ئەوەی جوتیار بێت و لە لادێكان ژیا بێت، ئەزانێت كاری (جۆبار)كردنی روبارو جۆگاو رێڕەوی ئاو چەندە كردەیەكی سەخت و پاك وخاوێنە، جۆبار بە هەرەوەزی دەكرێت، بەهاران و پایزان ئەنجام دەدرێت، جۆگاو رێرەوو روبارەكان پڕ دەبن لە بەردو قەوزەو گیاو رەگی دارو پیسی و خرت و خۆڵ و بەربەست، ئەمەش وا دەكات ئاو نەگاتە ناو زەویەكان، بەمجۆرە جوتیارەكان ناتوانن زەویەكانیان بەراو بكەن، بۆیە دەبێت بەهاران پاك بكرێتەوە بۆ ئەوەی وەك بلور بە سافی ئاو بە ناو جۆگاكەدا بڕوات و راستەوخۆ بگاتە ناو زەویەكان.
هەڵبژاردنیش هەمان كاری جۆباركردنە، كارێكی هەرەوەزییە، سەختە، دەبێت بزانیت چۆن وڵاتەكەو سیستەم و حوكمڕانیت نوێ دەكەیتەوە، كێ هەڵدەبژێری و دەنگ دەدەیت بەكام لایەن و كەس و كاندید. بۆ ئەوەی وڵات لە گەندەڵی و فەسادو نا دیموكراتیەت و نا دادپەروەری و نا سیستەمی پاك بكەیتەوە دەبێت لەناو صندوقی هەڵبژاردن جۆبار بكەیت, دەنگت با رێڕەوی حوكمڕانی نیشتمان پاك بكاتەوە. با فێر بین بزانین چۆن دەنگ دەدەین، كێ هەڵدەبژێرین، چونكە ئەگەر جۆگای ئاوەكە باش پاك نەكەیتەوە، ئەوا دڵنیابە ئاوەكە ناگاتە ناو زەویەكان و كشتوكاڵەكەت بەرهەمی نابێت و دواجار زیان دەكەیت. بۆیە باش بیربكەوەو دەنگت با گۆڕانكاری دروست بكات، دەنگت با وڵات پاك بكاتەوە، دەنگت با ئازادی بەژن زراڤ بكات، دەنگت با بەرسڤی نەهامەتیەكانت بێت. دەنگت با دەركەوتنی ئاسۆی تازەی ئومێدو هیوا بێت بۆ ئەوەی گەلەكەمان تەوقی ئەم قەیرانانە بشكێنێت و بیسەلمێنێت دەتوانێت گۆڕانكاری بكات. ، گرنگە جۆگاكە بە پیسی جێ نەهێڵیت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی