پرسیارکردن و ڕێزگرتنی هەیە، پێشێل بکات؟
ئەم دژایەتییەی نێوان دروشم و پراکتیک ئەوەمان پێدەڵێت، کە پاشگری سۆشیال دیموکراسی بۆ حزبێکی وەک یەکێتی دوای جەلال تاڵەبانی، تەنیا ڕووبەرێکی بازرگانی و میدیاییە بۆ شاردنەوەی عەقڵییەتێکی خێڵەکی یان بابڵێین ئۆلیگارشی، کە ناتوانێت دان بە بوونی ئەویدی جیاوازدا بنێت.

لەکاتێکدا سیستمی دیموکراسی ڕۆژنامەنووس، وەک کەسێکی سادە تەماشا ناکات کە پرسیار دەکات، بەڵکو لەڕوانگەی دیموکراسسیەوە، ئەو نوێنەرایەتی چاوی گشتی و ویژدانی کۆمەڵگە دەکات بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسان، سەرکردەکان و دەسەڵات. لەبەرئەوەیە کە؛ سووکایەتیکردن بە ڕۆژنامەنووس، واتا؛ سووکایەتیکردن بە ڕای گشتی. کەواتە، ئەو کاتەی بەرپرسێک بە غروورەوە و لە پێگەی باڵادەستییەوە وەڵامی پرسیارێکی جدی بە وشەیەکی نەشیاو دەداتەوە، لە ڕاستیدا پەیامێکی مەترسیدار بە کۆمەڵگە دەدات؛ ڕێک وەک ئەوەی بڵێت: "ئێوە شایەنی وەڵامی عەقڵانی نین". ئەمەش تێکدانی پەیمانی کۆمەڵایەتی نێوان خەڵک و سیاسیکان و دەسەڵاتە.
بە کورتی و کوردی.. دەمەوێ بڵێم، کوردستان لەم قۆناغەدا زیاتر لە هەرکات پێویستی بە ژیرمەندی سیاسی و سەرکردایەتییەک هەیە کە بە زمانی عەقڵ، یاسا و فەلسەفەی هاوچەرخ بدوێت. نەک بە زمانی بازاڕی و زبر. لێرەدا، پەرەسەندنی زمانی زبر و بەکارهێنانی دەستەواژەی پۆپۆلیستی، تەنیا کێشەی کەسی نین، بەڵکو نیشانەی داڕمانی هۆشیاری دەستەبژێرێکی سیاسین کە ناتوانن لە ئاستی بەرپرسیارێتیی مێژووییدا بن. هەروەک بۆ گۆڕینی ئەم دۆخەش پێویستمان بە ڕەخنەگرتنی ڕاستەوخۆ و بێپەردە هەیە؛ ڕەخنەیەک کە بەهیچ شێوەیەک تەسلیمی هێزی دەسەڵات نەبێت و داوای گەڕانەوەی ڕێز بۆ مرۆڤ، و کایەی گشتی و شکۆی ڕۆژنامەنووسان بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی