ئایا باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، هانی سەدامی داوە بۆ داگیرکردنی کوێت؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا


هەمیشە کە یادی داگیرکردنی کوێت دەکرێتەوە، کۆبوونەوەکەی سەدام و(ئەپریل گلاسپی) ژنە باڵیۆزەکەی ئەمریکا لە بەغدا باسدەکرێت، واش بڵاوکراوەتەوە کە لەو دیدارەدا، باڵیۆزەکەی ئەمریکا بە سەدامی وتووە: ئێمە هیچ پەیوەندییمان  بە کێشەی نێوان کوێت و عیراق نییە، ئەمەش وەک هاندانێک وابووە  بۆ سەدام بۆئەوەی بچێت کوێت داگیربکات. واش لێکدەدرێتەوە، کە ئەمریکا سەدام و ڕژێمەکەی هەڵخەڵەتاندبێت، تاوەکو دوایی بێت هەموو ناوچەکە داگیربکات.  منیش تا ماوەیەکی  زۆر وامدەزانی کە ئەوە ڕاستییەکەیە، بەداخەوە بە حوکمی ئەوەی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتدا، سیستەمی دیموکراسی نییە، توێژە و نووسەران، ناتوانن بە ئاسانی دەستیان بە بەڵگە مێژوویی و دیپلۆماتییەکان بگات، بۆیە زۆرجار  بۆ ماوەیەکی زۆر ڕاستییەکان دەشێوێنرێت، لەهەمانکاتیشدا ناتوانرێت سوود لە هەڵە مێژووییەکان وەربگیرێت. 
لەعیراقدا هەمیشە نووسەر و ئەکادیمی و مێژوونووسی باشی تێدا هەڵکەوتووە، لەئێستاشدا بەهەمانشێوە، کۆمەڵێک مێژوونووسی باشیان هەیە، یەکێکیش لەوانە د.حەمید عەبدوڵڵایە، ئەم مێژوونووسە جگە لە کاری نووسین، بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی زۆرباشی هەیە بەناونیشانی ( تلک الایام)، من بە بەردەوامی سەیری ئەڵقەکانی دەکەم، لەڕێگەی ئەم بەرنامەیەشەوە کۆمەڵێک ڕاستی مێژووی سیاسیی عیراقم بۆ دەرکەوتووە. د. حەمید بە پشت بەستن بە بەڵگەی مێژوویی، زۆرجاریش بە شاهیدحاڵەکان، بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن بڕیاڕ بوون یان لە ناوەندی بڕیار نزیک بوون،  باسی ڕووداوە مێژووییەکانی عیراق دەکات.
لەماوەی پێشوودا یەکێک لە ئەڵقەکانی بەرنامەکەی بۆ کۆبوونەوەی نێوان سەدام ئەپریل گلاسپی باڵیۆزی ئەمریکا لەبەغدا تەرخانکردبوو، ئەم کۆبوونەوەیە لە 25 تەمووزی 1990 کراوە، واتە بە هەفتەیەک پێش داگیرکردنی کوێت.  

تاکە کاری باشی سەدام و ڕژێمەکەی ئەوەبوو، کە هەموو شتێکی نووسیوە، هەموو دیدارەکانی سەدام بەشێوەی پرۆتۆکۆڵی نووسراون، ئەمەش خزمەتێکی باشی نووسەران و مێژوونووسان دەکات، تاوەکو باشتر لە تاوانەکانی ئەو ڕژێمە بکۆڵنەوە. 
د. حەمید توانیوویەتی پرۆتۆکۆڵی دیدارەکەی سەدام و گلاسپی دەستبکەوێت.  وەکو لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، دیدارەکە سەعات1ی پاشنیوەڕۆی 1990.7.25بووە، سەرەتا گلاسپیان بانگهێشتکردووە بۆ وەزارەتی دەرەوە، بۆئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی عیراق ببینێت کە تاریق عەزیز بووە، بەڵام پاشان کە دێتە وەزارەت، یەکسەر دەیبەن بۆ کۆشکی کۆماریی و  پێیدەڵێن سەرۆک کۆمار دەیەوێت بتبینێت.  وەکو لە پرۆتۆکۆڵی دیدارەکەدا نووسراوە، لەم کۆبوونەوەیەدا تەنیا سەدام و تاریق عەزیز و وەرگێڕەکە و عەبد حەمود سکرتێری تایبەتی سەدام بەشداربوون. 
تەواوی دیدارەکە کەشێکی زۆرباش و ئیجابی بەسەریدا زاڵبووە،  سەرەتا سەدام کۆمەڵێک گلەیی لە حکومەتی ئەمریکا دەکات، لەوانە لەپاش بڵاوبوونەوەی  سکانداڵی (ئیران گەیت) پەیوەندییەکانی نێوان عیراق  و ئەمریکا سارد دەبێت، سکانداڵی ( ئیران گەیت یان ئیران کۆنترا) ئەوەی ئاشکرا کرد، کە ئەمریکا بە نهێنی چەکی بە ئێران فرۆشتووە، پاشان پارەکەی ناردووە بۆ چەکدارانی ( کۆنترا) لە  نیکاراگاوا، تاوەکو دژی حکومەتی شۆڕشگێری ئەو وڵاتە بجەنگێن، ئەمەش سکانداڵێکی گەورە بوو کە حکومەتی ئەمریکای ئیحراج کرد.  
گلاسپی لەبارەی ئەم کێشەیەوە دەڵێت: سەرۆک ڕیگن لە ڕێگەی نێردەیەکی تایبەتی خۆیەوە، ڕوونکردنەوەی لەبارەی ئەم کێشەیە خستبووەڕوو. دواتر دەڵێت:  ئەمساڵیش سەرۆک بوش لە  نامەیەکدا کە بەبۆنەی شۆڕشی 14 تەموز بۆی ناردبووی، داوای لێبوردنی کردووە. سەدامیش دەڵێت: بەڵێ ڕاستە  و نامەکەشی زۆر باشبووە، ئێمەی عەرەب هەرکەسێک هەڵەمان بەرامبەر بکات و پاشان داوای لێبوردن بکات، ئیتر هیچمان لەدڵمان نامێنێت. دواتر سەدام باسی   ڕەخنە و پەلاماردانی ڕژێمەکەی دەکات لەناو میدیای ئەمریکیدا، گلاسپیش دەڵێت: سەرۆک بوش دەسەڵاتی بەسەر میدیای ئەمریکیدا نییە و لەم وڵاتەدا میدیا ئازادە، پاشان پێشنیاز دەکات کە سەدام  لەڕێگەی دیداری رۆژنامەوانی یان تەلەڤزیۆنی، پەیامی خۆی بە گەلی ئەمریکا بگەیەنێت و دژی ئەو ڕەخنانە بوەستێتەوە کە لە ڕژێمەکەی دەگیرێت.  

بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ئەمریکا
دواتر گلاسپی دەڵێت: من لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە داوام لێکراوە، کە پەیوەندییەکان لە عیراق، گەشە پێبددەم، حکومەتی ئەمریکا زۆر مەبەستیەتی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق، لە هەموو ڕوویەکەوە بەهێز بکات. ئەمەش لەکاتێکدا ڕژێمی سەدام  چەکی کیماویی لە دژی گەلی کورد و ئێران بەکارهێناوەو پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالی لە دژی کورد کردووە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان ویستوویانە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی سەدام بەهێزتر بکەن. 

بڕینی نانی خەڵکی لەسەربڕینیان خراپترە
دواتر سەدام باسی کرۆکی کێشەکەی کردووە کە ئەویش دابەزاندنی نرخی نەوتە کە لەو کاتەدا نزیکەی 7 دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک. سەدام داوایکردووە نرخی نەوت بۆ  25 دۆلار بەرزبکرێتەوە، بەمشێوەیە عیراق دەتوانێت نزیکەی 40 ملیار دۆلار قەرزەکەی ببداتەوە کە بەهۆی جەنگی ئێران تووشی بووە، هەروەها لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی عیراقیش بەردەوام بێت.  پاشان سەدام دەڵێت: لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی بە شێخ زایدی ئیمارات و شێخ سەباحی کوێتم ووتوە کە ئەم کێشەیە بۆ ئێمە زۆر گەورەیە بۆ ئێمە وەکو مەسەلە عەرەبییەکەیش دەڵێت: بڕینی نانی خەڵکی لەسەربڕینیان خراپترە، بەڵام  ئەو دوو وڵاتە هیچیان نەکردووە. بۆ ئەم کێشەیەش لەگەڵ مەلیک فەهد و حوسنی موبارەک و مەلیک حوسێن قسەمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکە چارەسەر نەکراوە. 
لە وەڵامی ژنەکەدا هاتووە: جەنابی سەرۆک، ئێمە وەکو ئەمریکا دەسەڵاتمان بەسەر نرخی نەوتدا نییە، بۆ ئەم کێشەیەش لەگەڵ کوێت و ئیمارات، پێشنیاز دەکەین، لەڕێگەی وڵاتانی عەرەبییەوە کێشەکە چارەسەر بکرێت.
پاشان سەدام دەڵێت: ماوەی چەندین ساڵە، ئێمە دۆستەکانی ئێوەمان لە ناوچەکە لە هێرشی ئێران پاراستووە، ئێمە نەبوونایە، ئێران ئەوانی داگیردەکرد. لەمەدا سەدام مەبەستی وڵاتانی کەنداوە.

ئێمە پەیوەندییمان بە کێشەکەوە نییە
بەڵام ئایا گلاسپی لە دیدارەکەدا باسی ئەوەی کردووە کە ئێمە پەیوەندییمان بە داگیرکردنی کوێتەوە نییە؟! گلاسپی لە میانی قسەکانیدا ئەوەی بە سەدام ووتوە، بەپێی ئەو ڕێنمایانەی کە لەلایەن جەیمس بیکەر( ئەوکاتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە) هاتووە: ئێمە وەکو ئەمریکا دەستێوەردان لە کێشەکانی ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی ناکەین. واتە ژنەکە ئەم قسەیەی کردووە کە ئێمە پەیوەندییمان بە کێشەی ئێوە نییە، بەڵام لەڕاستیدا وەکو د. حەمیدیش دەڵێت: ژنەکە کاتێک ئەم قسەیەی کردووە، هێشتا  سەدام باسی داگیرکردنی کوێتی لەگەڵدا نەکردووە، بگرە ئەمە سەرەتای کێشەکە بووە. گلاسپی  دواتر لە سەدام دەپرسێت ئێوە بەنیازی چین و  بۆچی هێزی سەربازیتان لەسەر سنووری کوێت کۆکردۆتەوە، سەدامیش باسی داگیرکردنی کوێت ناکات و باسی ڕێگەچارەی ئاشتی دەکات بۆ کێشەکە. 

سەدام هەڕەشە دەکات
ئەوەی لەم دیدارە لە هەمووی سەیرتربوو لە لام، هەڕەشەکەی سەدام بوو لەئەمریکا.  سەدام دەڵێت: لەو شوێنەی کە تۆ دانیشتوویت، ساڵی 1975 ئیدریس بەرزانی دانیشتبوو، پێمووت بچۆ سڵاوی من بگەیەنە  باوکت و پێی بڵێ: ئەگەر ئامادەنەبێت بە  ڕێکەوتن و ئاشتی، ئەوا من ناچار دەبم سازش بۆ شای ئێران بکەم و ئێوەش لەناودەچن، ئەوان بە قسەیان نەکردم دواتر  بینیمان چۆن لەناوچوون.  بۆیە من ئامادەم بە ڕێگەی ئاشتی چارەسەری کێشەکان بکەم، بەڵام ئەگەر ناچاریش بم، ئەوا ڕێگەی تر دەگرمە بەر، تکایە دەمەوێت ئەم پەیامەم بە سەرۆکی ئەمریکا بگەیەنیت.  
واتە سەدام هەڕەشەی لە ئەمریکا کردووە، گەمژەیی سەدام لەوەدابووە، وایزانیوە ئەمریکا،  مەلامستەفای  بارزانییە کە بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ شای ئێراندا، لەناوی ببات، لەوکاتەدا واتە ساڵی 1990، دیواری بەرلین و بلۆکی خۆرهەڵات ڕووخاوە و  یەکێتی سۆڤیەتیش، لەوپەڕی لاوازییدا بووە، ئەمریکاش بۆتە تاکە زلهێزی جیهان، کەچی سەدامیش هەڕەشەی لێکردووە!.

دەرئەنجام
وەکو لە پرۆتۆکۆڵی کۆبوونەوەکەدا دەردەکەوێت، هیج کاتێک ئەمریکا هانی سەدامی نەداوە بچێت کوێت داگیربکات، هەروەها لە دیدارەکەدا بەهیچ شێوەیەک باسی داگیرکردنی کوێت نەکراوە، بەڵکو بەشێوەیەکی ئیجابی باسی کێشەکان کراوە، بەڵام ئەوەی ڕوونە کە ڕژێمی سەدام ویستوویەتی هەقیقەت و ڕاستییەکان بشێوێنێت، بەو  هیوایەی لە جیهاندا ئەمریکا وەکو هاندەرێک بۆ جەنگەکە پیشان بدرێت و خۆشی وەکو قوربانی دەربخات، تاڕادەیەکی زۆریش لەمەدا سەرکەوتوو بوو، من وەکو شەخسی خۆم هەتاوەکو ئەو بەڵگانەم نەبینی، پێموابوو کە ئەمریکییەکان هانی سەدامیان داوە بۆ داگیرکردنی کوێت، بەڵام لەڕاستیدا وانەبووە. 
دەگەڕێمەوە بۆئەوەی کە لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا، بەداخەوە ئێمە بە حوکمی ئەوەی سیستەمێکی دیموکراسیمان نییە، هەموو بڕیارە گرنگەکانیش لە ژووری تاریکدا دەدرێت، بۆیە ئاگاداری ڕاستی و دروستی کێشە و ڕووداوەکان نین،  دەسەڵات ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆیدا بێت، ئەوە بۆ خەڵکی باس دەکات، ڕاستییەکانیش دەشارێتەوە، هەربۆیە چەندین ساڵمان پێویستە، تاوەکو لە ڕاستی ڕووداوەکان بگەین. 
هیوادارم لە داهاتوودا ئەو پرۆتۆکۆڵەم دەستبکەوێت تاوەکو بیکەم بە کوردی یان هەرکەسێکی تر دەتوانێت دەستیبکەوێت بیکاتە کوردی، بەڕاستی ئەمە سوودێکی زۆری دەبێت بۆ مێژووی سیاسی ئەم وڵاتە، لەهەمانکاتیشدا بۆئەوەی لە ڕاستی ئەو ڕووداوە مێژووییە تێبگەین، کە چارەنووسی هەموو ناوچەکەی گۆڕی. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی